داواكارى گشتی كه‌سی نه‌داوه‌ته دادگا
ئاژانس – سه‌لام هانه‌دنى
شۆفێران و هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان به ده‌ست خراپیى كوالێتیى به‌نزینه‌وه ده‌ناڵێنن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه له ڕووى ته‌ندرووستییه‌وه ئه‌و جۆره به‌نزینه‌ى هاورده ده‌كرێ زیانى گه‌وره‌ى ته‌ندرووستیى هه‌یه بۆ هاووڵاتییان، بۆیه له ماوه‌ى سێ مانگى ڕابردوودا 18 به‌نزینخانه داخراون و 245 ته‌نكه‌ر به‌نزینی خراپ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراون.
گۆران قادر سه‌رۆكى لیژنه هاوبه‌شه‌كانى قایمقامییه‌تى قه‌زاى سلێمانى بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״له ماوه‌ى سێ مانگى ڕابردوودا 4 به‌نزینخانه له‌ناو شار سلێمانى داخراون، به هۆى خراپیى به‌نزین و نزمیى كوالێتیى به‌نزینه‌كه‌یان كه له پشكنین ده‌رنه‌چووه، كه ئێمه چه‌ند جارێك و له چه‌ند شوێنێكى جیاواز پشكنین بۆ ئه‌و به‌نزینه ده‌كه‌ین.״
قادر وتیشى:״ ئه‌و به‌نزینخانانه‌ى به‌نزینى خراپ ده‌فرۆشن داده‌خرێن و سزا ده‌درێن، له لایه‌ن لیژنه‌كانمانه‌وه، به ئاگاداركردنه‌وه و داخستنى به‌نزینخانه‌كه و غه‌رامه‌كردن، بۆیه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ین ڕێگرى له سووتهمهنیى خراپ بکەین״.
داخستنى به‌نزینخانه‌كان به هۆى كوالێتیى خراپى بهنزینهكهیانهوه، ته‌نیا له یه‌ك پارێزگاى هه‌رێمدا نییه به‌ڵكو سه‌رجه‌م پارێزگاكانى گرتووه‌ته‌وه.
ئه‌نوه‌ر ئاژگه‌یى به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى قایمقامییه‌تى ناوه‌ندى قه‌زاى هه‌ولێر بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״له ماوه‌ى سێ مانگى ڕابردوودا یه‌ك به‌نزینخانه داخراوه، به هۆى خراپیى به‌نزینه‌وه، به‌ڵام چه‌ندین به‌نزیخانه‌ى تر ئاگادار كراونه‌ته‌وه״.
لیژنه‌كانى قایمقامییه‌تى ههڵەبجهش بڵاویان كرده‌وه، له ماوه‌ى سێ مانگى ڕابردوودشدا له‌و پارێزگایه‌دا پێنج به‌نزینخانه داخراون، بۆیه به داخستنى به‌نزینخانه‌كان بۆ ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته یان زیاتر، سزایان داون.
موحسین ته‌ها به‌رێوه‌به‌رى گشتیى سووته‌مه‌نى و كانزاكانى پارێزگاى دهۆك بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״ته‌نیا له ماوه‌ى دوو مانگى ڕابردوودا له پارێزگاى دهۆك 8 به‌نزیخانه داخراون، زیاتر له 100 به‌نزینخانه‌ش ئاگادار كراونه‌ته‌وه، كه له فرۆشتنى به‌نزینى خراپ به‌نزینخانه‌كانیان داده‌خرێن״.
ته‌ها وتیشى: ״زۆربه‌ى ئه‌و به‌نزینه‌ى كه دێته پارێزگاى دهۆك له هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌یه و ڕێژه‌یه‌كى كه‌مى نه‌بێت، له ڕێگه‌ى توركیاوه هاورده ده‌كرێت، به‌ڵام هاورده‌كردن له وڵاتى توركیاوه زۆر كه‌مه״ .
به‌شى زۆرى ئه‌و به‌نزینه‌ى كه دێته هه‌رێمى كوردستان له ڕێگه‌ى وڵاتى ئێرانه‌وه هاورده ده‌كرێت و له ڕێگه‌ى هه‌ردوو مهزرى نێوده‌وڵه‌تیى په‌روێزخان و باشماغهوهیە، له خاڵه سنوورییه‌كانیش كوالێتى و لیژنه‌ى پشكنین هه‌یه و پشكنین بۆ ئه‌و به‌نزینه ده‌كات .
شاخه‌وان به‌كر به‌ڕێوه‌به‌رى گومرگ له مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تیى باشماغ بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״ئێمه لیژنه‌مان هه‌یه، كه تایبه‌ته به پشكنینى ئه‌و به‌نزینه‌ى هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، ئه‌و به‌نزینه كوالێتیى نزمه یان یه‌كێك له مادده‌كان كه تێیدایه زۆر به‌رزه بۆیه له پشكنین ده‌رناچێت״.
وتیشى: ״ئه‌و به‌نزینه‌ى كه له ماوه‌ى سێ مانگى ڕابردوودا له مه‌رزى باشماغ پشكنینى بۆ كراوه، ئه‌و پێكهاتانه‌ى كه له به‌نزینه‌كه‌دا هه‌یه به پێى پێوه‌رى ستاندارد نه‌بووه، هه‌ریه‌كه و جۆره مادده‌یه‌كى به‌رز بووه، كوالێتیى به‌نزینه‌كه‌ى كه‌م كردووه‌ته‌وه، بۆیه ئێمه‌ش ده‌ستمان گرتووه به‌سه‌ر ئه‌و تانكهرانهى كه ئه‌و بهنزینانهیان هاورده كردووه و دواتر ڕه‌وانه‌ى ئێرانمان كردووه‌ته‌وه״.
یادگار فه‌تاح به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌وت و كانزاكانى ئیدارەى گه‌رمیان بۆ ״ئاژانس״ ڕایگه‌یاند: ״له ماوه‌ى مانگى ڕابردوودا له سنوورى مه‌رزى په‌روێزخانه‌وه زیاتر له 1000 تانكه‌ر به‌نزین هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان كراوه، له‌و ژماره‌یه‌ش پێنج ته‌نكه‌ریان له پشكنین ده‌رنه‌چوون گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه بۆ وڵاتى ئێران.״
وتیشى: ״وه‌كو نه‌وت كانزاكانى گه‌رمیان و به هاوكاریى ئیداره‌ى گه‌رمیان كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ڕێنماییه‌ك ده‌ربكه‌ن، بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى كه به‌نزین هاورده ده‌كه‌ن بۆ جارى یه‌كه‌م وه‌ك ئاگاداركردنەوه به‌نزینه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه، به دووباره‌كردنه‌وه‌ى ڕێگه‌ى پێ ناده‌ین به هیچ شێوه‌یەك به‌نزین هاورده بكات״.
ئاشكراشی كرد: ״تاكو ئێستا هیچ كه‌س نه‌دراوه‌ته دادگا له‌سه‌ر هاورده‌كردنى به‌نزینى خراپ، ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و به‌نزینه بووه بۆ وڵاتـى ئێران و ئاگاداكردنهوهى ئه‌و كۆمپانیایانه كه دووباره به‌نزینى خراپ هاورده نه‌كه‌ن״.
به پێى ئامارێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گومرگى مه‌رزى باشماغ، ته‌نیا له سێ مانگى ڕابردوودا، زیاتر لە 219 ته‌نكه‌ر به‌نزین ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، له مه‌رزى په‌روێزخانیش له سێ مانگى ڕابردوودا 26 ته‌نكه‌ر ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.
به‌ختیار عه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى داواكارى گشتیى سلێمانى بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״تاكو ئێستا له‌سه‌ر هێنانى سووته‌مه‌نى كه‌س دادگایى نه‌كراوه، به‌ڵام ئێمه وه‌ك داواكارى گشتى كار ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته״.
عه‌لى وتیشى: ״ئێمه چه‌ند دۆسیهیهكمان جووڵاندووه، له‌سه‌ر كێشه‌ى هاورده‌كردنى به‌نزینى خراپ له مه‌رزى په‌روێزخان و باشماغه‌وه، كاره‌كانمان ئاڕاسته‌ى به‌شى لێكۆڵینه‌وه كردووه له دادگا، ئێستا ئه‌و دۆسیانه له قۆناغى لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچووندان، بۆیه كاتى زۆرى ده‌وێت تا یه‌كلایى ده‌بنه‌وه״.
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌وه‌ى ئێمه كارمان له‌سه‌ر كردوون وه‌ك داواكارى گشتى دوو كۆمپانیان كه كاره‌كان گه‌یشتووه‌ته قۆناغى لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون، له چه‌ند ڕۆژى داهاتوو له‌وانه‌یه به‌رپرسانى ئه‌و دوو كۆمپانیایە بانگ بكرێن بۆ لێكۆڵینه‌وه و وه‌رگرتنى ئیفادە.