ئامادەکردنى: ئەحمەد مستەفا
لە پاش شۆڕى ئیسلامیى ئێران باڵاپۆشى بە یاسا چەسپێنرا بەڵام لە ئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو دەنگانە لە زیادبووندان کە داواى ئازادیی جلپۆشین دەکەن لە ئێراندا.
وەک زۆربەى هەرە زۆرى کۆمەڵگا موسوڵمانەکان دیاردەى حجاب-باڵاپۆشى لە ئێران بوونى هەیە و دیاردەیەکى بڵاوە، بەڵام ئەوەى ئێران لەوانى تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە لە ئێران باڵاپۆشیى یاسایە و لادان لێى سەرپێچییە و خاوەنەکەى تووشى سزا ئەبێت.
ئەم یاسایە تەنها وەک یاسایەکى مردوو لە ئێراندا بوونى نییە، بەڵکو بە هۆى ئەو یاسایەوە باڵاپۆشى بووە بەدیاردەیەکى کۆمەڵایەتى و سیاسی و بووە بە ئاماژەى ناسینەوەى هەر خانمێکى ئێرانى.
بەڵام ئایا لەسەر ئاستى تاکەکەس باڵاپۆشیى دیاردەیەکى خۆشەویستە لە ئێران؟ بێگومان نەخێر، ئەمەش ئەو کاردانەوە سروشتییەیە کە لە ئەنجامى سەپاندنى شێوازێکى تایبەت لە جلپۆشیین لەلایەن دەوڵەتەوە خانمى ئێرانیى دووچارى هاتووە.
ڕەتکردنەوەى باڵاپۆشى لە ئێران ڕۆژانە لە زیادبووندایە، بە شێوەیەک کە هەندێک لە ڕیفۆرمخوازان باس لەوەش دەکەن کە تەنانەت لە چوونى ئافرەتان بۆ مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکانیش بالاپۆشى پێویست نییە، بەڵام لەگەڵ ئەمەدا باڵاپۆشیى وەک ئایدۆلۆژیایەکى سیاسیى و دیاردەیەکى سەپێنراوى کۆمەڵایەتى بەردەوامە.
باڵاپۆشیى لە ئێران ئەگەرچى جێگاى مشتومڕ و ڕەتکردنەوەیە لە لایەن هەندێک لە چالاکوانانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى ئێرانییەوە و یاساکەش لە لایەن ڕیفۆرمیستەکانەوە هەمیشە لەژێر ڕەخنەدایە، بەڵام لە هەمان کاتدا تایبەتمەندییەکى جیاکەرەوەى فەرهەنگى و شارستانى بە خانمى ئێرانى بەخشیوە، ئەگەرچى لە هەمان کاتیشدا کێشەکە ئەوەیە کە ئەم تایبەتمەندییە فەرهەنگیی و ژیارییە بە زۆر سەپێنراوە و کەس نازانێت ئەگەر دەوڵەت یاساى سەپاندنى باڵاپۆشى هەڵبگرێت ئەم دیاردەیە لە ڕوى کۆمەڵایەتییەوە چى لێ دێت؟
دەنگى هەموو ئەو خانمە ئێرانییانەى داواى لابردنى یاسای باڵاپۆشیی دەکەن گەشتووەتە هەموو دنیا، بەڵام هەتا ئێستە دەوڵەتى کۆمارى ئیسلامیى ئێران ئەم بابەتە کەسییە وەک بابەتێکى گشتیى تەماشا دەکات و ئامادە نییە لەم بارەیەوە هیچ نەرمییەک بنوێنێت.
هەرکەسێک تەماشایەکى خانمانى باڵاپۆشى ئێرانیى بکات بە ئاسانى لەوە تێدەگات کە ئەوان بە ناچاریی باڵاپۆشن، ئەمەش لە وردەکارى و شێوەى دیزاینى جلوبەرگە داپۆشراوەکەیاندا دەردەکەوێت.
ئەگەر تەماشایەکى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى خانمانى ئێرانى بکەیت بەتایبەت لە ئینستاگرام جارێکى تر بەئاسانى لەوە تێدەگەیت کە باڵاپۆشیی لەلاى خانمانى ئێرانیى ڕەتکراوەیە و خۆشەویست نییە، چونکە بەشێکى زۆریان لەو پەنجەرەیەوە کە هەیانە، ئازادیی خۆیان بە شێوەیەکى دیکە جێبەجێ دەکەن.
بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە وا دیارە یاسای کۆنترۆڵکردنى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕێگە نەدات بە ئاسانیی خانمانى ئێرانیى گوزارشت لە ناخ و ویستى خۆیان بکەن.
زۆرێک لە چالاکانى ئینستاگرام ئەوانەى لە بوارى ڕیکلام و کارى بازرگانى کاریان دەکرد لە خانمانى ئێرانى، ئەگەرچى لە سەرەتادا بێ باڵاپۆشیی دەردەکەوتن بەڵام دواتر لاپەرەکانى خۆیانیان دەستکاریی کرد و خۆیان باڵاپۆش کرد دواى ئەوەى بریارى پاککردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرچوو.
هەندێک لەو خانمانە وەک (مەهدیس) نوسیان « هیچ کێشە نیە ، ئێمەش دەچینە ناو پرۆژەى پاککردنەوەى ئەنیستگرام چى بکەین ئێمەش بەدواى ڕزقى خۆمانەوەیەن»
چالاکوانەکانى سەر تۆڕى کۆمەڵایەتى ئینستاگرام تێگەیشتن لەوەى ئەگەر ئەوان جلوبەرگى باڵاپۆشیی بکەنە بەر ئینستاگرام وەک یاساکان داواى دەکات، ئەوا بەمە دەتوانن تۆڕى ئینستاگرام لە داخستن ڕزگار بکەن، بۆیە بڕیاریان دا هەموویان لە ئینستاگرام خۆیان داپۆشن و ئینستاگرام لە ئێران بکەن بە باڵاپۆش.