ئاژانس
لەسەر پێشنیاری كۆمەڵی ئیسلامی دوو كۆبوونەوە لەنێوان ئەو حزبە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كراوە و بڕیارە لە كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتیی هەردوولادا ڕێکكەوتنێك ئیمزا بكەن.
ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو 3ی ئازاری 2019 كۆمەڵی ئیسلامی و یەكێتیی نیشتمانی لەسەر ئاستی باڵا لە شاری هەولێر لە مەكتەبی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كۆبوونەوە و لە دوای كۆبوونەوەكەش هەردوولا باسیان لە ئیمزاكردنی ڕێکكەوتننامەیەك كرد لەنێوانیاندا.
ئەندامێكی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ڕێكکەوتنی یەكێتیی و كۆمەڵ بۆ ئەوەیە كە تاكڕەویی پارتی كۆتایی پێ بێت، بە جۆرێك لەسەر ئاستی حكومەت و پەرلەمان لە هەرێم و ناوەند كاری هاوبەش دەكەین״.
ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״سەرەتا كۆمەڵی ئیسلامی پێشنیاری ڕێکكەوتنی سیاسییان پێشكەشی یەكێتیی كردووە و بە شێوەیەكی گشتی هەنگاوێكی زۆر باش نراوە.״
وتیشی: ״لە دووەم كۆبوونەوەی نێوان یەكێتیی و كۆمەڵی ئیسلامیدا گەیشتووین بە ئاستی لێكتێگەیشتن بۆ ئەنجامدانی ڕێكکەوتنی سیاسیی نێوانمان، بۆ ئەم مەبەستەش مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی و ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵ بەم نزیكانە كۆ دەبنەوە و لەسەر چۆنیەتی ڕێكکەوتنەكە گفتوگۆ دهکهن و خاڵهکانی دیاری دهکهن.״
شوان ڕابەر، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״كۆبوونەوەی 3ی ئازار لە نێوان یەكێتیی و كۆمەڵ بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەردولا بووە، تا ئەو ڕادەیەی ئەگەر پێویست بكات، ئامادەین ڕێكکەوتن لە نێوانماندا ئیمزا بكەین، بەڵام تاكو ئێستا ئاست و جۆری ڕێكکەوتنەكە دیاری نەكراوە.״
وتیشی: ״ئەو ڕێكکەوتنە لە سەر حساب و دژی هیچ كەس و لایەنێك نابێت، بەڵكو بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی كۆمەڵ و یەكێتییە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا.״