زیاتر له سێ بڕیار و دوو ڕاسپارده نه‌یتوانیوه 70 و 80 ڕێك بخات
ئاژانس – شیروان محه‌مه‌دئه‌مین
به پێی به‌دواداچوونێكی «ئاژانس» ده‌ركه‌وتووه له ماوه‌ی ١٢ساڵی ڕابردوودا زیاتر له 3 بڕیار بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی 70 و 80ی پێشمه‌رگه دەرکراون، هێشتا ئه‌و دوو هێزه یه‌كیان نه‌گرتووه‌ته‌وه و له كۆی 35 ڕاسپارده‌ش كه به سه‌رپه‌رشتیی هاوپه‌یمانان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست داندراوه ته‌نها پێنجیان جێبه‌جێ كراون.
سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه
بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی ٢٠٠٧ له‌سه‌ر بڕیاری جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و مه‌سعودبارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌وڵ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه درا، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
له ساڵی ٢٠٠٩ بۆ جاری دووه‌م یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو هێزه له نێوان ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ی یه‌كێتیی و پارتی ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرا و سه‌ره‌تای مانگی كانوونی دووه‌می ٢٠١٠ بڕیاری یه‌كخستنی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌رچوو، بەڵام ئەو هەوڵانەش نەگەیشتنە ئامانج.
په‌رله‌مانی كوردستان له ڕۆژی ٢٣ی ته‌ممووزی ٢٠١٤ بڕیاری ژماره ١٩ی په‌سه‌ند كرد كه تیایدا هاتووه: «پێویسته هه‌موو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ماوه‌ی شه‌ش مانگ له ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره‌وه له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا وه‌ك هێزێكی نیشتیمانی یه‌ك بخرێن، به تایبه‌تی یه‌كه‌كانی ٧٠ و ٨٠»، به‌ڵام واده‌كه تێپه‌ڕی و بڕیاره‌كه جێبه‌جێ نه‌كرا بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو هێزه.
هاوکات له خاڵی حه‌ڤده‌هه‌م هێما بۆ ئه‌وه كراوه كه، «حكومه‌ت له كاتی كۆتاییهاتنی قه‌یرانی دارایی هه‌رێم، ده‌بێت هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ی ئه‌م بڕیاره كه له ئێستادا ناتوانرێت جێبه‌جێ بكرێن، جێبه‌جێیان بكات.»
به وته‌ی به‌رپرسانی سه‌ربازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به هۆی دروستبوونی كێشه‌ی سیاسی و قه‌یرانی ئابووری و شه‌ڕی داعش، بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له لایه‌ن به‌غداوه نه‌توانرا پڕۆسه‌ی یه‌كخستن درێژەی پێ بدرێت.
هێزه‌كانی 70ی یه‌كێتیی و 80ی پارتی و جیابوونه‌وه‌یان زاده‌ی ده‌رهاویشته‌ی شه‌ڕی ناوخۆی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بوو كه تا ئێستاش ئاسه‌واری ئه‌و جه‌نگه به جیاوازیی ئه‌و دوو هێزه‌وه دیاره كه تا ئێستا به شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی یه‌كیان نه‌گرتووه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی هێزێكی نیشتیمانیدا.
له دوایین ڕێکكه‌وتنی نێوان یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا یه‌كێتیی داوای یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو هێزه‌ی وه‌ك پێشمه‌رجی به‌شداریكردن له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا کردووە.
هاوكات له ساڵی ٢٠١٨‌دا، حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی بۆ پڕۆژه‌ی چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا په‌سه‌ند كرد، كه له ٣٥ خاڵ پێك هاتووه و كۆكراوه‌ی دوو پڕۆژه‌یه، پڕۆژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له ١٧ خاڵ پێك هاتووه و پڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیاش له ١٨ خاڵ پێك هاتبوو.
ئه‌ركێكی چاوه‌ڕوانكراو
ماوه‌ی مانگێكه لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم پرسی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمه‌رگه‌یان گه‌رم كردووه‌ته‌وه به تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندی ڕێكکه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.
ئه‌و كێشه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌یه ئاوی زۆر بكێشێت، به‌ڵام یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو هێزی 70 و 80 تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاییكه‌ره‌وه ده‌بێت بۆ پێكهێنه‌رانی ئه‌م كابینه‌یه.
هه‌نگاوه‌كان ده‌ستیان پێ كردووه
شاخه‌وان ڕه‌ئوف به‌گ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری ناوخۆ و پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ «ئاژانس» ده‌ڵێت: لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه سێ كۆبوونه‌وه‌ی كردوو‌و له ئێستادا ڕاپۆرتمان ئاماده كردووه بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به مه‌به‌ستی درووستكردنی هێزی نیشتمانی.»
وتیشی: «له لایه‌ن لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌وه ئاماده‌كاریی ته‌واو بۆ یه‌كخستنی پێشمه‌رگه له‌ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تدا کراوە، له داهاتووشدا له‌گه‌ڵ ڕاوێژكارانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا گفتوگۆ ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر سه‌رپه‌رشتیكردنی هێزی ٧٠ و ٨٠ له لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه نه‌بێت.»
به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوڕان له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه هاوكات ئاماری جیاواز له‌سه‌ر ژماره‌ی هێزه‌كانیان ڕاده‌گه‌یه‌نن.
به‌رپرسێكی سه‌ربازیی پارتی له هێزه‌كانی ٨٠ كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكه‌ین بۆ «ئاژانس» ده‌ڵێت: «به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی هێزه‌كانی ٨٠ی پارتی نزیكه‌ی له ٦٠ هه‌زار كه‌س پێك هاتووه.»
هاوكات فه‌ریق، جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له پشكی یه‌كێتیی، بۆ «ئاژانس» ده‌ڵێت: «له ئێستادا له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی و پارتی موزایه‌ده‌ی سیاسی بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه هه‌یه، گوایه به فشاری ئه‌وان و نێوده‌وڵه‌تی كار بۆ یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین، به‌ڵام پڕۆسه‌كه له ٢٠٠٧وه ده‌ستی پێ كردووه، ئه‌و كات توانیمان جیاوازیی یاساكان و ڕێنماییه‌كان هه‌موار بكه‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت شێوازی جلوبه‌رگ و نیشانه‌ی سه‌رشانی ئهفسهرهكانیش یه‌ك بخه‌ین.»
وتیشی: «ماوه‌ی جیبه‌جێكردنی پڕۆژه ٣٥ خاڵییه‌كه (٢ تا ٥) ساڵی بۆ دانراوه، ئومێد ده‌كه‌ین له كابینه‌ی داهاتوودا بتوانین ئه‌و میكانیزمه‌ی بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دانراوه كۆتایی بێت و جێبه‌جێ بكرێت.»
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی ١٦٨ هه‌زار پێشمه‌رگه هه‌یه، كه ٤٦ هه‌زاریان له‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كۆ كراونەتهوه و له هێزه‌كانی ٧٠ و ٨٠دا، زیاتر له ١٢٠ هه‌زار پێشمه‌رگه ماون كه یه‌كخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت، له‌و ڕێژه‌یه‌ش هێزه‌كانی حه‌فتا ژماره‌یان ٦٧ هه‌زاره.»
له پێش شه‌ڕی داعش له ساڵی 2014 له ڕێگه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی چه‌ند لیوایه‌ك به شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش هه‌نگاو نرا بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، به‌ڵام له پاش ڕووداوه‌كانی دوای ڕیفراندۆم زۆربه‌ی ئه‌و هێزانه په‌رته‌وازه بوون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه.
جه‌مال محه‌مه‌د، سوپاسالاری هێزی پێشمه‌رگه بۆ «ئاژانس» وتی: «له ڕابردوودا كه لێكترازان له نێوان هێزه‌كانی ٧٠ و ٨٠ ڕووی دا، به گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانده‌كان كراوه و ڕێنمایی وه‌زاره‌ت نه‌بووه، ئێستاش یه‌كێتیی و پارتی به شێوه‌یه‌كی مه‌بده‌ئی ڕه‌زامه‌ندن له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه.»
وتیشی: «بۆ یه‌كه‌م جار یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ٧٠ و ٨٠ له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت نیوه به نیوه كراوه و باقیاتی بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی داهاتووش بۆته پرسێكی سه‌ربازی، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه نه‌ك لایه‌نه سیاسییه‌كان، بۆیه هه‌ر كات په‌رله‌مان بڕیاری یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی ده‌ركرد، سه‌رۆكی هه‌رێمیش وه‌ك لێپرسراوی هێزه چه‌كداره‌كان بڕیاره‌كه جێبه‌جێ ده‌كات و ئه‌و كات ده‌بێته بڕیاری كۆتایی و هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی پێوه‌ی پابه‌ند ده‌كرێن.»
تاووتوێی پڕۆژه‌ی هاوپه‌یمانان ده‌كرێت
لیوا قاره‌مان كه‌مال، جێگری سه‌رۆكی ئه‌ركان بۆ ئۆپراسیۆنه‌كان له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، بۆ «ئاژانس» وتی: «قه‌باره‌ی هه‌ر یه‌ك له هێزی ٧٠ و ٨٠ له قه‌باره‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه گه‌وره‌تره، له ئێستادا ڕه‌شنووس ئاماده كراوه به هاوكاریی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ڕاوێژكارانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا، كه وێنه‌یه‌كیش دراوه به هێزه‌كانی ٧٠ و ٨٠ به مه‌به‌ستی دیراسه‌كردن له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوودا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانیان گفتوگۆ ده‌كات.»
وتیشی: «ڕیكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه پێویستی به ڕێكه‌وتنی سیاسی و ئیداری و ئابووری و سه‌ربازییه، له كاتی یه‌كگرتنه‌وه‌دا هێزه‌كان ژماره‌یه‌كی دیاریكراویان ده‌بێت ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی شمولی خانه‌نشینبوون ناكرێن ئالیه‌تێكی تر بۆ ناردنه ماڵه‌وه‌یان داده‌نرێت به گواستنه‌وه‌یان بۆ سه‌ر ڕاژه‌ی مه‌ده‌نی یان پێدانی پاداشتی ماددی.»
هاوكات جه‌مال ئیمینكی، سوپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت: «تا ئێستا له به‌رنامه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاكسازیی هێزی پێشمه‌رگه له كۆی ٣٥ خاڵ بۆ جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتنه‌وه ته‌نها ٥ خاڵ جێبه‌جێ كراوه، ئه‌ویش له ڕووی میلاكاتی وه‌زاره‌ت، یه‌كخستنی یاساكان و شێوازی جلوبه‌رگ و نیشانه‌ی سه‌ر شانی ئه‌فسه‌ره‌كان، دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كان بۆ كاری هه‌موو لیواكان، پیاده‌كردنی سیستمی بایۆمه‌تری بۆ مووچه‌خۆرانی پێشمه‌رگه، ڕێكخستنی كاروباری ته‌ندروستیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بووه، ئێستاش یه‌كگرتنه‌وه بووەته پرسێكی سه‌ربازی، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه نه‌ك لایه‌نه سیاسییه‌كان.»
بڕیاری سیاسیی ده‌وێت
پێده‌چێت گرێی ئه‌و پرسه به بڕیاری ئیداری و سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.
مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ «ئاژانس» ده‌ڵێت: «بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ساڵی ٢٠٠٥ له هه‌وڵ داین و ده‌یان كۆبوونه‌وه‌مان كردووه، ئێستاش ته‌نها به بڕیاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ناكرێت، چونكه كارێكی سانا نییه و ماوه‌ی زۆر و به چه‌ند قۆناغێك ده‌كرێت.»
وتیشی: «هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌م دوو هێزه‌دان، ئه‌ندامی پارتی و یه‌كێتیین، له هه‌ر كاتێكدا كیشه‌یه‌ك ڕوو بدات له‌گه‌ڵ حزبه‌كانیاندا ده‌بن، بۆیه پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك هێزی یه‌كگرتوو هه‌بێت، یه‌كێتیی و پارتی له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه ڕه‌زامه‌ند بن.»