״ئه‌گه‌ر هه‌یه هێرش بكرێته سه‌ر ئه‌و كێڵگانه‌ی به ده‌ست سامانه سرووشتییهكانهوهن״
ئاژانس – عیماد جه‌بارى
كۆمپانیای (كار)ی نزیك له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه 12 ملیۆن دۆلاری له نه‌وتی كه‌ركوك ده‌ست ده‌كه‌وێت كه به بڕیارێكی به‌غدا بۆ پاڵاوگه‌كانی ده‌نێرێت و په‌رله‌مانتارێكی شارهكەش هۆشداریی ئه‌وه ده‌دات كه ئه‌گه‌ر هه‌یه هاووڵاتییانی كه‌ركوك هێرش بكه‌نه سه‌ر ئه‌و كێڵگه نه‌وتییانه‌ی به ده‌ست وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییهكانهوهن، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.
سبه‌ی پێنجشه‌ممه ئه‌و واده‌یه كۆتایی دێت كه دانرابوو بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی داواكاریی كه‌ركوك سه‌باره‌ت به پرسی نه‌وت كه ئاڕاسته‌ی حكوومه‌تی ناوه‌ندیان كردبوو، كه ئامانجی سه‌ره‌كیی سوودمه‌ندبوونی هاووڵاتییانی شاره‌كه‌یه له هه‌نارده‌ی نه‌وته‌كه‌ی.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه به پێی زانیارییه‌كانی ״ئاژانس״ زیاتر له دوو هه‌فته‌یه به بڕیارێكی حكوومه‌تی ناوه‌ندی ڕۆژانه 40 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوك ده‌درێته پاڵاوگه‌یه‌كی كۆمپانیای كار و له به‌رامبه‌ردا بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بڕی 10 دۆلار به كۆمپانیای كار ده‌درێت كه مانگانه ده‌كاته 12 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
پێ ده‌چێت بێنهوبهردهكان له‌سه‌ر نادیاریى داهاتى نه‌وتى كه‌ركوك درێژه بكێشن، هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێم و ناوه‌ندى تۆمه‌تبار ده‌كرێن به بردنى نه‌وتى شاره‌كه و داهاتهكهشى له لاى كه‌ركوكییه‌كان به نادیارى ده‌مێنێته‌وه.
به پێى زانیارییه‌كانى به‌رده‌ست ״ئاژانس״، له ڕێگه‌ى هه‌رێم و حكوومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه ڕۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى به‌نده‌رى جه‌یهان ده‌كرێت ئه‌وه جگه لە هه‌نارده‌ى نه‌وت به ته‌نكه‌ر.
له هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت زیاتر له دوو هه‌فته‌یه له به‌رامبه‌ر پاڵاوتنى یه‌ك به‌رمیل نه‌وتدا 10 دۆلار ده‌درێت به كۆمپانیاى كارى نزیك له نێچیرڤان بارزانی.
نادیاریى داهاتى نەوتی كه‌ركوك وای كرد له 2ی ئاداری 2017 هێزێكی تایبه‌تی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی جووڵه‌ی كرد بۆ ناو كۆمپانیای نه‌وتی باكوور و هه‌نارده‌ی نه‌وتیان بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك ڕاگرت، لێپرسراوانى یه‌كێتیى له كه‌ركوك مۆڵه‌تی هه‌فته‌یه‌كیان دا به به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی كه‌ركوك جێبه‌جێ بكات، گرنگترینیان دامه‌زراندنی پاڵاوگهیهكه له شاره‌كه.
شه‌وقی محه‌مه‌د، فه‌رمانده‌ی هێزه تایبه‌ته‌كه‌ی یه‌كێتیی ناسراو به هێزه ڕه‌شه‌كه، به ״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند هێزه‌كانیان تا ئه‌و كاته‌ی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ند فه‌رمانیان پێ ده‌کات له شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه و هه‌رچییه‌كیش پێویست بكات وه‌كو سه‌رباز جێبه‌جێی ده‌كه‌ن.
فه‌رمانده‌ی هێزه‌كه، وتیشى: ״له ئاماده‌باشیی ته‌واودان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هێزێك بیه‌وێت له دژیان بجووڵێت جا هه‌ر ناسنامه‌یه‌كی هه‌بێت״.
دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش و داگیركردنی ناوچه‌كانی باشوور و ڕۆژئاوای كه‌ركوك، پارتی دیموكراتی كوردستان له ڕێگای هێزێكه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر كێڵگه‌كانی بای حه‌سه‌نی باكوور و بای حه‌سه‌نی باشوور و هاڤانادا گرت له سنووری قه‌زای دوبز كه له سه‌دا 60ی كێڵگه‌كانی كه‌ركوك پێك ده‌هێنن.
كێڵگه‌كانی بابه گوڕگوڕ و خه‌بازه و جهمبووریش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمپانیای نه‌وتی باكووردا ماونه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه و پیشه‌سازی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به ״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند ״به‌غدا و هه‌ولێر ڕێك كه‌وتوون له‌سه‌ر به‌تاڵانبردنی نه‌وتی كه‌ركوك و پشتگوێخستنی شاره‌كه״.
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئاماژه‌ی به‌وه كرد به پێی ڕێككه‌وتنى نێوان پارێزگارى كه‌ركوك و وه‌زاره‌تى نه‌وت، ده‌بوایه به‌غدا شایسته داراییه‌كانی كه‌ركوكی بپاراستایه و گه‌شه‌ی به پاڵاوگه‌كه‌ی كه‌ركوكیش بكردایه، به شێوه‌یه‌ك له 30 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌وه بكرایه‌ته 70 هه‌زار به‌رمیل تاوه‌كو له ڕێگای پاڵاوتنه‌وه به‌روبوومه نه‌وتییه‌كانی دیكه‌ی شاره‌كه‌ی دابین بكردایه، كه‌چی هیچ یه‌كێك له‌م خاڵانه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
به پێی نووسراوێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له 29ی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی وه‌كو سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه ئیمزای كردووه له‌سه‌ر پێدانی 10 دۆلار به كۆمپانیای كار له به‌رامبه‌ر پاڵاوتنی هه‌ر به‌رمیلێك له‌و نه‌وته خاوه‌ی له كه‌ركوكه‌وه ڕه‌وانه‌ی پاڵاوگه‌ی ئاسكی كه‌ڵه‌ك ده‌كرێت.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه و پیشه‌سازیی پارێزگاكه ئاشكرای كرد، ماوه‌ی زیاتر له دوو هه‌فته‌یه ڕۆژانه 40 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوك هه‌نارده‌ی پاڵاوگه‌ی ئاسكی كهڵەك كراوه كه له لایه‌ن كۆمپانیای كاره‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت و له بری پاڵاوتنی هه‌ر به‌رمیلێكیش 10 دۆلار له به‌غدا وه‌رده‌گرن و دواتریش به‌رهه‌مه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی موسڵ ده‌كرێت.
به‌م پێیه بێت كۆمپانیاى كار ڕۆژانه 400 هه‌زار دۆلار کە مانگانە دەکاتە ١٢ ملیۆن دۆلار له نه‌وتى كه‌ركوكى ده‌ست ده‌كه‌وێت.
به پێی زانیارییه‌كانی ״ئاژانس״ كه له سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه ده‌ستی كه‌وتووه، له دوای كۆنتڕۆڵكردنی وێستگه‌ی سه‌ره‌كیی ئای تی وه‌ن له سنووری ناحیه‌ی یایچی كه كۆنتڕۆڵی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ به‌نده‌ری جەیهان ده‌كات، له زاری ئهندازیارهكانهوه زانراوه كه ڕۆژانه بڕی 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له كێڵگه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمپانیای نه‌وتی باكوور و 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی دیكه‌ش له كێڵگه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانه‌وه هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جەیهان ده‌كرێت له توركیا، ئه‌مه‌ش جگه له هه‌نارده‌كردنی بڕێكی دیكه له ڕێگای تانكه‌ره‌وه.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، به پێی ئاماره ڕه‌سمییه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتى عێراق، ڕۆژانه ته‌نیا 110 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له كێڵگه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی باكووره‌وه هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جەیهان ده‌كرێت، سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایش پێداگرى كرد ״بۆیان ده‌ركه‌وتووه به‌غدا و هه‌ولێر ههماهەنگن له‌سه‌ر به‌تاڵانبردنی نه‌وتی كه‌ركوك״ به دووریشی نازانێت ئه‌و ئامارانه‌ی له باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی شاره‌كه‌وه ده‌خرێنه ڕوو ساخته و ناته‌ندرووست بن.
به پێی كۆنووسی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ى 10ی مانگی دووه‌می 2017 له نێوان پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت و دارایی و كاره‌بادا ئیمزا كراوه لایه‌نه‌كانی نێو ڕێككه‌وتنامه‌كه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی 7 خاڵ پابه‌ند كراون.
له ڕێككهوتننامهكهدا وه‌زاره‌تی نه‌وت پابه‌ند كراوه به دانه‌وه‌ی قه‌رزی ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ی بڕی 250 مێگاوات كاره‌با بۆ شاره‌كه دابین ده‌كات، هاوكات ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ربڕدراوه له‌سه‌ر درووستكردنی پاڵاوگهیهك له لایه‌ن كۆمپانیای به‌رهه‌م و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی باكووریش.
له به‌رامبه‌ریشدا ڕۆژانه 40 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاوی كه‌ركوك هه‌نارده بكرێت بۆ پاڵاوگه‌ی ئاسكی كه‌ڵه‌ك كه له لایه‌ن كۆمپانیای كاره‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت و 20 هه‌زار به‌رمیلی دیكه‌ش هه‌نارده‌ی پاڵاوگه‌ی قه‌یوان له سلێمانی بكرێت و 25 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ش بۆ وێستگه‌ی قودس له به‌غدا بنێردرێت.
محه‌مه‌د عوسمان، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له پشكی یه‌كێتیی به ״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق پابه‌ند نه‌بێت به جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كان ئه‌وكات خه‌ڵكی تووڕه‌ی كه‌ركوك چیتر ئه‌م سته‌مه قبووڵ ناكه‌ن و هه‌ركاتێكیش ڕژانه سه‌ر شه‌قام ئیتر هیچ كه‌سێك توانای كۆنتڕۆڵكردنیانی نابێت.
محه‌مه‌د عوسمان، به دووریشی نه‌زانی خه‌ڵكی شاره‌كه هه‌ر له ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی باكوور نه‌وه‌ستن و هێرش بكه‌نه سه‌ر ئه‌و كێڵگانه‌شی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمن و چیتر ڕێگا نه‌ده‌ن به تاڵان ببرێت.