״شكستەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە ئەستۆی وەزارەتی پێشمەرگەیە״
ئاژانس
لیژنەیەكی پەرلەمان لێكۆڵینەوە لە هەشت میحوەری پێشمەرگە دەكات لەسەر ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دوایی كە لە میحوەری جەولەلا و كەركوكەوە دەست پێ دەكات تا شنگال و دوای ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەش وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت و سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت: ״وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرسیارە لەو شكستە״.
لیژنەیەكی پەرلەمان سەرگەرمی لێكۆڵینەوەیە لەو ڕووداوانە كە سەرەتا هەوڵ دراوە تەنیا لە ڕووداوەكانی كەركوك بكۆڵێتەوە و دواتر فراوان كراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە میحوەرەكانی سنووری پارتییش كە بە هەمان شێوە پێشمەرگە تیایدا كشایەوە.
ئاواز شێخ جەنگی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی بە ״ئاژانس״ی وت: ״كە لیژنەی پێشمەرگە ڕاسپێردراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی كەركوك و شنگال و مەخموور و ناوچەكانی تر، پارتی داوای كردووە تەنیا لێكۆڵینەوە لە كەركوك بكرێت و باسی ناوچەكانی تر نەكرێت״.
هاوكات دلێر ماوەتی سەرۆكی لیژنەكەی پەرلەمان ئاشكرای كرد كە لێكۆڵینەوەیان لە میحوەری یەكەوە دەست پێ كردووە و سێ میحوەریان ماوە و هەفتەی داهاتوو كارەكان تەواو دەكەن و ڕاپۆرتەكەیان دەدەنە سەرۆكایەتیی پەرلەمان״.
دلێر ماوەتی بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەشێكیان دەڵێن فیشەك و تەقەمەنییان بۆ نەهێناوین و پێیان نەماوە، یان هێزەكانی حكومەتی عێراقی لە هەموو لایەكەوە هێرشیان كردووە و بەهێز بوون و شكاوین و زۆربەی میحوەرەكان دەڵێن خۆمان شكاوین و ئاگری دوژمن بەهێز بووە و بەرپرسیارێتیی شكستەكە دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی پێشمەرگە״.
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ لە پاش كۆتاییهاتنی ئەو ڕاپۆرتەی لیژنەكەی پەرلەمان كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت بانگ دەكرێت لەسەر ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.