داوای لیژنەمان لە سەرۆککۆمار و نوێنەرانی کورد کردووە
سازدانی: سەرچین ساڵح
مەلا کەریم شکور، لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، دوای هاتنی هێزێکی سواتی عێراق بۆ خورماتوو ڕووداوەکان کەم بوونەوە و دەڵێت، ״بارودۆخی خورماتوو زۆر باش بووە و ئەوەی هەیە هەندێ خەڵک لەناو حەشد بە شەخسی دەیکەن.״
دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک و خورماتوو- ناوچە جێناکۆکەکان، هەندێ ڕووداوی نەخوازراو لە خورماتوو ڕوویان دا و ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی خورماتوو ئاوارە بوون.
مەلا کەریم شکور، لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا باس لەوە دەکات، داوای لیژنەیان لە سەرۆککۆمار و نوێنەرانی کورد کردووە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و لێپێچینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکان ״ئەوانیش بەڵێنی کارکردنیان لەو ڕووەوە داوە.״
ئاژانس: سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەكەین، بارودۆخی خورماتوو لە ئێستادا چۆنە؟
مەلا كەریم شكور: هەندێ کردەوە بەردەوامن بەتایبەت تەقاندنەوەی خانوو، ئەوانەش هەندێ کەسی ناو حەشد بە شەخسی دەیکەن، بەڵام هێزێكی سوات هاتووەتە شارەكەوە و هەوڵی داوە ڕێگری بكات لە تاڵانكردن و ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن لە شارۆچکەکە و تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵی کردووە و ئێستا بارودۆخی خورماتوو زۆر باشتر بووە لە پێشتر.
ئاژانس: دوای ڕووداوەکان هیچ قەرەبوو و لیژنەیەک پێک هاتووە؟
مەلا کەریم شکور: تا ئێستا پێک نەهاتووە، بەڵام داوامان لە نوێنەرانی کورد و سەرۆککۆمار کردووە لیژنە پێک بهێنن هەم بۆ قەبڵاندنی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی خەڵک هەم بۆ لێپێچینەوە لەو ڕووداوانەی ڕوویان دا و بەڵێنیان داوە کاری لەسەر بکەن.
ئاژانس: چەند هێز لە خورماتوودا هەیە، ئایا حەشدی شەعبی لە خورماتوودا ماوە؟
مەلا كەریم شكور: پۆلیسی ئیتحادی و هێزی سوات و ئەمنی حەشد و حەشدی توركومانی تێدایە.
ئاژانس: چیتان كردووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی خورماتوو؟
مەلا كەریم شكور: بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستە حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی ڕێك بكەون، گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستیی بە هەوڵی جددییە لە ئاستی باڵادا.
ئاژانس: باس لەوە دەكرێت زیانێكی زۆری ماڵی و گیانی بە هاووڵاتییانی كوردی خورماتوو كەوتووە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە، ئەوە وایە؟
مەلا كەریم شكور: زەرەری گیانی تەنها هەشت شەهید هەبووە بە پێشمەرگە و هاووڵاتییەوە لە یەكەم ڕۆژی شەڕەكەدا، بەڵام زیانە ماڵییەكان زۆرە، زیاتر لە دوو هەزار ماڵ سووتێنراون و تاڵان كراون، زیاتر لە 60 ماڵ تەقێنراوەتەوە، بازاڕێكی گەورەی كوردەكان تاڵان كراوە و سووتێنراوە و چەندین كارگەی چەو و لم تاڵان كراون و سووتێنراون.
ئاژانس: ئەو تاوانانەتان دیكۆمێنت كردووە، هیچ ڕێكخراو و لایەنێكی نێودەوڵەتیتان لێ ئاگادر كردووەتەوە؟
مەلا كەریم شكور: بەڵێ دیكۆمێنتمان كردوون و كوراسەیەكمان چاپ كردووە كە وێنە و ئاماری تێدایە و بە ڤیدۆش تۆمارمان كردووە، باڵیۆزی وڵاتان و ڕێكخرواە نێودەوڵەتییەكانمان لێ ئاگادرا كردووەتەوە.
ئاژانس: ئایا حەشدی شەعبی ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان یان ئاوارەكان خۆیان ناگەڕێنەوە؟
مەلا كەریم شكور: لە كۆتایی 2015دا چەندین شەڕ ڕووی داوە لە نێوان كورد و توركوماندا، بۆیە ئەمەش ڕقێكی درووست كردووە لە ناخی توركومانەكاندا بەرامبەر بە كورد، ئەوەش وای كردووە كورد نەتوانێت بگەڕێتەوە.
ئاژانس: پێشتر كورد زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی خورماتووی بە دەستەوە بوو، هێزی ئاسایش و پێشمەرگە لە قەزاكەدا بوون، ئایا جارێكی تر كورد ئەو دەسەڵاتەی دەكەوێتەوە دەست؟
مەلا كەریم شكور: نەخێر، كورد جارێكی تر نابێتەوە بە خاوەن دەسەڵات لە خورماتوو، ئێستا حەشد دەیانەوێت پۆستی قایمقام وەربگرن، لە ڕووی یاساییەوە كاریان بۆ كردووە و فشارەكانیان دەست پێ كردووە.
ئاژانس: حكومەتی هەرێم و سەركردایەتیی سیاسیی كورد هەڵوێستی چۆن بووە بەرامبەر هاوكاریكردنی ئاوارەكانی خورماتوو؟
مەلا كەریم شكور: بەداخەوە لە هەڵوێستیان ڕازی نین، حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێكیشی لەسەر ئەو كارەساتە گەورەیە دەرنەكردووە.