ئاژانس
ڕۆژی ١٥ـی شووباتی ئەمساڵ، دوو گەنجی ڕۆژئاوای کوردستان، کە دەیانویست خۆپیشاندان لە بەردەم کونسوڵی گشتیی تورکیا لە شاری هەولێر بکەن بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دەستگیر دەکرێن و تا ئێستاش چارەنووسیان دیار نییە، ئەو ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ دەستگیرکردنی ٢٢ گەنجی تری هاوسۆزی پەکەکە و هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری هەولێر لە ماوەکانی ڕابردوودا.
١٥ـی ئەم مانگە یادی ١٨ ساڵەی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بوو، بەو بۆنەیەشەوە لە شاری هەولێر لایەنگرانی ئەو پارتە ویستیان لە بەردەم کونسوڵخانهى گشتیی تورکیا خۆپیشاندان بکەن و داوای ئازادکردنی ئۆجەلان بکەن، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە ڕێگرییان لێ کرا و دوو گەنجیش بە ناوەکانی ״ئەحمەد حاجی جمو، شڤان یوسف ئیسماعیل״ دەستگیر کران کە تا ئێستا نادیارن.
فەخری سەلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی یەكێتیی گەنجانی ڕۆژئاوای كوردستان، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״ماوەیەكە هێزە ئەمنییەكانی پارتی فشاری زۆریان بۆ هێناون و بەردەوام چاودێرییان دەكەن، تا ئێستا 22 گەنجی ڕۆژئاوای كوردستان بەبێ هیچ هۆیەكی ڕوون و ئاشكرا دەستگیر كراون.״
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گەنجانی ڕۆژئاوا ئاماژە بەوەش دەكات، پێویستە پارتی دەست لە دژایەتیی ئیرادەی سیاسیی ئەوان هەڵبگرێت.
لە هەمان ساڵیادی دەستگیرکردنی ئۆجەلاندا، زیاتر لە ٥٠ گەنجی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەرەو هەولێر بەڕێ کەوتن بە مەبەستی خۆپیشاندان، بەڵام لە بازگەی پردێ ڕێگرییان لێ کرا و گەڕێندرانەوە، هاوکات ڕۆژی 12/2/2017 هێزەكانی ئاسایشی هەولێر ڕێگە لە بڵاوكردنەوەی كتێبێك دەگرن كە باس لە ژیانی سیاسی و چەكداریی ״ساكینە جانسز״ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پەكەكە دەكات كە ناوبراو لە 12/2/2013دا لە فەڕەنسا كوژرا و دوو لەو گەنجانەش دەستگیر دەکەن کە کتێبەکەیان هێناوەتە هەولێر بە ناوەکانی ״خالید محەمەد و ماهیر عەزیز״.
لە ڕۆژی 15ی شووباتیشدا كاتێك خالید قۆشتەپەیی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی، سەردانی پارێزگای هەولێر دەكات بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان بە مەبەستی خۆپیشاندان لە ساڵیادی دەستگیركردنی ئۆجەلاندا، دەستگیر دەکرێت. بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ 20ی مانگی ڕابردوو هێزە ئەمنییەكانی هەولێر دوو هاووڵاتیی دیكەی باكووری كوردستانیان بە ناوەكانی ״محەمەد ڤەفا و سەلیم قەرەجەمشید״ لە شاری هەولێر دەستگیر كردووە، پێشیان ڕاگەیەنراوە نابێت لە هەولێر دانیشن و دەبێت ماڵەکانیان بگوازنەوە.
نەریمان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای دیموكراتی، بە ״ئاژانس״ی وت: ״پارتی ڕێگە بە چالاكیی ئەندامەكانی ئێمە نادات لە سنووری دەسەڵاتی خۆی״.
ئەندامەكەی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی ئاماژە بەوەش دەكات ئەندامەكانیان لە ئاسایش زیندانی كراون و ڕێگە نادرێت ببینرێن و پارێزەریشیان بۆ بگیرێت.
״ئاژانس״ بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی لایەنە ئەمنییەكانی هەولێر پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر و ئاسایشی هەولێرەوە كرد، بەڵام به بیانووی نهێنیی ئەمنییهوه ئامادە نەبوون لەسەر ئەم پرسە قسە بكەن.