فه‌رهاد غه‌ريب
له كۆتا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دوای مشتومڕێكی زۆر، مه‌سرور بارزانی كوڕه‌گه‌وره‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك كاندیدی حزبه‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌م له شوێنی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای ده‌ستنیشان كرا، به‌مه‌ش كۆتایی به دهوڵهتمهدارێتیی نزیكه‌ی 17 ساڵی نێچیرڤان بارزانی هێنرا وه‌كو باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی له كوردستاندا، كه هه‌ندێك به كۆتایی ژیانی سیاسیی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی ناو ده‌به‌ن.
ئه‌م ئاڵۆگۆڕه بنه‌ماڵه‌ییه سه‌ره‌تاكانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغه‌كانی پێش و دوای پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم، كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نێچیرڤان بارزانی و داموده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی وه‌كو پێویست له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌دا نه‌بوون، هه‌نگاوه‌كانی دواتری بارزانیی برازا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و وڵاتانی هه‌رێمایه‌تیدا، پرسی گۆڕین و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و زاته‌ی له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی كرده ئه‌مری واقع، به‌تایبه‌ت تا ده‌هات مه‌سعود بارزانی له دیدار و كۆڕوكۆبوونهوهی حزبه‌كان و ده‌ره‌وه‌ی حزبییه‌كاندا كاری بۆ فراوانكردنی نفووزی بارزانیی كوڕ ده‌كرد.
ده‌ستنیشانكردنی بارزانیی كوڕ بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت، سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیدار ده‌بێت بۆ كه‌نارخستن و دابڕانی یه‌كجاره‌كیی بارزانیی برازا له هاوكێشه سیاسییه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌گه‌رچی له دواكۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتیدا به‌ڵێن به‌و كاره‌كته‌ره دراوه كه پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی پێ بدرێت، به‌ڵام ئه‌م پۆسته له پێشوودا و له داهاتووشدا جێگه‌ی مشت‌ومڕ و زۆرترین ناكۆكی بووه، ته‌نانه‌ت بۆ بارزانیی باوكیش! كه دواجار ژیانی سیاسیی ئه‌ویشی پێچایه‌وه. بۆیه ڕه‌نگه بۆ بارزانیی برازا كێشه‌كان زۆر له‌وه زیاتر بن كه پێشبینی ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌یه ئه‌و كورسی و پۆسته هه‌ر به فه‌زائی بمێنێته‌وه.
چۆڵكردنی لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی له لایه‌ن نێچیرڤان بارزانییه‌وه، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر توانا ئابووری و دارایی و میدیاییه‌كانی ئه‌م زاته ده‌بێت كه له ماوه‌كانی ڕابردوودا وه‌كوو ئێمپراتۆرییهتێكی تۆكمه له خزمه‌تیدا بوون و به هۆیه‌وه تا ده‌هات نفووزی له‌ناو ته‌واوی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا له هه‌ڵكشاندا بوو، كه ئه‌مه‌ش جێی ترس و نیگه‌رانی بوو لای نه‌وه‌كانی بارزانیی باوك، به‌تایبه‌ت له پرسی مه‌له‌فی نه‌وت و مامه‌ڵه ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیادا، بۆیه یه‌كێك له پاڵنه‌ره‌كانی دوورخستنه‌وه‌ی بارزانیی برازا له حكومه‌تدا، ده‌ستگرتنه به‌سه‌ر ئه‌و ئیمپراتۆرییه‌ته ئابوورییه‌دا كه خودی نێچیرڤان بارزانیی ئه‌ندازیار و مه‌ئمووری سه‌ره‌تا و كۆتایی بووه. ته‌نانه‌ت له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتیدا ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه كراوته‌وه و هه‌ندێك له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه‌ی بارزانیی برازا نه‌بوون، به پاساوی ئه‌وه‌ی كه دۆخی ئابووریی هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیادا تووشی گرفتی گه‌وره ده‌بن.
له‌ناو ژینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و بنه‌ماڵه حكومدارهكاندا نموونه‌ی ئه‌و جۆره گۆڕانكارییانه زۆرن كه له شه‌ووڕۆژێكدا كۆتایی به ژیانی سیاسیی چه‌ندین كاركته‌ری دیار هێناوه، مه‌لیك حسێن پادشای ئوردن له سه‌ره‌مه‌رگدا ده‌سه‌ڵاتی جێنشینی له حه‌سه‌ن تهلاڵی برای سه‌نده‌وه و دایه عه‌بدوڵڵای كوڕی و به‌وه‌ش ته‌مه‌نی سیاسیی حه‌سه‌ن ته‌لاڵ كۆتایی هات، كه یه‌كێك بوو له دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ئوردن، هه‌روه‌ها سه‌لمانی پادشای سعوودییه هه‌مان كاری له‌گه‌ڵ محمه‌مه‌د بن نایفی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌لسعوود كرد و له جێنشینی دووری خسته‌وه و له بری ئه‌و محمه‌دی كوڕی هێنایه شوێنی. ئه‌م جۆره مۆدێلانه پێمان ده‌ڵێن كه ته‌مه‌نی سیاسیی نێچیرڤان بارزانییش نزیكمان ده‌كاته‌وه له هه‌مان ئه‌و سیناریۆیانه، سه‌رباری جیاوازیی شوێن و پێگه و جۆری گۆڕانكارییه‌كان.