ئاژانس:
بەشێك لە ئەستێرەكانی مۆندیالی 2018ی روسیا رابردوویەكی هێندە كارەساتئامێزیان هەیە، دەكرێت بكرێنە فیلمی سینەمایی. هەندێ لەو ئەستێرانە بەمنداڵی بەدەست جەنگ و هەژاری و ترسەوە ناڵاندویانە، بەڵام ئێستا یەكێكن لە دیارترین ئەستێرەكانی تۆپی پێی جیهان و بەشداریی گەورەترین رووداوی وەرزشییان كردووە.
لۆكا مۆدریچ دیارترین ئەو یاریزانانەی مۆندیالە، كە منداڵییەكی سەخت ژیاوە و بەهۆی جەنگەوە كرواتیای زێدی خۆی جێهێشتووە و ساڵانێك لەنێو كەمپی پەنابەراندا ژیانی بەسەربردووە. بەڵام ئێستا یەكێكە لە باشترین یاریزانانی جیهان و لەم مۆندیالەشدا ئاستێكی بەرزی پێشكەشكردوە.
ڤیكتۆر مۆسێس ئەو یاریزانە نایجیرییەی بە پەناڵتی گۆڵێكی لە ئەرجەنتین تۆماركرد، هاوشێوەی مۆدریچ بەهۆی شەڕی ناوخۆوە وڵاتی خۆی جێهێشتووە. ئەو هەر لە تەمەنی 11 ساڵییەوە بێ دایك و باوك ماوەتەوە.
مۆدریچ و مۆسێس نمونەی ئەو یاریزانانەن، كە پاش بەسەربردنی ژیانیان لەنێو كەمپەكانی دەرەوەی وڵاتی خۆیاندا، دواجار بەدرێسی وڵاتی دایكەوە دەركەوتوون. بەڵام بەشێكی دیكە هەن، كە درێسی ئەو وڵاتەیان پۆشیوە كە پەنایان بۆ بردووە بۆنمونە شێردان شاكێری و ستیڤ مانداندا و دانیال ئارزانی.
شاكێری كە بەرچەڵەك ئەلبانییە، ئێستا درێسی هەڵبژاردەی سویسرا دەپۆشێت. هەروەها مانداندا كە بەمنداڵی لە وڵاتەكەی خۆی «كۆنگۆی دیموكراتی» هەڵاتووە، ئێستا نوێنەرایەتیی فەرەنسا دەكات.
لەنمونەی یاریزانە پەنابەرەكاندا بێگومان كوردیشی تێدەكەوێت، وەك ئەو نەتەوە بێدەوڵەتەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە هێشتا نەیتوانیوە بە ئاواتەكانی بگات.
دانیال ئارزانی كوردی خۆرهەڵاتە، ئەو بەمنداڵی لەگەڵ دایك و باوكیدا ئێران جێدەهێڵن و بەرەو ئوسترالیا كۆچ دەكەن. ئێستایش كە تەمەنی گەیشتۆتە 19 ساڵ وەك بچوكترین یاریزان بەشداریی مۆندیال دەكات بەدرێسی كەنگەرەكانەوە.
ئارزانی شانازیی بە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی ئوسترالیاوە دەكات و دەشڵێت «سەرەتای یاریكردنم بۆ ئوسترالیا ساتەوەختێكی تایبەت بوو. نوێنەرایەتیكردنی ئەو وڵاتەی كە هاوكاریی كردووین، بێگومان هەستێكی خۆشت پێ دەبەخشێت».
رەنگە ئەزمونەكەی ڤیكتۆر مۆسێس كەمێك جیاواز بێت. ئەو یاریزانە نایجیرییە كە ئێستا تەمەنی گەیشتۆتە 27 ساڵ دەڵێت «سەرەتای پەنابەریم كە روومكردە ئەوروپا زۆر قورس بوو، بەتایبەت كە دەچیتە نێو كلتورێكی تەواو جیاوازەوە».
مۆسێس لە شەڕ و ئاژاوەكانی نایجیریادا دایك و باوكی لەدەستداوە، بەڵام لە لەندەن لەنێو خێزانێكی بریتانیدا گەورە بووە و ئەركی بەخێوكردنیان گرتۆتە ئەستۆ.
ئەستێرە نایجیرییەكە دەڵێت «كاتێك وەك یاریزانێكی نوێ دەچیتە وڵاتێكی نوێوە، پێویستە هاوڕێی تازە بدۆزیتەوە. بێگومان ئەمەش كارێكی قورسە. لەسەرەتادا تەنانەت نەمدەتوانی بە زمانی ئینگلیزییش قسە بكەم، نەك ناسینی خەڵكانی نوێ».
مۆسێس بەزوویی هەلی ئەوەی دێتە بەردەم بچێتە یانەی كریستاڵ پاڵاسەوە، دواتریش لە 2012 گرێبەست لەگەڵ یانەی چێڵسی ئیمزادەكات.
لەمۆندیالی روسیاشدا مۆسێس یەكێك بوو لە یاریزانە بنەڕەتییەكانی نایجیریا، ئەگەرچی لە قۆناغی یەكەمدا ماڵئاواییان كرد.
ئەوەی پەیوەستە بە ستیڤ ماندانداوە، ئەو لە زائیر لەدایكبووە كە ئێستا ناوەكەی بۆ كۆنگۆی دیموكراتی. بەڵام لەكۆتاییدا هەڵبژاردەی فەرەنسای بۆ یاریكردنی نێودەوڵەتیی هەڵبژاردووە. بەهەمانشێوەی بیۆنیس سیستۆ كە لە دایكبووی ئۆگەندایە و یاری بۆ هەڵبژاردەی دانیمارك دەكات.
سیستۆ لەدایكوباوكێكی سودانی لەدایكبووە، بەڵام لە تەمەنی دوو مانگیدا كۆچیان كردووە بۆ دانیمارك و لەكەمپی پەنابەراندا ژیانیان بەسەر بردووە. لە 2014دا دەبنە هاوڵاتیی دانیماركی و دواتریش بانگێشت دەكرێت بۆ هەڵبژاردەی لاوانی وڵاتەكە.
جگە لە شیردان شاكێری، هەڵبژاردەی سویسرا چەند یاریزانێكی دیكەشی هەیە كە هەرچەندە لەوێ لەدایكبوون بەڵام رەچەڵەكیان دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر. بۆنمونە گرانیت چاكای ئەلبانی و جۆسیپ درمیچی كرواتی.
هاوكات هەڵبژاردەی كرواتیاش پڕە لەو یاریزانانەی بەهۆی جەنگی ناوخۆوە لەمنداڵیدا ئاوارە بوون و لە كەمپی وڵاتانی دیكەدا ژیانیان بەسەربردووە. لۆكا مۆدریچ یەكێكە لەوانەی ماوەیەكی زۆر لەنێو كەمپی پەنابەراندا ژیاوە. ئەمەیش هاوشێوەی هەریەك لە فێدران كۆرلۆكا و دیان لۆفرین كە ئەمانیش بەهۆی جەنگی بەڵقانەوە وڵاتیان جێهێشتووە و بەشی زۆری ژیانی منداڵییان لە كەمپەكانی ئەڵمانیادا بەسەربردووە.