ڕێبین محهمهد
سەرەڕای ئەوەی كە ئێستا داعش لە بەرەكانی شەڕدا لە پاشەكشەدایە و ئەگەری ئەوەش هەیە كە لە كەمتر لە ساڵێك بە تەواوی كۆتایی بە نەهامەتییەكانی ئەم ڕەوتە توندڕەوە لە ڕووی سەربازییەوە بهێنرێت و لە عێراق و لەسەر كوردستانیش مەترسییەكە بەرەو لەناوچوون بچێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە بیری لێ بكرێتەوە ئەوەیە، ئایا بە لەناوچوونی داعش توندڕەوییش بنەبڕ دەبێت، یان دیاردەكە دەچێتە قۆناغێكی نوێ و بە فۆڕمێكی تر سەرهەڵدەداتەوە، ئەوەی پەیوەندیی بە فیكری دینییەوە هەیە لە كوردستاندا گرنگ ئەوەیە كە ئیسلامییەكان بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتییش ئەو لایەنانەی كە ئێستا بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسیدا بە گرنگییەوە سەیری ئەم ڕووداوانە بكەن و هەروا بێ پلان و توێژینەوە و تێڕامانێكی زانستی بەسەریاندا گوزەر نەكات، چونكە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و درووستكردنی وێنەیەكی میانڕەو و لێبوردەیی بۆ دین لە كۆمەڵگەی كوردیدا بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، لەبەرئەوە دەبێت هەموان دڵنیا بن كە بە لەناوچوونی داعش توندڕەوی و تیرۆر كۆتایی نایەت، چونكە لە كوردستانیشدا پێش هاتنی داعشیش شەپۆلێكی توندڕەوی ڕووی كردە كوردستان كە خۆی لە ئەنسارولئیسلام و جوند و هاوشێوەكانیاندا خۆی دەبینییەوە كە هەڕەشەیەكی ترسناكیان لەسەر كۆمەڵگەی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا درووست كرد و هەڵسوكەوت و مامەڵەی ئەم گرووپە توندڕەوانە وێنەیەكی ناشرینیان بۆ ئیسلام درووست كرد و بۆ بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێم بوونە مایەی كارەسات و نەهامەتی، بەڵام خۆشبەختانە ئەم ڕەوتانە هەرزوو پووكانەوە و لەناو چوون، بەڵام سەرەڕای ئەوانە وەك ڕەوتی سیاسی نەمان، بەڵام ئەم جۆرە بۆچوونە توندڕەوییە لە هەر كاتێكدا ئامادەی گەشەكردن و سەرهەڵدانەوەیە ئەویش لەبەر كۆمەڵێك هۆكار:
1- ئەگەر سەیری كولتوور و مێژووی ئیسلامی بكەین پڕیەتی لە فەتوا و بۆچوونی توندڕەوانە و هەرخۆشی چەندەها دیاردەی توندڕەوی و خوێنرێژی تیادا ئەنجام دراوە، لەبەرئەوە ئەگەر هەر موسڵمانێك ئەو كولتوورە بكات بە مەرجەع هەمان تاك درووست دەكاتەوە.
2- پەرەسەندنی تاكڕەوی و لاوازبوونی ڕۆڵی یاسا و برەو پەیداكردنی گەندەڵی و هێزی میلیشیا و لاوازكردنی ڕۆڵی پەرلەمان و دامەزراوە شەرعیەكان و حكوومەت و دادگاكان.
3- سودوەرگرتنی هەندێك هێزی هەرێمایەتی و دەوڵەت كە دژن بە گەشەكردنی سیستمی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی.
4- لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەشدا هەوڵێك هەیە بۆ ناشیرینكردنی ئیسلام و ڕەوتی میانڕەوی و دەیانەوێت لە ڕێگەی هاوكاری ئەم گرووپە تیرۆریستییانەوە ئەم ڕەوتە و ئیسلامیش ناشیرین بكەن.
5- هەڕەشەی هەندێك گرووپ و كەسایەتی ئیسلامییەكان لەسەر بەكارهێنانی توندوتیژی و هەڵگرتنی چەك بۆ بەرەوڕووبوونەوەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا.
لەبەر ئەم هۆكارانە و چەندان هۆكاری تر، لەم وڵاتانە و لە كوردستانیشدا زەمینەی گەشەكردنی تیرۆر و توندوتیژی لە ئارادایە، بەتایبەتیش بەناوی دینەوە، چونكە لە ئێستادا هەموو ئەو توندڕەویانەی كە لەم ناوچەیەدا دەكرێت مۆركێكی ئاینیان پێوە دیارە، لەبەرئەوە ئەركی ئیسلامییەكان لە هەموو لایەنەكانی تر زۆرترە كە كارێكی جدی بكەن لەسەر بەرەوڕوبوونەوەی توندڕەوی و تیرۆری گرووپە تیرۆرستییەكان، ئەویش بە وشك كردنیان لەڕووی سەرچاوەی فیكریەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە كە ئەم ئەركە بە كارێكی گرنگ و بەرپرسیاریەتێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی وەری بگرن و بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا كۆنفڕانسێك ببەستن لەژێر دروشمی (بۆ وشككردنی سەرچاوە فیكرییەكانی فیكری توندڕەوی) پاشان پلانیان هەبێت، چۆن ئەم بۆچوونانە بگەنە كۆمەڵگە مسوڵمانەكە بەتایبەتی گەنجان، لەم كۆنفرانسەشدا پێداچوونەوە بكەن بە هەندێك چەمكی وەك (الولاء و البراء، الجهاد، …هتد) و كۆمەڵێك چەمكی تری ئیسلامی، لە هەمان كاتدا تیرۆر و توندوتیژی وەك چەمكێكی نائیسلامی پێناسە بكەنەوەو فەتوای تەحریم دەربكەن لەسەر هەر موسڵمانێك كە پیادەی بكات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی كە تا ئێستا لە ئیسلامییەكانی كوردستاندا بینراوە تەنیا شێوازێكی ڕۆتینییە و نەچووهتە بواری توێژینەوەی فیكری و ڕووبەڕووبوونەوەیەكی زانستییانە لە بەرامبەر ئەو فیكرە مونحەریفانەی كە داعش و هاوشێوەكانیان هەیانە، لەبەر ئەوە بەشێوەیەكی شێلگیرانە نەیانتوانیوە كار بكەن لەسەر پەراوێزخشتن و كردنە دەرەوەی فیكری تودڕەوی لە بنەما جەوهەرییەكانی ئیسلام و بەمەش ئیسلامییەكان ئەوەندەی سەرقاڵی سیاسەت و حزبایەتین، ئەوەندە سەرقاڵی توێژینەوە و فیكر و بیركردنەوەی ستراتیجی نین، لەبەرئەوە لە ئێستاوە ئەركێكی گرنگتر لە حزبایەتی دەكەوێتە سەرشانیان، ئەویش ئەوەیە كە ململانێ سیاسەكان تێكەڵ بە دین نەكەنەوە، بەڵكو ئیسلام وەك ئایینی گشتی كۆمەڵگە سەیر بكەن و ئایینیش نەبەنە ناو خاڵی ململانێ سیاسەكان، چونكە لەوێدا ئایین ڕۆڵێكی سلبی دەبینێت و دوریش نییە كەسانێك هەبن سوود لەم كایە وەربگرن بۆ برەودان بە فیكری توندڕەوی. ئیسلام لە مێژوو كولتووری كوردیدا وێنەیەكی جوانی هەبووە لە لێبوردەیی و پێكەوەژیان و ئاسانكاری و ڕێزگرتن لە مافی كەمینەكان و لە بواری كۆمەڵایەتییشدا هێمای خۆشەویستی و هاوكاری و بەخشندەیی بووە، لە بواری سیاسیشدا فاكتەرێكی بەهێز بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان و بەهێزكردنی گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی لای تاكی كورد، لەبەر ئەوە دەبێت ئیسلامییەكان جارێكی تر پێداچوونەوە بە جیهانبینی و دید و تێڕوانیینەكانیاندا بكەنەوە و بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێنەوە بۆ كولتوور و ڕای زانایانی كورد و ئەو جیهانبینییە ئایینییەی كە سەرچاوەیەكی كوردی هەیە، بە تایبەتی سوودوەرگرتن لە دیدو بۆچون و پەیامەكانی زانای گەورەی كورد مامۆستا سەعید نورەسی و چەندان زانای تری كورد كە وەك ئەستێرەیەكی درەوشاوە وان لە مێژوو و شارستانییەتی ئیسلامیدا و سەرچاوەیەكی گەورەی زانست بوون بۆ كورد و گەلانی موسڵمان.