تەنیا پێشنیاری پاشەكەوتی مووچە جێبەجێ كرا
ئاژانس – هێمن حەسەن
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 17 پڕۆژە و دەستپێشخەری لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە و سەرەڕای بەڵێنی جێبەجێكردنیان لە لایەن پارتە سیاسییەكانەوە سەرجەمیان شكستیان هێناوە.
مانگی رابردوو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوایین داواكاری خۆی پێشكەش بە حكومەت كرد كە لە ماوەی 20 ڕۆژدا جێبەجێ بكرێت وەك پێشمەرجی كشانەوە لە حكومەت، ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر ئەو حزبە چەندین ڕاسپاردەو دەستپێخشەریی تری پێشكەش كردووە بێ ئەوەی هیچیان سەر بگرێت.
پڕۆژە لەبیركراوەكانی یەكگرتوو
ساڵی 2013 یەكگرتووی ئیسلامی پڕۆژەیەكی پێشكەشی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كرد كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتیی دەكرد، هەر لەو كاتەشدا ئەو كابینەیە بەڵێنی ئەوەی بە یەكگرتوو دا بەشێك لەو پڕۆژەیە بخاتە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیەوە، بەڵام هیچ خاڵێكی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ نەكرا و یەكگرتووش بێدەنگیی هەڵبژارد، ئەوەش شكستی یەكەم پڕۆژەی ئەو حزبە بوو لە كابینەی نوێدا.
ساڵی 2014 ئەو حزبە پڕۆژەیەكی تری سەبارەت بە پڕۆژەی دەستووریی هەرێم و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی خستە بەردەم سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پارتی و یەكێتیی، بەڵام یەكگرتوو بە هۆی نیگەرانیی پارتی لەو پڕۆژەیە نەیتوانی بەرگری لە پڕۆژەكانی بكات، تاكو لە ساڵی 2015 بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكگرتوو بە بڕیاری حزبەكەیان نەچوونە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتیی هەرێم، بەوەش شكستیان بە پڕۆژەكەی خۆیان و پڕۆژەی هاوشێوەی گۆڕان و یەكێتیی و كۆمەڵی ئیسلامی هێنا كە بۆ هەمان مەبەست پێشكەشیان كردبوو.
ساڵی 2014 یەكگرتوو جارێكی تر پڕۆژەیەكی دیكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبای هەرێم و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پێشكەش كرد، ئەوكات وەزارەتی كارەبا لە پشكی ئەو حزبە بوو، بەڵام بە هۆی پشتگوێخستنی ئەو وەزارەتە لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە ناچار یەكگرتووی ئیسلامی وەزارەتی كارەبای ڕادەستی پارتی كردەوە.
بەهزاد زێباری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״هەموو ئەو پڕۆژانەی ئێمە لە خولی چوارەمدا پێشكەشمان كردوون لە بواری چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی هەروەها خزمهتكردنی نیشتیماندا بووە، بەڵام بە داخەوە هەر جارە و بە بیانوویەك ئەو پڕۆژانە پشتگوێ خران و جێبەجێ نەكران״.
یەكگرتوو بۆ جارێكی تر لە ساڵی 2015دا پڕۆژەیەكی تری بۆ كێشەی داهاتی نەوت و گاز پێشكەشی پەرلەمان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كرد، ئەم پڕۆژەیەش بێ پێداگیریی ئەو حزبە لە بیر كرا و هیچ خاڵێكی جێبەجێ نەكرا، هاوكات ساڵی 2016 لەسەر هەمان پرس پڕۆژەیەكی تر درایەوە بە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز، ئەویش بە هەمان شێوە پشتگوێ خرا.
2017 ساڵی پڕۆژە بوو
ساڵی 2017 بۆ یەكگرتوو ساڵی پێشكەشكردنی پڕۆژە بوو بە لایەنەكان و حكومەتی هەرێم و لە ماوەی ئەو ساڵەدا یەكگرتوو سێ پڕۆژە و چەندین دەستپێشخەریی ڕاگەیاندووە، بەڵام هیچكام لەو پڕۆژە و دەستپێشخەرییانە سەریان نەگرت و بێئەنجام بوون كە گرنگترینیان پڕۆژەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و دەستپێشخەریی كۆكردنەوەی پارتی و گۆڕان دوای دوو ساڵ لە دابڕان.
یەكگرتووی ئیسلامی لە 6/3/2017 سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و پڕۆژەیەكی 12 خاڵیی خستە بەردەم ئەو پارتە و لایەنەكانی تر، لە 15/9/2017 یەكگرتوو پڕۆژەیەكی تری خستە بەردەم پارتی و یەكێتیی كە بەو مەرجە بەشدار دەبێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەم دوو پڕۆژەیەش جێبەجێ نەكران.
جارێكی تر و لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017 یەكگرتووی ئیسلامی پڕۆژەیەكی نوێی بۆ چاكسازیی سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتیی كوردستان خستە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم، وەك لە پڕۆژەكەدا ئاماژەی پێ كراوە ئەگەر ئەو پڕۆژەیەمان پاڵپشتی بكرێت ئەوا لە ماوەی شەش مانگدا كێشەكانی هەرێم زۆربەیان لە ڕووی ئابوورییەوە چارەسەر دەبن.
لە نوێترین هەڵوێستیشدا ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو بڕیاری مانەوەی داوە لە كابینەی هەشتەم، ئەویش به مەرجی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی كە بۆ چاكسازیی سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتی و دارایی كوردستان پێشكەشی كردووە، هۆشدارییشی داوە كە جێبەجێ نەكرێت لە حكومەت دەكشێتەوە.
بێئەنجامبوونی دەستپێشخەرییەكان
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا یەكگرتووی ئیسلامی جگە لە پڕۆژەكانی كە پێشكەشی كردوون و بێئەنجام بوون چەندین دەستپێشخەری و پێشنیاری بۆ پەرلەمان و حكومەت و لایەنەكان كردووە، بەڵام ئەوانیش بێئەنجام بوون و شكستیان هێناوە.
كاتێك ساڵی 2015 و لە 19ی ئابدا پڕۆژەی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتیی و كۆمەڵ و یەكگرتوو بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم لە پەرلەماندا شكستی هێنا بە هۆی ئامادەنەبوونی ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئەو حزبەوە، یەكگرتوو دەستپێشخەرییەكی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی ڕاگەیاند و دوای نۆ كۆبوونەوە هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتووە و سەرئەنجام بە داخستنی پەرلەمان و دەركردنی چوار وەزیری گۆڕان كۆتایی هات.
لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2015وە تاكو مانگی ئەیلوولی ڕابردوو هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی لە نێوان پارتی و گۆڕاندا نەكرابوو، بۆیە یەكگرتوو دەستپێشخەرییەكی كرد بۆ كۆكردنەوەی ئەو دوو حزبە تاكو كێشەكانیان چارەسەر بكەن و پەرلەمان كارا بكەنەوە، بەڵام یەكگرتوو لەو هەوڵەشیدا شكستی هێنا.
لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئەمینداری یەكگرتوو سێ جار دەستپێشخەریی بۆ مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی پێشووی گۆڕان كرد تاكو كۆ ببنەوە، بەڵام ئەو دەستپێشخەرییانەش بێئەنجام بوون، هاوكاتیش لە كۆكردنەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و سەركردایەتیی گۆڕان شكستی هێنا.
سەباح باپیری ئەندامی ئەنجوومهنی سەركردایەتیی یەكگرتوو بە ״ئاژانس״ی ڕایگەیاند: ״ئێمە وەكو پارتێكی سیاسی پڕۆژەمان پێشكەش كردووە، ئەوەش ڕێگایەكی تەندرووستە لە هەر وڵاتێكدا، ناتوانین بشڵێین هیچ كام لەو پڕۆژانە جێبەجێ نەبوون، بەشێكیان لێ جێبهجێ كراوە״.
یەكێكی تر لەو دەستپێشخەرییانەی یەكگرتووی ئیسلامی كردی نزیكبوونەوە و درووستكردنی بەرەیەكی ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان بوو دوای چەندین كۆبوونەوە و درووستكردنی لیژنەی جۆراوجۆر، بەڵام سەرئەنجام ئەو پڕۆژەیەش شكستی هێنا.
تاكە پڕۆژەی یەكگرتوو كە پەسەند كرابێت ئەوە بوو لە ساڵی 2015 پێشكەشی كرد بە پێدانی نیوەمووچە بە فەرمانبەران و پاشەكەوتكردنی نیوەمووچەكەی تر بوو.
د. كامەران سابیر چاودێری سیاسی پێی وایە كە سیاسەتەكانی یەكگرتوو وەستاون و پشتگیریی دیموكراسی و دیكتاتۆرییش ناكات و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״یەكگرتوو بۆ خۆدەربازكردن لە ئینشیقاقی ناوخۆیی حزبەكەی نە پشتیوانیی هیچ لایەنێك دەكات و نە دژایەتییش دەكات، ئامادەشە لە پڕۆژەكانی خۆی پاشگەز بێتەوە و ڕێگەش لە هەر پڕۆژەیەكی دیموكراسی دەگرێت كە پێگە و بەرژەوەندییەكانی بخاتە مەترسییەوە، بۆیە لەبەر ئەمەیە یەكگرتوو لە هیچ پڕۆژە و دەستپێشخەرییەكدا سەركەوتنی بە دەست نەهێناوە״.