ئاژانس
پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە مەسعود كرباسیان وەزیری كاروباری ئابووری و دارایی سەندەوە.
ئەم بڕیارە لەمیانی دانیشتنێكی كراوەی ئەنجومەنی شورای ئێران (پەرلەمان)دا هات كە لەسەر داوای 33 پەرلەمانتار تایبەت كرابوو بە لێپرسینەوە لە مەسعود كرباسیان وەزیری كاروباری ئابووری و دارایی و رەخنەكانی تایبەت بە ئەدای وەزارەتەكەی لەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی رووبەڕووی كۆماری ئیسلامی بۆتەوە.
لە كۆی 260 دەنگ، 137 پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگیان بۆ دوورخستنەوەی وەزیری ئابووری دا و 121یش دژی وەستانەوە، هاوكات دوو پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.
وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی لە كاتێكدایە كە كۆماری ئیسلامی ئێران رووبەڕووی قەیرانێكی سەختی ئابووری و دارایی بۆتەوەو دراوی وڵاتەكەش بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.
قەیرانی ئابووری ئێران لەدوای سزاكانی ئەمریكا قووڵتر بۆتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت كۆماری ئیسلامی رووبەڕووی دۆخێكی سەختتر ببێتەوە كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان پاش چەند مانگێكی دیكە قۆناغی دووەمی سزاكان بەسەر تاراندا دەسەپێنێت. دیارترینی خاڵی سزاكانیش قەدەغەكردنی هەناردەكردنی نەوتە كە بە شادەرماری ئابووری ئێران دادەنرێت.