گفتوگۆ: شۆڕش ئەنوەر
میوان: حەكیم ئەبوبەكر
لهم گفتوگۆیهدا حەكیم ئەبوبەكر خاوهنى ماستهر له فهلسهفهى ئیسلامى و مامۆستا زانكوى كۆیه قسه لهسهر ئهوه دهكات كه ئەوەى ئیسلامى لەسەر دادەمەزرێت عەقڵە و خاڵیكردنەوەى ئایین لە عەقڵكارى بەرەو بتپەرەستیمان دەبات. حەكیم ئەبوبەكر پێشى وایه عەقڵ هەڕەشەیە لەسەر ئەو جۆرە ئایین و بیرە ئایینییەى كە ئایینیان لە خۆیاندا كورت هێناوە و شەریعەت بەبێ بوونى عەقڵ بەرەو تێڕوانى جاهیلى و تەقلید و دۆگمابوونمان پەلكێش دەكات، به بۆچوونى ناوبراو ئەم فۆڕمەى ئێستاى سەلەفییەت شانازى بە ناعەقڵانییەتەوە دەكات و عەقڵكارى وەك تۆمەت سەیر دەكەن، باوهڕیشى وایه موعتەزیلەكان عەقڵكارییان تەوزیف كردە ناو زانستى تەوحید تا بەڵگەى بەهێزى عەقڵى بخەنە ڕوو بەرامبەر ئەو كەسانەى كە باوەڕیان بە خوا و ئایین نییە و بوونى موعتەزیلەكان لەو كاتەدا زەروورەتێك بووە بۆ گەیاندنى شەریعەت، جهختیش لهوه دهكاتهوه كه حاڵى ئەمڕۆى موسڵمان هەمووى دەرئەنجامى جۆرى بیركردنەوە ناعهقڵانییهكانیهتى.
ئاژانس: ههرچهند قورئان زۆر داوای بهكارهێنانی عهقڵ و بیركردنهوه و تێڕامانی كردووه، بهڵام بۆچی سڵهمینهوهیهك و تهحهففوزێك ههست پێ دهكرێت له بهرامبهر عهقڵ له لاى موسڵمانان به گشتى؟
حەكیم ئەبوبەكر: بابەتەکە ڕوونە، دەکرێت تەحەفوزکارەکان لە هەمبەر عەقڵکاری دابەش بکەین بۆ دوو پۆلێن، ئەوانەی سوود و قازانجیان لەو چەقبەستووییە کردووە و گرنگییش بەو بابەتانە دەدەن کە خەڵکی شوێنکەوتە و چاولێکەری ئەوان بێت کە خۆیان لە دەسەڵاتدارە پاوانخوازەکان دەبیننەوە، کە تا حەدێکی زۆر ئەم کارەش بۆ ئەوان سەری گرتووە و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە وڵاتانی موسڵماناندا ئەبیندرێت کە زۆرێک لە دەسەڵاتداران کۆمەڵێک فەتواسازی ئایینییان درووست کردووە بۆ قۆرغکردنی بیر و هزری ئایینی کەوای کردووە لای خەڵکی ئاسایی کە لە بیرکردنەوە لە بابەتەکانی ئایین کورتهاتوون لەو کەسانە کە حکومەتەکەیان ڕایسپاردوون بۆ بیرکردنەوە لە بیری ئایینی ئەو نەتەوەیە. دووەم هۆکاری خۆبواردنی تاکی موسڵمان زیاتر خۆی لە دواکەوتوویی و نشوستی شارستانییەتی ئیسلامی ئەبینێتەوە کە لێکەوتەی تەمبەڵی لە بیرکردنەوە درووستى کردووە، هیچ شاراوە نییە مەسەلەی عەقڵکاری و بابەتە عەقڵییەکان خۆیان ئاسان نین، زۆر جاریش تەحەفوزاتەکە لەوەوە درووست بوو ئەو کەسانەی کە گرنگییان بە باسی عەقڵمەندی کردووە وابەستەی عەقڵکاری نەبوون واتە هەندێک جار پێشەنگانی ئەم بابەتانە لە ژیانی واقعییان وابەستەی گوفتارەکانیان نەبوون، دەگونجێت بڵێین بۆ ڕای گشتی نمونەیەکی باش نەبوون، کە من خۆم لەگەڵ ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەدا نیم بەڵام وەک باسم کرد خەڵکی بە گشتى لەگەڵ گوفتار و لە کردار کاردانەوەیان هەیە بگرە زۆرتر تەرکیزیان لەسەر کردارەکانە.
ئاژانس: پهیوهندیى نێوان دین و عهقڵ چ جۆره پهیوهندییهكه؟
حەكیم ئەبوبەكر : لە نێوان کۆی گشتیی ئایینەکان باسی ئەم جۆرە لە پەیوەندیی کراوە بە درێژایی مێژووی ئایینەکان جۆرێك لە تەنگەژەی نێوانیان بوونی هەبووە، بەڵام ئێمە قسەمان لەسەر ئەم پەیوەندییەیە لە ئیسلامدا، کە ئەڵێین ئیسلام، بێ سڵەمییەنەوە ئەبێت ڕاستەوخۆ بچم بۆ خودی دەقەکانی ئیسلام لە هەمبەر ڕوانینی بۆ عەقڵ و عەقڵکاری، بێشك ئەوەى ئیسلامى لەسەر دادەمەزرێت عەقڵە واتە ئەگەر كەسێك عەقڵى نوقسان بوو بە هەر هۆیەك بێت ئەوا حوكمەكان ڕوو ناكەنە ئەو كەسە، ئەمە لە ڕووى ئەحكامى فقهییەوە، بەڵام ئەگەر كەسانێك عەقڵیشیان هەبوو بەڵام هەر دینیان بە تەقلید وەرگتبوو بێ بیركردنەوە و پەسەندكردنى ئیختیاریارى خۆیان ئەوا ئەوكات ئەو جۆرەش لە دیندارى سودى نییە بۆیە لە هەردوو بارەكەدا چ لە عەقیدە بێت یاخود شەریعەت عەقڵ و عەقڵكارى مەرجى سەرەكیى ئایینى ئیسلامن، ئەگەر لە دەقەكانى قورئانیش بڕوانین 49 ئایەت لە قورئاندا باسى لەفزى عەقڵ دەكات زیاد لە 300 ئایەت باسى هاوواتاكانى عەقڵ دەكات، ئەوەى جێی سەرنجە لە قورئاندا وشەی عەقڵ وەك « ناو» (اسم) و چاوگ (مصدر) نەهاتووە بەڵكو هەموو بە فعل باس كراوە كە ناو ئاماژەیە بۆ جێگیرى و نەگۆڕان بەڵام فعل ئاماژەیە بۆ نوێبوونەوە بەردەوامى، پاشان عەقڵانییەت لە ئیسلامدا پێویستى بە تەئویل و خۆنەرمكردن نییە تا لەگەڵ واقع بگونجێت، بەڵكو عەقڵانییهتێكە كە عەقڵ و نەقڵ كۆدەكاتەوە و نەقڵ بە عەقڵ ئەخوێنێتەوە پاشان حوكمى عەقڵ بە نەقڵ دەدات، چونكە ئەقڵیش یەكێكە لە بەهرە و پێكهاتەكانى مرۆڤ ههرچەندە گەورە و خاوەنى شكۆیە و لە مەوداى دونیادا خاوەنى بڕیارە بەڵام ئەوەى وابەستەى غەیبیاتە ناتوانێت دەركى بكات و پێویستە لەژێر ڕۆشنایى نەقڵ پێ بنواڕێت، لە گرنگ ترن پەیوەندییەكانى عەقڵ بە ئیسلامەوە ئەوەیە كە زانایان لە پێنج شتە زۆر پێویستەكانیان مەبەستەكانى شەریعەتیان هەژمار كردووە.
ئاژانس: ئهگهر پهیوهندیى نێوان دین و عهقڵ پهیوهندییهكى سرووشتییه ئهى بۆچى مامهڵهى واقعى لهناو دونیاى موسڵماندا له ههمبهر عهقڵ سرووشتى و ئاسایی نییه؟
حەكیم ئەبوبەكر: ئەم پرسیارە وەك ئەوە وا بڵێین بۆچى دونیاى ئیسلامى دادپەروەرانە بەڕێوە نابرێت خۆ لە قورئان و سوننەت زۆر جەخت لە عەدالەت كراوەتەوە، مەسەلەكە هەوا و ئارەزوو و مەسڵەحەتە واى كردووەكە نە مامەڵەى دادپەروەرانە بكرێت نە عەقڵانییانە، برا گیان ئێمە كێشەمان لە جوانیى دەقەكاندا نییە، بەڵكو لە جێبەجێكردنیدایە، ئەویش بە مانا قورئانییەكەى، چۆن؟ ئەمڕۆ لەناو موسڵماناندا زۆربەى سروتە ئایینییەكان بوونەتە ڕوواڵەت نوێژ، ڕۆژوو، حەج… ئەزیزم عەقڵ ئەگەر شتێك خۆت خاوەنى نەبیت پێت ئەڵێت ئەوە موڵكى تۆ نییە، بەڵام ئایا هەموو كەسێك بە گوێى ئەكات؟! ئەوە حەز و مەسڵەحەت و ویستى پاوەنخوازى كەسەكانە ڕێنادەن عەقڵكارى بكرێت، بۆیە پێم وایە چۆن خاڵیكردنەوە ژیان لە عەدالەت بەرەو ستەمكاریمان دەبات هەروەها خاڵیكردنەوەى ئایین لە عەقڵكارى بەرەو بتپەرەستیمان دەبات.
ئاژانس: بهڕاست عهقڵ ههڕهشهیه و ههڕهشه بووه لهسهر شهریعهت؟
حەكیم ئەبوبەكر : عەقڵ هەڕەشەیە لەسەر ئەو جۆرە ئایین و بیرە ئایینییەى كە ئایینیان لە خۆیاندا كورتهێناوە، بەڵام هەردەم شەریعەت لە هەموو سەردەمەكاندا ئەو جۆرە كەسانەى تێپەڕاندووە ئەوەش تەنها بەڕێگەى عەقڵى و عەقڵكارییانە ئەو جۆرە هەڵە تێگەیشتنانە ڕەوینەتەوە، بۆیە وەك باسمان كرد شەریعەت بەبێ بوونى عەقڵ بەرەو تێڕوانیى جاهلى و تەقلید و دۆگمابوونمان پەلكێش ئەكات كە ئەمەش تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ پرەنسیپەكانى شەریعەت كە تانە لەو كەسانە ئەدات شوێن قسەى باو باپیرانیان كەوتوون بێ ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ بیر و هۆشمەندیى خۆیان وەك لە سورهتى الانبیاو 53- 54 ئاماژەى بۆ كراوە .
ئاژانس: بۆچى ههمیشه سهلهفییهت دوژمن به عهقڵه؟ یان لانیكهم زۆر گهرموگوڕ نین له مامهڵهكردن لهگهڵ عهقڵدا؟
حیكم ئەبوبەكر : ئەوەى كە پێویستە سەرهتا جیاى بكەینەوە تێڕوانینمانە بۆ دەستەواژى سەلەفییەت لەگەڵ دەستەواژەى عەقڵ و عەقڵكارى، سەلەفییەت لە كۆنەوە تا ئێستا بە چەندان جۆر و كەس و میتۆدى جیاواز هەڵزنراوە، جا ئەگەر مەبەستت لە عەقڵییەتى ئەو ڕێچكەى ئێستا بێت كە هەیە پێشتر وەك مەزهەبی زاهیرى ناویان دەركربوو كە زیارتر تەركیزیان لەسەر ڕووكارى دەقەكان بوو ئەویش لە بەرامبەر ئەو ڕێچكە باتنییە سەرى هەڵدابوو كە ئایینى لە هەموو سروتەكان ئەشۆردەوە و ئەوەى بە ناوى قەزیەى تەئەویلهوە ئایینیان وا ئەدورى كە خۆیان ئەیانویست، هەروەها چەندان ڕێچكەى خەیاڵى و ناواقیعى درووست بوون كە خۆیان لە چەندان گرووپی سۆفیگەرى تەیار كردبوو، بۆیە سەلەفییەت ئەوەندەى كاردانەوەى واقعێكە كە بۆ كاتى خۆى زەروورەتى هەبووە، بەڵام ئەم كاردانەوەیەش ئەوندە ڕۆچوونى تێدا كراوە كە ئەویش كاردانەوەى خۆى درووست كردووە مەزهەبى وەك موعتەزیلەكانى بە دواى خۆیدا هێنا ئەو فەراغە عەقڵییەى كە مەزهەبى ئەهلى حەدیس كە ئێستا پێى ئەڵێن سەلەفییەت پڕ بكاتەوە، گەرموگوڕنەبوونی سەلەفییەتیش لە هەمبەر عەقڵكارى ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەنگژە مێژووییە كە هەیبووە لە گەڵ موعتەزیلەكان.
ئاژانس: ئایا سهلهفییهت بهو فۆرمهى كه ئێستا ههیه یهكسان نییه به ناعهقڵانییهت و دوژمن بهههر پڕۆسهیهكى عهقڵى؟
حەكیم ئەبوبەكر: ئەو سەلەفییەتەى ئێستا هەیە زۆر جیاوازە لەو فۆڕمە كۆنەى كە هەبووە، تەنانەت ئەگەر سەیرى نووسینەكانى ئین تەیمیە بكەین كە سەلەفییەكانى ئەم سەردەمە بە ڕابەرى خۆیانی ئەزانن لە هەمبەر لێكدانەوەى بۆ دەقەكان زۆر بەڕوونى ئەو جیاوازییە گەورە بەدى دەكەیت لە كاتێكدا ئیبن تەیمیە دە بەرگ كتێبى لەسەر پەیوەندییەكانى نێوان عەقڵ و نەقڵ نووسیوە، كاتێك ڕەخنە لە لۆجیكی ئەرستۆیى ئەگرێت خۆى شارەزاییەكى باشى هەیە لە لۆجیك، بەڵام ئەم سەلەفییانەى ئەم سەردەمە هەر لە بنەڕەتدا ئەو جۆرە لۆجیكەیان بەلاوە قەدەغەیە پێش ئەوەى بیزانن، پاشان ئەگەر سەیرێكى ترى كتێبى ڕفع الملام عن ائمە الاعلام بكەیت ئەبینیت چەند كراوە بووە بۆ تێگەیشتنەكانى بەرامبەر كە ئەم جۆرە لە بیركردنەوە لەناو سەلەفییەكانی ئێستادا بەدى ناكرێت بەڵكو پێچەوانەكەى پیادە دەكرێت، بۆیە ئەم فۆڕمەى ئێستا لە سەلەفییەت شانازى بە ناعەقڵانییەت دەكات عەقڵكارى وەك تۆمەت سەیر دەكەن، لە كاتێكدا سەلەفییەتى كۆن كاتێك قسە لەسەر دەلیلە عەقڵییەكان دەكرا تا حەدێكى زۆر مەنهەجییانە مامەڵەیان ئەكرد، ئیبن تەیمیە لە زۆربەى نووسینەكانى بۆ موناقەشەكردن لەگەڵ نەیارەكانى میتۆدەكانى ئیبن ڕوشدى فەیلەسوفى تەوزیف دەكرد، چونكە هەستى بە كاریگەرى و بەهێزى ئەو جۆرە لە مەنهەجییەت كردبوو و تا سنوورێكى زۆریش سەركەتوو بوو لەو تەوزیفكردنەدا.
ئاژانس : بۆچى لهزووهو تائێستاشى لهگهڵدا كاتێك باسى عهقڵ دهكرێت زۆرتر تۆمهتێك حازره كه تۆمهتى موعتهزیله بوونه؟
حەكیم ئەبوبەكر : ئەمە زیاتر ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو كارو و كاردانەوەى كە لە مێژووى ئەو دوو مەزهەبانەدا دروست بوون، ووردە ووردە ئەو تەشەنوجاتەى زیادى كردووە هەر یەكەیان بەرامبەرەكەى بە چەندان تۆمەت ناوزەند كردووە، كێشەكە لەوەدایە كە بەردەوام زوڵم لە ناوى موعتەزیلە دەكرێت كە گەیشتووەتە حەدێك ئەگەر كەسێك دژ بە ئایینیش بێت ئەڵێن ئەوە موعتەزیلەیە، لە كاتێكدا موعتەزیلەكان هەموو هەوڵێكیان بۆ ڕوون كردنەوە و دەرخستنى لایەنە گەردوونیەكەى ئایینى ئیسلام بووە، بۆیە ناوزەند كردنى هەر نەیارێكى ئایین بە موعتەزیلە كارێكى تەواو نامەنهەجییە.
ئاژانس: پهیوهندیى عهقڵانیبوون و موعتهزیله چییه لهناو دونیاى موسڵماناندا؟
حەكیم ئەبوبەكر: پاش بڵاوبوونەوەى ئیسلام بە ناوچەكانى فارس و ڕۆمدا چەندان ڕێچكەى ئایینى و فەلسەفى لەو وڵاتانەدا بوونى هەبوو بۆ قسەكردن لەگەڵ ئەو عەقڵییەتانەش زەروور بوو كە ئیسلام بە عەقڵكارى ڕوون بكرێتەوە، لەبەر ئەوەى موعتەزیلەكان یەكەم مەزهەبى ئیسلامى بوون كە ئەو ئەركەیان گرتە ئەستۆ و عەقڵكارییان تەوزیف كردە ناو زانستى تەوحید تا بەڵگەى بەهێزى عەقڵى بخەنە ڕوو بەرامبەر ئەو كەسانەى كە باوەڕیان بە خوا و ئایین نییە.
ئاژانس: ئایا مامهڵهى موعتهزیلهكان لهگهڵ عهقڵ لهو بابهتانهى كه پهیوهندییان به شهریعهتهوه ههیه به گرفت بۆ شهریعهت كۆتاییان پێ هاتووه؟
حەكیم ئەبوبەكر: بە پێچەوانەوە بوونى موعتەزیلەكان لەو كاتەدا زەروورەتێك بووە بۆ گەیاندنى شەریعەت، لە چەندان مونازەراتى ئایینەكان لە دیوانى خەلیفەكان و پاشاكاندا شكۆى ئایینى ئیسلامیان پاراستووە و سەركەووتو بوون، تەنانەت دواى دەستگیركردنى زۆربەى زاناكانیان بۆ كاتى مونازەرەكردن لەگەڵ ئایین و فەلسەفەكانی تردا خەلیفەكان بانگهێشتیان كردوون تاوەكو ئیحراج نەبن و وەڵامیان پێ بێت بۆ بەرامبەرەكانیان .
ئاژانس: كاریگهریی پاشهشكهی ڕهوتی عهقڵانییهت لهسهر دونیاى موسڵمانان چی بووه؟
حەكیم ئەبوبەكر: ئەو پاشەكشە شارستانییەى ئیسلام كە ڕووی دا لە هەموو ڕووەكانەوە بوو لە ڕووى شیعر، داهێنان، ئیجتهاد، عەقڵانییەت، ئەمانە هەمووى یەكەیەكى تەواوكارى شارستانیەتى ئیسلامى بوون بە وەستاندنى هەر یەكێكیان كەلێن دەكەوتە شارستانییەتەكە تا ئەوەى بەرەو داڕمان چوو، كاریگەرییەكەشى ڕوونە ئەوەى حاڵى ئەمڕۆى موسڵمانە هەمووى دەرئەنجامى جۆرى بیركردنەوەكانیەتى، بیركردنەوەش چ سوودێكى هەیە ئەگەر عەقڵكارى بە دواى خۆیدا نەهێنێت؟!