كازمی گۆمەكەی شڵەقاند
ئاژانس – بەغدا
كشانەوەی محەمەد عەللاوی لە پاڵێوراوی پۆستی سەرۆكوەزیران، عێراقی خستەوە سەر ئاگری شەڕێك كە ئەستەمە پێشبینیی دەرەنجامەكانی بكرێت، مەرجی گرووپە چەكدارە باڵادەستەكانی شیعە بۆ ئەو پاڵێوراوە وای كردووە، یەكلاییكردنەوەی ئەو پۆستە زیاتر ئەستەم بێت بە تایبەت كە بەم دواییە هەڕەشەی شەڕ كەوتە نێوان بەشێك لە پێكهێنەرانی حەشدی شەعبی و یەكێك لە پاڵێوراوانی سەرۆكوەزیرانەوە.
حزبووڵڵای عێراقی هەر زوو هەڕەشەی ئەوەی كرد كە ״عێراق دەسووتێنێت״ ئەگەر مستەفا كازمی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق بپاڵێورێت بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران لە پاش ئەوەی ناوبراو یەكێك بوو لەو كەسانەی چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەبوو.
لە بەرانبەردا دەزگای هەواڵگریی عێراق ئەو هەڕەشەیەی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە قەڵەم دا و هەڕەشەی ئەوەشی كرد كە ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی ئەو كەسانە دەگرنە بەر كە ئەو جۆرە هەڕەشە دەكەن.
ئەو هەڕەشەیەی گرووپەكەی حەشدی شەعبی لە مستەفا كازمی لەخۆڕا نەبوو، ئەبو عەلی عەسكەری، یەكێك لە سەركردە سەربازییەكانی ئەو گرووپە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر كازمیی تۆمەتبار كرد بەوەی ڕۆڵی لە كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هەبووە و هەڕەشەی لە سەرۆکكۆمار و سەرۆكی پەرلەمانیش كرد لەسەر ئەو پرسە.
هەرچەندە تویتەر ئەكاونتی ئەو بەرپرسە سەربازییەی لە پاش ئەو تویتە سڕییەوە، بەڵام مەترسی و ناكۆكیی سەر ئەو كار و كاردانەوەیە هەر بەردەوام بوو.
دەزگای هەواڵگریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا وتی: ״ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكیان نییە.״
لە پاش دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی پێشوو، ناوی مستەفا كازمی وەك پاڵێوراوی سەرەكی بوونی هەبوو، بەڵام دواتر بڕیارەكە گۆڕدرا بۆ محەمەد عەللاوی كە نەیتوانی حكومەت پێك بهێنێت.
بە پێی هەندێك سەرچاوە، كازمی جێگەی ڕەزامەندیی بەشێك لە هێزە سوننی و كوردییەكانە و نزیكیشە لە ویستی موقتەدا سەدر، سەرۆكی هاوپەیمانیی سائیرونەوە.
محەمەد عەلویە، چالاکوانی كۆمەڵگەی مەدەنیی خۆپیشاندانەكانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״كازمی نزیكە لە خۆپیشاندەرانەوە، بەڵام ئەو لایەنە سیاسییانەی چەكیان بە دەستەوەیە نایانەوێت ببێت بە سەرۆكوەزیران، چونكە ئەو دەتوانێت چەكیان بكات.״
ئەم دۆخە لە ناكۆكی لە نێوان بەشێك لە پێكهێنەرانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران و لایەنەكانی دیكەی شیعە بە دیاریكراوی موقتەدا سەدر، ئەگەر هەیە لەبارەی دیاریكردنی مستەفا كازمی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، دۆخەكە بە شێوەیەك ئاڵۆز بكات كە كۆنتڕۆڵ نەكرێت.
كامل غەریری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״ململانێی نێوان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و بەشێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی خەریكە كاریگەرییەكانی لەسەر شەقام دەردەكەوێت و عێراق بەرەو شیوێكی مەترسیدار دەبات كە تەنانەت خاوەن عەقڵەكانیش پێشبینییان نەدەكرد.
وتیشی: ״مەترسیی بەشێك لە گرووپە چەكدارەكان لە كازمی لەسەر ئەوەیە كە ئەگەر هەیە چەك بگەڕێنێتەوە دەستی دەوڵەت و زانیاریی تەواویشی هەیە لەسەر سەرجەم گرووپە چەكدارەكان شێوازی پڕچەككردن و پارەداركردنیان و پێشتریش چەندین جار لەسەر نایاسایی هەندێك لە مامەڵەی گرووپە چەكدارەكان كێشە كەوتووەتە نێوانیان.״
پێدەچێت كورسیی سەرۆكوەزیران ئەوەندە هەستیار بووبێت كە سنوورەكانی ململانێی تێپەڕاند بێت و ئەوەش ئاماژەیە بۆ مەترسیی دۆخی دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكوەزیرانی نوێ بە تایبەت كە ئەگەر كەسەكە كازمی بێت.
مەجید خەڵەف، مامۆستای زانستە سیاسییەكان بە ״ئاژانس״ی وت: ״مەترسیدارترین پرس لە ئێستای عێراقدا ئەوەیە كە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی وڵات تۆمەتبار بكرێت، لە كاتێكدا دەبێت ئەو دامەزراوەیە بە متمانەترین بێت لە لای هاووڵاتییان.״
وتیشی: ״ئەو تۆمەتباركردنەی كازمی لە لایەن بەشێك لە گرووپە چەكدارەكانەوە مەترسیدارە و هەوڵە بۆ هەژموونكردنی بڕیاری سیاسی.״