ئاژانس – سامان عومەر
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی ساڵێکی تەمەنی تێپەڕاند و لەو ساڵەدا زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی دەستگیر کراون، ئەوەش وای لێ کردوون ئەم کابینەیە بە حکومەتێکی “پۆلیسی” و “ئەمنی” ناو ببەن.
لە دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تۆمار کردووە، پێشێلکارییەکان بریتین لە (١٤٣) ڕووداوی پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، خۆپیشاندەران، مامۆستایانی خۆپێشاندەر، وەك تیرۆرکردن، زیندانیکردن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، هەڕەشە و ترس و تۆقاندن لە هەرێمی کوردستان، کە لە سەرەتای مانگی یەك تا کۆتایی مانگی شەش لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دراون، بە جۆریك لە پارێزگای هەولێر ٤٦، سلێمانی ١٣، دهۆك ٨٤ حاڵەت هەبووە.
دیار محەمەد، بەرپرسی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنووسان بە “ئاژانس”ی وت: “لە ماوەی ئەم كابینەیەی حكومەتدا 8 تا 9 كەیسی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان هەیە، ئەوە جگە لە سكاڵای قەزایی كە زۆر سكاڵا لەسەر ڕۆژنامەنووسان تۆمار كراوە، هەروەها ئەوەش ڕوونە كە لەم كابینەیەدا مەسەلەی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانان پەرەی سەندووە، بەتایبەت لەم ماوەیەدا پرسی كۆرۆنایان بە كار هێنا كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووسیان پێ دەستگیر كرد.”
وتیشی: “لە ماوەی ساڵێکی کابینەی حکومەتدا زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی دەستگیر کراون و تا ئێستاش بەشێکیان ئازاد نەکراون.”
لە تازەترین لێدوانی لێكۆڵەری باڵا “بەلكیس ویلەر” لە بەشی قەیران و ئاڵۆزییەكانی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچدا، باسی لە پێشێلكارییەكان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی هەرێمی كوردستان كردووە و دەڵێت: “هەرێمی كوردستان شوێنێكی پارێزراو نییە بۆ سازدانی گردبوونەوەی ئاشتییانە و ئازادیی ڕادەربڕین و بە دەستگیركردنی چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان حكومەتی هەرێمی كوردستان بزمارێكی دیكەی لە تابووتی ئازادیی ڕادەربڕین دا.”
هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەوە چالاکوانان هۆشدارییان دا لەوەی ئەم کابینەیە شەقڵێکی ئەمنی هەیە و ترسیان لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان پیشان دا.
گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆکی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە “ئاژانس”ی وت: “ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەسەر دەستگیركردن و فشارخستنە سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانان مایەی نیگەرانییە، كاری ئەم كابینەیەش لە بێدەنگكردنی ڕای ئازاد درێژەپێدەری كولتووری كابینەكانی پێشووترە و ئێستاش بەردەوامیی هەیە و هیوادارم مەترسی و دەمكوتكردنی خەڵك كۆتایی پێ بهێندرێ و خەڵك بتوانێت ئەوەی لە بیر و هۆش و دڵیدایە دەری ببڕێت.”
هەڵکشانی پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان مەترسیی لای ئەوان دروست کردووە.
محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ بە “ئاژانس”ی وت: “پێشێلکارییەکان لە هەڵکشاندان، بەڵام بە هۆی ئەم بارودۆخەی کۆرۆنا دروستی کردووە هیچ چالاکوان و ڕۆژنامەنووسێک سکاڵای لای ئێمە تۆمار نەکردووە.”