ئاژانس
خانمە گۆرانیبێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لامیا یەکەمین بەرهەمی خۆی بە زمانی کوردی بڵاو کردەوە و بە وتەی خۆیشی کارەکە ئەزموونێکی گرنگ بووە بۆ ئەو.
لامیا کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بە زمانی فارسی گۆرانی دەڵێت لە بارەی یەکەم ئەزموونی خۆی بە زمانی کوردی بە ئاژانسی وت: “بەرهەمە نوێکەم بە ناوی (بۆ خۆشەویستی)یە، کە یەکەم کارمە بە زمانی شیرینی کوردی و لە شاری سلێمانی بەرهەمم هێناوە، ئەمەش ئەزموونێکی جوان و ناوازەیە بۆ من.”
لامیا وتیشی: “کاری تۆمارکردنی بەرهەمەکە لە لایەن هونەرمەند ئاریۆس ئەنجام دراوە و هۆنراوەی حەمە ئیبراهیمە و کاری دەرهێنانی لە لایەن ڕەواوە بۆ کراوە.”
هەر لەسەر بەرهەمەکە هونەرمەند ئاریۆس بە “ئاژانس”ی وت: “هونەرمەند لامیا یەکێکە لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان لە ئێران و بە زمانی فارسی گۆرانی دەڵێت، ئەو کۆمپانیا هونەرییەی کە گرێبەستی لەگەڵ ئەودا هەیە بە ناوی ئاڤا میوزیک هەمان کۆمپانیایە کە گرێبەستی لەگەڵ هونەرمەند موعین و جەمشید و چەندین هونەرمەندی ناوداری دیکەی فارسدا هەیە و ئەوان پەیوەندییان پێوە کردم کە گۆرانییەکی بۆ ئامادە بکەین و بە خۆشحاڵییەوە کارەکەمان بەرهەم هێنا و لە ماوەیەکی کەمدا دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە.”