پارتی دەیەوێت لە ڕێگەی حزبە بچووکەکانەوە هەژموونی خۆی بسەپێنێت
ئاژانس – سەرچین ساڵح
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کە دەکەوێتە مانگی ٩ـی ئەمساڵەوە، هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەڵێن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم جێگەی متمانە نییە و بە حزبی کراوە.
پەرلەمانی كوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2014دا یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمی پەسەند كرد، دواتر ئەنجوومەنی كۆمیسیۆن لە لایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێ درا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پۆستەكانی ئەنجوومەنی كارگێڕیی كۆمیسیۆن لە لایەن یەكێتیی و پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان و هەر یەك لە یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامییەوە پڕ كرانەوە، ئەمەش ناڕەزایی حزبەكانی تری لێ كەوتەوە و ڕایانگەیاند كۆمیسیۆن لە لایەن پێنج حزبەکەوە قۆرخ كراوە و جێگەی متمانە نییە.
ئەبو كاروان، سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، شێوزای پێكهاتنی كۆمیسیۆنەكە تەواو حزبییە و دەبوو بە پێی سیڤی و شارەزایی پۆستەكان پڕ بكرێنەوە و سەربەخۆ بوایە.
ئەو وتی: ״گومانمان هەیە ئەو پێنج حزبە بە ڕێککەوتنیان دەستکاریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەن، بۆیە داوای بێلایەنی و سەربەخۆیی ئەم ئەنجوومەنە دەكەینەوە.״
بە بڕیاری ژمارە 10 ساڵی 2014 پەرلەمانی كوردستان یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی پەسەند كرد، لە یاساكەدا هاتووە كۆمیسیۆنەكە لە هەردوو ئەنجوومەنی كۆمیسیۆن و كارگێڕی پێك دێت. كۆمیسیۆنی ئەنجوومەن لە 9 ئەندام پێك دێت و لە لایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێ دەبەخشرێت. كۆمیسیۆنی كارگێڕی لە نووسینگەكانی كۆمیسیۆن و نووسینگەی هەڵبژاردنەكان پێك دێت كە لە ئێستادا ژمارەیان 12 پۆستە، كاری كۆمیسیۆنەكەش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتی و ڕاپرسییەكانی هەرێمی كوردستانە.
هەروەها دوێنێ حکومەتی هەرێم بودجەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد.
فازڵ بەشارەتی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، بە ״ئاژانس״ی وت: ״پێمان باشە جگە لە پێنج حزبەکە ئەو حزبانەش لە کۆمیسیۆنەکەدا بەشدار بن کە لە پەرلەماندا هەن.״
باسی لەوەش کرد ئەوە حەقی ئەو لایەنانەیە کە گومان لەو کۆمیسیۆنە بکەن و بە پێویستیشی زانی نوێنەریان لە کۆمیسیۆنەکەدا هەبێت.
بە پێی ڕێككەوتنی لایەنەكان پۆستەكانی ئەنجوومەن كە نۆ پۆستە دابەش كراوە بەسەر پێنج حزبی سەرەكیدا، بە شێوەیەك پارتی سێ ئەندام و هەر یەكە لە یەكێتیی و گۆڕان یەكی دوو ئەندام و یەكگرتوو و كۆمەڵ بە یەكی ئەندامێك بەشدارن لە هەیكەلی كۆمیسیۆنەكەدا.
زمناكۆ جەلال، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی ئەو بزووتنەوەیە بە ״ئاژانس״ی وت: ״كۆمیسیۆن لە لایەن پەرلەمانەوە و بە پێی یاسا پێك هێنراوە، بۆیە قسەی لەسەر ناكەم.״
مانگی ٩ـی ئەمساڵ وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت ئاخۆ ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام دەدرێت یان نا، بەڵام لە ئێستاوە بەشێک لە هێز و لایەنەکان گومانەکانیان سەبارەت بە کۆمیسیۆن ئاشکرا دەکەن.
ڕێواز فایەق، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا، پێویستە کۆمیسیۆن سەربەخۆ بێت، بەڵام کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم سەربەخۆ نییە و بە ڕێککەوتنی پێنج لایەنەکە پێک هاتووە.
فایەق بە ״ئاژانس״ی وت: ״گلەیی هەر لایەنێک لەو کۆمیسیۆنە یاساییە، بۆیە گرنگە لە کارگێڕیی ئەنجوومەنەکە لایەنەکانی تریش بەشدارییان پێ بکرێت، چونکە تازە ناتوانرێت دەستکاریی ئەنجوومەنی کۆمسیاران بکرێت.״
گومانێک هەیە کە پارتی لە ڕێگەی هێنانەپێشەوەی حزبە بچووکەکان بۆ ناو کۆمیسیۆن هەژموونی بکات، بەڵام کۆمیسیۆن ئەوە ڕەت دەکەنەوە.
شێرکۆ حەمەئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ״ئاژانس״ی وت: ״پارتی دەیەوێت وەک هەموو دەزگاکانی تر هەژموونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش بکات و هێنانەناوەوەی حزبە بچووکەکانیش بۆ ئەوەیە.״
بەڵام شیروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم باسی لەوە کرد ئەوان تەواو یاسایین و بە یاسا دامەزراون.
وتیشی: ״دەبێت هەڵبژاردنێک بکرێت ئینجا کارەکانمان هەڵبسەنگێندرێت.״