كورد نەیتوانی بچێتە بەرگی یەك فراكسیۆنەوە
ئاژانس: تایبەت
بڕیاری سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق جێی خۆی نەگرتووە سەرەڕای ئەوەی مانگێكە دەركراوە، بێمتمانەیی و كێشەی پۆست و ڕەخنە و گلەیی لایەنەكان لە یەكتری، ڕێگر بووە لەوەی كورد لە پایتەخت یەكدەنگ بێت و گفتوگۆی ئەوتۆش لەو بارەیەوە نەكراوە.
5ی تشرینی دووەمی 2019، كۆبوونەوەیەك لە نێوان هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و سەرۆككۆماری عێراق و سەركردەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە هەولێر بەڕێوە چوو، كە تیایدا بڕیار درا بە پێكهێنانی فراكسیۆنێكی كوردستانی، كە سەرجەم ئەو لایەنانەی نوێنەریان هەیە لە پەرلەمانی عێراق تیایدا بەشدار بن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ ئەو پرسە نەنراوە.
شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە كۆبوونەوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم پێكهێنانی لیستی كوردستانیی لە پەرلەمانی عێراق تەنها گفتوگۆی لەسەر كراوە و تاكو ئێستا نەگەیشتووین بە ئاستی ڕێكکەوتنی سیاسی و بە هۆی ڕووداوەكانی بەغداوە لە نێوان ئێمە و لایەنە سیاسییەكان نەمانتوانیوە لەم بارەوە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەین.״
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەزموونی پێكهێنانی فراكسیۆنێكی یەكگرتوو بۆ كورد لە بەغدا تووشی كێشە بووە بە تایبەت كە كاریگەریی ناكۆكییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەری زۆر بووە و بە هۆیەوە بەشێك لە لایەنەكان بەجێیان هێشتووە.
شیروان میرزا، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״تا ئێستا لە نێوان كوتلە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ درووستكردنی فراكسیۆنی كوردستانی هیچ دانیشتنێك نەكراوە.״
وتیشی: ״هیچ هەوڵێك نییە بەم نزیكانە بۆ هەمان مەبەست دانیشتن بكەین، چونكە پێشوەخت پێویست بە ڕێكکەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەكان دەكات.״
كورد لە پەرلەمانی عێراق 58 كورسیی هەیە؛ پارتی 25، یەكێتیی 18، گۆڕان 5، نەوەی نوێ 4، هەر یەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانیی نیشتیمانی یەكی دوو كورسییان هەیە.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكەین بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بە هۆی نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان تا ئێستا هەوڵێكی جددی بۆ درووستكردنی فراكسیۆنی كوردستانی نییە.״
وتیشی: ״پارتی دەیەوێت بە ناوی ئەوەی كە زۆرترین كورسیی هەیە، سەرجەم پۆستەكانی بەغدا بۆ خۆی قۆرخ بكات، بۆیە فراكسیۆنە بچووكەكانیش كە دەزانن هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت، بەو جۆرە ڕێكکەوتنە ڕازی نابن.״
پارتی دیموكراتی كوردستانیش پاساوی خۆی هەیە بۆ نەگەیشتن بە ئەنجام لەو پرسەدا لەگەڵ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، كە بیرۆكەی درووستكردنی ئەو فراكسیۆنە لە گۆڕەپانی ئەودا كراوە، جێگری سەرۆكی پارتییە.
دانا محەمەد جەزا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو لایەنە سیاسییانەی كە فراكسیۆنێكیان بۆ خۆیان درووست كردووە و دەڵێن پارتی بۆ درووستكردنی فراكسیۆنی كوردستانی داوای سەرۆكایەتیی فراكسیۆن دەكات، ئەوە لە ڕاستییەوە دوورە، چونكە تا ئێستا گفتوگۆ لە نێوانماندا نەكراوە و بەو پۆستەش نابین بە سەرۆكی وڵات، بەڵكوو پۆستێكی ڕەمزییە و پێكەوە بڕیار دەدەن و هیچ بڕیارێكی تاكڕەویی تێدا نادرێت.״
وتیشی: ״لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا برادەرانی مەكتەبی سیاسیی پارتی سەردانی بەغدایان كرد و جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كار بۆ درووستكردنی فراكسیۆنی كوردستانی بكەین، ئەگەر فراكسیۆنێكی فەرمیش ڕانەگەیەنین بە نیازین، لەگەڵ یەكێتیی پێكەوە فراكسیۆنێك درووست بكەین، ئەو كات دەتوانین هەموومان لە نیمچە ڕێكخراوێكدا پێكەوە كار بۆ یەكدەنگی بكەین.״
مەترسیی بەشێك لە فراكسیۆنەكان لە نزیكبوونەوە بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی كوردستانی ئەوەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەژموونی بكات و لە كێشەكاندا داوای هەڵوێستیان لێ بكات بەبێ ئەوەی لە دابەشكاریی پۆستەكاندا لە بەغدا پرسیان پێ بكات.
بەهار مەحمود، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بە شێوەیەكی كرداری تا ئێستا هیچ گفتوگۆ و هەنگاوێك بۆ درووستكردنی فراكسیۆنی كوردستانی نەنراوە، چونكە پارتی بۆ فراكسیۆنەكانی تر تەنها لە ئەركدا باس لە كوردایەتی دەكات، لە مافدا بە ڕەوای نازانێت وەك شەریكی ڕاستەقینە مامەڵەمان لەگەڵ بكات.״
وتیشی: ״دوو هۆكاری سەرەكی وای كردووە فراكسیۆنی كوردستانی درووست نەبێت، یەكەم ئەوەیە فراكسیۆنی پارتی لە دابەشكردنی سەفیرەكاندا ئامادە نەبوو بۆ هێزەكانی دەرەوەی خۆی تەنازوول لە نیو سەفیری خۆی بكات، دووەمیش نەبوونی شەفافییەت لە دۆسیەی نەوت هۆكارە كە ئێمە زانیاریمان لەسەر نەوت نەبێت چۆن بەشداری لە فراكسیۆنێكدا بكەین و خۆمان بكەین بە پاسەوانی شتێك كە هیچ ئاگامان لێی نییە.״