بە پێی جاڕنامەى مافی مرۆڤ دەبێت قوربانیانی هەڵەى پزیشکیی قەرەبوو بکرێنەوە
ئاژانس– مەسعود هادى
سەنا، ئەو کچە تەمەن دوو ساڵ و پێنج مانگەى سکچوونى هەبوو، بۆ چارەسەر بردیان بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانى ئاکرێ، بەڵام دەستییان بڕییەوە، ئەم ڕووداوە، بە هەڵەى پزیشکیى ناوبراو کاردانەوەى لێ کەوتەوە، وەزارەتى تەندرووستى هەرێمیش بڕیاریدا کەمتەرخەمەکان سزا بدات، جگە لەمە سێ کەیسى دیکەى هەڵەى پزیشکیی لە دادگان.
لە چوار مانگى ڕابردوودا، چوار هەڵەى پزیشکیى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک تۆمارکراوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانى لە دەستدا، دوو کەسى دیکەش بێهۆشن، سەناش دەستێکى بڕایەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە بە پێى جاڕنامەى گەردوونیى مافى مرۆڤ دەبێت ئەو کەسانەى دەبنە قوربانیی هەڵەى پزیشکیی قەرەبوو بکرێنەوە.
عیسام ڕەجەب باوکى سەنا بە چاوى پڕ گریانەوە بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״کچەم نەخۆشى قورسى نەبوو، تەنیا سکچوونى هەبوو، کانیۆلایان بۆ دانا، بەڵام هەر دەگریا، چەند جارێک بانگى کارمەندەکانم کرد، بەڵام دواکەوتن، دواى ماوەیەک پێیان وتم بە هەڵە کانیۆلایان بۆ داناوە، دەستى ڕەشبووەتەوە و دواتر لیژنەى پزیشکیی لە 16ى ئەم مانگە بڕیاریدا دەستى ببڕنەوە״.
دەستبڕینەوەى سەنا، کاردانەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتى چالاکانی مەدەنیى بەدوای خۆیدا هێنا، کەمپین بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام درا و داواى سزدانى ئەو کەسانە کرا کە کەمتەرخەم بوون، وەزارەتى تەندرووستیش لیژنەى لێکۆڵینەوەى پێکهێنا، ئەو کارەیان بە کەمتەرخەمیى پزیشکیى ناوبرد و بڕیاری دا ئەوانەى ئەو کارەیان کردووە سزا بدرێن.
بە پێى جاڕنامەى گەردوونیى مافەکانى مرۆڤ، دەبێت قوربانیانى هەڵەى پزیشکیی قەرەبوو بکرێنەوە.
حەمدى بەروارى بەرپرسى ڕێکخراوێکى مافى مرۆڤ لە دهۆک بۆ ״ئاژانس״ ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، بە پێى جاڕنامەى گەردوونیى مافەکانى مرۆڤ بڕگەى 25، قوربانیانى هەڵەى پزیشکیى دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە، بە تایبەتى ئەو نەخۆشانەى ئەندامێکى جەستەیان لە دەست دەدەن.
وتیشى: ״ دەبێت سەنا قەرەبوو بکرێتەوە و دەستێکى لاستیکیشى بۆ درووست بکەن״.
لە چوار مانگى ڕابردوودا لە سنورى پارێزگاى دهۆک چوار هەڵەى پزیشکى ئەنجام دراون، و لیژنەى لێکۆڵینەوەى بۆ پێک هێنراون.
بە پێى بەدواداچوونەکانى لیژنەى تەندرووستى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک، چوار کەیسى هەڵەى پزیشکیى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک لە دادگان.
دڵڤین محەمەد، سەرۆکى لیژنەى تەندرووستى لە پارێزگاى دهۆک بە ״ئاژانس״ى ڕاگەیاند، لە چوار مانگى ڕابردوودا، چوار هاووڵاتى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بوونەتە قوربانیى هەڵەى پزیشکیى و لیژنەى لێکۆڵینەوە پێک هێنراون و چاوەڕوانى وەڵامى دادگا دەکەن.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر وەڵامى دادگا بە دڵى ئەوان نەبێت بەڕێوەبەرى تەندرووستى دهۆک، بانگهێشتى ئەنجوومەنى پارێزگا دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە.
باسى ئەوەشیکرد، یەکێک لەو کەیسانە، نەشتەرگەریکردنى منداڵبوون بووە و ئۆکسجینى لێ بڕاوە و ژنەکە بێهۆش بووە، یەکێکى دیکەیان، دواى بێهۆشکردنى بە دەرزى بەنج (بێهۆشکردن) ئەویش بە بێهۆشى ماوەتەوە و کچێکى تەمەن 18 ساڵیش، لە کاتى نەشتەرگەریدا گیانى لە دەستداوە، کۆتا قوربانیشیان (سەنا) دەستێکى بڕایەوە.
ئیدارەی پارێزگای دهۆک ئامادەیە هاوکاریی سەنا بکات.
لاى خۆیەوە، فەرهاد ئەتروشى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، ئیدارەى پارێزگاى دهۆک ئامادەى هەموو هاوکارییەکە بۆ سەنا.