خالد سلێمان
لە دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابوردودا، ئەوەی لە سلێمانییەوە ڕێی دەکەوتە شاری کفری لە گەرمیان، بە دانیشتوانەکەی دەوت <شەهیدەکانی کفری>، چونکە لە دوریی ٥٠٠ مەتر لە سوپاکەی سەدام حسێنەوە دەژیان. ئەم شارە دێرین و بچکۆلەیە جێگەی ژیان و بەرگری و سەقامگیریی کوردستانیش بو، بەردانی سەنگەرەکان لە کفری مانای ئەوەی دەگەیاند هێڵی یەکەمی بەرگری بکەوێتە شاری هەڵەبجەوە. خەڵکی کفری وەک شەهیدی زیندو مانەوەو شارەکەیان بەجێنەهێشت، بەڵام ئەمڕۆ وەک لە بیرکراوەکانی کوردستان دەردەکەون. هونەری تەلارسازی شارەکە، کە بە یەکێک لە مۆدێلە ناسراوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیی لە تەلارسازیدا دادەنرێت لە ناودەچێت و بە <فیعلی فاعل> دەڕوخێنرێت، ژیانی ئابوری تیایدا هیچ بنەماو کۆڵەکەیەکی وای نیە، ئاماژە بۆ بەردەوامی ژیان لە شارەکەدا بکات. تا ئێستا ژمارەیەک لە گەڕەکەکان سیستمی ئاودێرییان نیەو ئاوی قورسی سیانە، جۆگەلەی ناو کۆڵانەکانی شارە.
بەرپرسانی کورد هیچ بۆنەیەک لەدەست نادەن تا باسی شۆڕبونەوەی دەسەڵات بکەن، بەڵام ئەگەر قسەکانیان دیواری ژوری کۆبونەوەکانیان تپەڕاندایەو هەر دیماگۆجیەتی سیاسی نەبونایە، ئەوا دانانی بەڕێوەبەراتییەکی حکومی دەیتوانی کفری لە خانەی لە بیرچونەوە بهێنێتە دەرەوەو کەمێک ژیانی بهێنێتەوە بەر. <حاکیمە> ناحەکیمەکانی کوردستان لەوە تێناگەن لە دەستدانی شارە بچوکەکان و ڕوکردنە شارە گەورەکان، کە ژێرخانەکانیان بەرگەی ئەو پاڵەپەستۆ زۆرەی دانیشتوان ناگرن، ئەگەری دروستکردنی بومەلەرزەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە. بەجێهێشتنی کفری و لەبیرکردنی، ناونیشانێکە بۆ پوچگەراییەکی سیاسی کوردی، کە سبەینێیی خۆی نابینێت.
II
خوێندکارێکی قۆناغی ناوەندی، پێش ئەوەی بیر لە ئەرک و کارەکانی ماڵەوەی بکاتەوەو ئامادە بێت بۆ سبەینێی خوێندن، بیر لەوە دەکاتەوە بوتڵێک ئاوی پاک بخاتە فرێزەری سەلاجەوەو بەشی ڕۆژی خوێندنەکەی بکات، چونکە لە خوێندنگەکەیدا ئاوی خواردنەوە نیەو ئەبێ زامنی ئەوە بکات تا کۆتایی دەوام ئاوی ساردی خواردنەوەی هەبێت. لێی دەپرسم ئەی دۆخی توالێتەکانی لە چیدایە؟ لە وڵامدا دەڵێت زۆرجار دەبێت بەرگە بگرن و چاوەڕوانی ئەوە بکەن لە ماڵەوە بچنە سەراو، چونکە توالێتی خوێندنگەکان لەو پەڕی خراپیدان و دەست نادەن؛ <ئاویان تیا نیەو بۆنیان زۆر ناخۆشە>. لە خوێندنگەیەکی تردا، کە خۆم سەردانی دەکەم و پرسیاری ئاوی خاوێنی خواردنەوە لە بەڕێوەبەرەکە دەکەم، بۆم دەردەکەوێت کە سەرچاوەی ئاوی قوتابخانەکە بیرێکەو بەکەڵکی خواردنەوە نایەت. لە قوتابخانەیەکی سەرەتاییشدا، قوتابیەکان ناچارن بۆ سەراو و پاک و خاوێنی ڕوبکەنە مزگەوتێکی نزیک قوتابخانەکەیان، چونکە قوتابخانەکەیان نە ئاوی تیایەو نە توالێت.
ئەم واقیعە لەبیرکراوەی قوتابخانە سەرەتاییەکان و خوێندنگە ناوەندی و دواناوەندییەکانی کوردستان، ئەگەر شتێک بگەیەنێت و مانایەکی هەبێت، لەوە زیاتر نیە کە ناحەکیمەکانی حوکمڕانیی کوردستان، هیچ ڕۆژێک بیریان لەوە نەکردوەتەوە وەبەرهێنان لە وزەی بەشەریدا بکەن. پێگەیاندنی نەوەی نوێ و هێزی نوێی کۆمەڵایەتی بەلایانەوە جێی بایەخ نیەو بگرە پێویستیشیان پێ نیە، چونکە خۆیان خاوەن سیستمی پەروەردەو <سکوڵی> تایبەتی خۆیانن، ئیتر بە لایانەوە گرنگ نیە مناڵانی زۆرینەی کۆمەڵگە، لەبیرکراوی ناو واقیعێکی نالەباری خوێندن بن و لە بێدەرەتانیدا بچن بێئومێدی بگرنە باوەش. خوێندکارێکی قۆناغی نۆیەم پێم دەڵێت، <من نازانم بۆ چی دەخوێنم، تەنانەت مامۆستاکانیشم نازانن من فێری چی دەکەن>. بە کورتیەکەی ئەم سیستمە سیاسیەی کوردستان لەسەر ئەوە کار دەکات، چینێکی کۆمەڵایەتی وا بەرهەم بهێنێت، توانای ئەوەی هەبێت ببێتە دەستەبژێری کۆمەڵایەتی و ڕکابەری نەبێت. ئەمەش لە ئێستاوە بوەتە بەشێک لە سیاسەتی پەروەردەیی کوردستان و خەسڵەتەکانی دەرکەوتون و مناڵانی (سکوڵە) تایبەتەکان دەسەڵاتداران بە ئاسانی لە مناڵانی قوتابخانەکانی <گەڕەک> جیادەکرێنەوە.