ئۆپۆزسیۆنی پێشووى عێراق چوونه‌ته كۆشكی ئه‌و بهرپرسانەى به‌عسه‌وه كه پێشتر له ده‌ستیان هه‌ڵهاتوون
ئاژانس – حه‌سه‌ن شه‌نون
زۆربه‌ى ئۆپۆزسیۆنه‌كانى پێشووى ڕ‌ژێمى به‌عس ئێستا له ماڵى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى پێشووى ئه‌و ڕژێمه‌دا ده‌ژین له به‌غدا كه پێشتر له ده‌ستیان هه‌ڵهاتبوون بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراق، كۆشكى داروده‌سته‌كه‌ى سه‌ددام ئێستا مۆڵگه‌ى ژیانى چه‌ندین به‌رپرسى حكوومى و حزبییه بێ ئه‌وه‌ى پاڵپشتێكى یاسایى هه‌بێت بۆ مانه‌وه‌یان تیایدا.
مانه‌وه‌ى ئه‌و به‌رپرسانه له كۆشكه‌كانى به‌رپرسانى پێشوو له كاتێكدایه سه‌ره‌تاى ساڵى ڕابردوو حكوومه‌تى عێراقى بڕیارێكى ده‌ركرد بۆ چۆڵكردنیان وه‌ك هه‌نگاوى چاكسازى بێ ئه‌وه‌ى هیچیان ڕاده‌ستى حكوومه‌ت بكرێنه‌وه.
له دواى ئه‌وه‌ى له ساڵى 2003دا ڕ‌ژێمى حزبى به‌عس به ده‌ستى هێزه‌كانى ئه‌مەریكا ڕووخێنرا زۆربه‌ى موڵكوماڵ و كۆشكى به‌رپرسانى ئه‌و ڕژێمه له به‌غداى پایته‌خت كه‌وتنه ده‌ست ئه‌و هێزانه‌ى كه پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ى سه‌وز كه پێگه‌ى نیشته‌جێى زۆربه‌ى به‌رپرسانى حكوومه‌ت و حزبیى عێراقه له پاڵ داموده‌زگا ڕهسمییهكاندا.
به پێى به‌دواداچوونێكى ״ئاژانس״ كه له‌سه‌ر ئه‌و موڵكوماڵ و كۆشكانه ئه‌نجامی داوه، له دواى ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عس نزیكه‌ى سێ هه‌زار موڵك له لایه‌ن حزبه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تمه‌داره‌كانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه و به‌شێكی كه‌میان كراونەته باره‌گاى حكوومى و وه‌زارته‌كان كه ئاماده نین ڕاده‌ستى بكه‌نه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرسى ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غدا كه له‌به‌ر هه‌ستیاریى پرسه‌كه نه‌یویست ناوى بڵاو بكرێته‌وه به ״ئاژانس״ى وت: ״زیاتر له 900 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له چه‌ند ساڵى ڕابردوودا دراوه به هاووڵاتییان كه موڵكى حزبى به‌عس بوون و ئێستا ڕاده‌ستى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ناكرێنه‌وه״.
به وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه دیارترین ئه‌و شوێنانه‌ى كه تا ئێستا ڕاده‌ست نه‌كراونه‌ته‌وه له ناوچه‌كانى گۆڕه‌پانى حوریهى كه‌ڕاده و سه‌ر ڕووبارى دیجله‌ن كه زۆرینه‌یان به به‌ربه‌ستى كۆنكرێتى جیا كراونه‌ته‌وه و به‌رپرسانى تێدا ده‌ژین.
شوێنى نیشته‌جێبوونى عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئیسلامى له به‌غدا دیارترین پێگه‌ى ڕ‌ژێمى به‌عسه كه به‌رچاوى هاووڵاتییانى شاره‌كه ده‌كه‌وێت كه بووەته ناوچه‌یه‌كى داخراو.
مازن عه‌لاوى هاووڵاتییه‌كى دانیشتووى نزیك ئه‌و ناوچه‌یه به ״ئاژانس״ى وت: ״ئێستا به‌و ناوچه‌یه ده‌ڵێن مه‌مله‌كه‌تى حه‌كیم״.
به‌رپرسانى پێشووى حزبى به‌عس له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و حزبه‌دا خاوه‌نى چه‌ندین كۆشك و موڵكى گرانبه‌ها بوون له پێگه‌ی ستراتیژیى به‌غدا كه له دواى ده‌ستگیركردنیان و هه‌ڵهاتنى به‌شێكى تریان كۆشكه‌كانیان كه‌وتنه ده‌ست به‌رپرسه حزبییه‌كانه‌وه و تیایدا نیشته‌جێ بوون.
به پێى به‌دواداچوونه‌كانى ״ئاژانس״ عه‌مار حه‌كیم له كۆشكێكى (2655) مه‌تریدایه كه خانووى سه‌عدون حه‌مادى سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى و وه‌زیرى پێشووى ناوخۆى به‌عسه و كۆشكێكى تهنیشتیشى كه موڵكى وه‌زاره‌تى داراییه به كرێى مانگانه‌ى 35 ملیۆن دینار گرتووه كه له‌سه‌ر ڕووبارى دیجله‌ن.
هاوكات عه‌لی حاته‌م سلێمان سه‌رۆك عه‌شیره‌تى دلێمى له‌نێو كۆشك و باخچه‌یه‌كى عه‌بدولجه‌بار شه‌نشه‌ل وه‌زیرى پێشووترى به‌رگریى عێراقدایه و ئیبراهیم جه‌عفه‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ش له خانووى ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زانى جێگرى پێشووى سه‌ددام حسێندایه.
هه‌ر به پێى ئه‌و به‌دواداچوونه نوورى مالیكى سه‌رۆكى حزبى ده‌عوه و سه‌رۆكوه‌زیرانى پێشوو یه‌كێك له كۆشكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى سهرۆكایهتیدایه كه سێ قاته به ڕووبه‌رى 2000 مه‌تر كه گه‌وره‌به‌رپرسانى به‌عس له ده‌وروبه‌رى به‌غدا تیایدا ده‌ژیان.
سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرسى به‌غدا كه ئاگادارى وردهكاریى موڵكداریى به‌شێك له‌و كۆشكانهى حزبى به‌عسه به ״ئاژانس״ى وت: ״ئه‌یاد عه‌لاوى جێگرى سه‌رۆکكۆمارى عێراق له ماڵى عیزه‌ت دوورى گه‌وره به‌رپرسى ڕ‌ژێمى به‌عسدایه كه تا ئێستاش ده‌ستگیر نه‌كراوه و عه‌دنان ئه‌سه‌دى وه‌زیرى ناوخۆی پێشووى عێراقیش بە وەکالەت له ماڵى تاریق عه‌زیز وه‌زیرى پێشووترى ده‌ره‌وه‌ى عێراقدایه و هۆشیار زێباریى وه‌زیرى لهسهركارلادراوى دارایی‌ش له یه‌كێك له كۆشكه‌كانى سەددامدایه״.
له پاش پێكهێنانى ده‌وڵه‌تى نوێى عێراق له دواى ساڵى 2003 به‌شێك له مۆڵگه و كۆشكه‌كانى ڕ‌ژێمى به‌عس كرانه باره‌گاى حكوومى و به‌شێكیشیان به نرخى زۆر هه‌رزان له لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داره‌كانه‌وه به كرێ له حكوومه‌ت گیراون.
ئه‌یاد مه‌سارى ئه‌ندامى لیژنه‌ى گه‌شتوگوزار و ئاسه‌وارى په‌رله‌مانى عێراق به ״ئاژانس״ى وت: ״ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق بڕیارێكى ده‌ركردووه بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م كه‌سایه‌تى و لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌و موڵكانه ڕاده‌ست بكه‌نه‌وه كه هی به‌رپرسانى پێشووى ڕ‌ژێمى به‌عس یان به ناوى حكوومهتهوهن تا دواتر یان وه‌ك پێگه‌یه‌كى مێژوویى و شوێنه‌وار سوودى لێ ببینرێت یان له زیادكردنى ئاشكرادا بفرۆشرێن، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ نه‌كراوه״.
له به‌رامبه‌ردا تاریق حه‌رب پسپۆڕى یاسایى عێراق به ״ئاژانس״ى وت: ״ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كۆشكه‌كانى به‌رپرسانى پێشووى حزبى به‌عسدا له لایه‌ن به‌رپرسه سیاسییه‌كانه‌وه پێشێلكردنى ده‌ستوورییه و له دژى مادده‌ى 127یه.״
تاریق حه‌رب وتیشی: ״یه‌كێك له كێشه‌كانى تر‌ى ئه‌و پرسه ئه‌وه‌یه كه به‌شێك له كۆشك و موڵكه‌كان به نرخێكى زۆر كه‌متر له‌و نرخه‌ى كه ده‌یكات به كرێ گیراون كه ئه‌وه‌ش نایاساییه.״