״بەرامبەر مژدانەكەی داوای كارتی مۆبایلی لێ كردم״
ئاژانس
״چەند ڕۆژێك لەمەوبەر تەلەفۆنێكم بۆ كرا، پێی ڕاگەیاندم كە مووچەی 12 مانگم بەسەر یەكەوە دەدەنێ، لە بەرامبەر ئەوەی كە نزیكەی 2 ساڵە مووچەكەم ڕاگیراوە، كە مووچەی بێوەژنانەم وەرگرتووە، بەرامبەر ئەمەش داوای لێ كردم، كارتێكی 10 هەزاریی مۆبایلی بۆ بنێرم و بۆیشم نارد״. ئەمە وتەی فاتیمە ئەحمەدی تەمەن 55 ساڵ بوو، كە وەك خۆی دەڵێت فێڵی لێ كراوە.
چەند مانگێكە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، پەیوەندیی بە ژمارەیەك خاوەن پێداویستیی تایبەت و پیر و پەكکەوتەكانەوە كراوە و داوای پارە و كارتی موبایلیان لێ دەكرێت، بەشێك لەوان خانەنشینن یان مووچەی دیكەیان هەیە.
وەك ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە چەند هاووڵاتییەكەوە وەری گرتووە، ئەوانەی پەیوهندییان پێوە دەكەن زانیارییان سەبارەت بە ناوی سیانی و بڕی مووچەكەیان لایە.
فاتیمە ئەحمەد بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو كەسهی پەیوەندیی كرد ناوی سیانی و ناونیشان و بڕی مووچەكە و هەموو زانیاریی منی لابوو، وتی لە بەڕێوەبەراتییەوە تەلەفۆن دەكەین، منیش هیچ بیرم لای ئەوە نەبوو كە كەسێك بێت و فێڵ بكات، بۆیە لە كۆتاییدا پێی وتم، كە كارتێكی 10 هەزار دیناری بۆ بنێرم، وەك مژدانەیەك״.
وتیشی: ״لەبەر ئەوەی خۆم نازانم ئەو كارتە بنێرم، بۆیە یەكێك لە منداڵەكانی كوڕەكەمم بانگ کرد و كارتێكی 10 هەزاریی نارد بۆ ئەو ژمارەیە، بەڵام دواتر كە كچەكەم گەڕایەوە ماڵەوە بۆم باس كرد وتی دایكە فێڵت لێ كراوە״.
ئەو هاووڵاتییانەی كە پەیوەندیی دەكەن بەو كەسانەوە تەواوی زانیارییەكانیان لایە لەسەر كەسەكە، وەك ئەوەی كە لە لای حكومەت هەیە، بۆیە زۆرێكیان گومانیان لەوە هەیە، كە چەند فەرمانبەرێكی حكومەت خۆیان زانیارییەكانیان لای خۆیان وەرگرتبێت و ئەو كارەیان كردبێت.
محەمەد حەسەن تەمەنی 34 ساڵە و خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״دوای دووبارە پشكنینەوەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، منیش لە لایەن لیژنەكەوە پشكنینم بۆ كراوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر پەیوەندیم پێوە كرا و پێیان ڕاگەیاندم لە پشكنینەكە دەرچووم، مووچەكەم نابڕدرێت، تەواوی مووچە فەوتاوەكانیشم بۆ دەگەڕێنرێتەوە.״
وتیشی: ״ئەو كەسە داوای كارتێكی كۆڕەكی 25 هەزاریی لێ كردم وەك مژدانەیەك، بۆیە منیش وتم باشە بۆتی دەنێرم، دوای ئەوەی موبایلەكەم داخستەوە، پەیوەندیم كرد بە چەند فەرمانبەرێكەوە لە كاروباری كۆمەڵایەتیی هەڵەبجە، زانیم ئەو شتانە ڕاست نین، چونكە خۆیشم گومانم لا درووست بووبوو״.
سالار فەتاح بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەڵەبجە بە وەكالەت بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״چەند مانگێكە ئەم كارە سەری هەڵداوە لە هەڵەبجە، ئێمە ئاگادار بووین كە ساڵانی پێشوو، لە سلێمانی و چەمچەماڵ و سهیدسادق ئەم كارە ئەنجام دراوە، ئێستاش لە هەڵەبجە دووبارە دەبێتەوە״.
وتیشی: ״نازانین ئەوەی پەیوەندیی دەكات كەسێكە یان زیاتر لە كەسێك، تەواوی زانیارییەكانیشیان لایە، سەبارەت بەو كەسەی پەیوەندیی پێوە دەكەن، نازانین چۆن ئەم زانیارییانەیان دەست كەوتووە، كە لە كاتی پەیوەندیكردنیان داوای كارتی موبایل و پارە كراوە و پەیوەندیی بە خۆیشمەوە كراوە״.
ئاشكراشی كرد، ئەو هاووڵاتییانەی پەیوەندییان پێوە كراوە، هاتوونەتە لای ئێمە و سكاڵایان هەبووە، بۆیە ئێمەش بۆ ئەوەی هەوڵی دۆزینەوەی ئەو كەسە یان ئەو كەسانە بدەین، خۆم وەك بەڕێوەبەر بابەتەكەم گەیاندووەتە ئاسایش، سكاڵام تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی كار بكرێت لەسەر دۆزینەوەی ئەو كەسانە״.
بە پێی وتەی وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، ئەوان ئاگاداری بابەتێكی لەو جۆرە نین و سكاڵاش لای ئەوان تۆمار نەكراوە.
بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئاگادار نین لەو بابەتە و دەبێت كاروباری كۆمەڵایەتیی خۆی زانیاری بدات بەوان.