پارتی یه‌كه‌م حزبه كه ده‌بێت كار له‌سه‌ر پێشنیاره‌كانی مه‌سعود بارزانی بكات
سازدانى: ئاژانس – سه‌رچین ساڵح
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سكرتێرى حزبی سۆسیالیست دیمو‌كراتى كوردستان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه پارتی یه‌كه‌م حزبه كه ده‌بێت كار له‌سه‌ر پێشنیاره‌كانى مه‌سعود بارزانى بكات و ده‌شڵێت: ״به‌رپرسى زۆرێك له حزبه‌كانم بینیوه، هه‌موویان پێیان باشه كاك مه‌سعود له پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه، به‌ڵام كه‌سیان نایانه‌وێت به ئاشكرا له ترسى جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ئه‌و قسه‌یە بكه‌ن״.
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له چاوپێكه‌وتنێكى ״ئاژانس״دا باس له شێوازى حوكمڕانى ده‌كات له هه‌رێم و پێی وایه نه گۆڕان ده‌توانێت ده‌وڵه‌تدارى بكات و نه یه‌كێتییش ده‌توانێت ببێته ئۆپۆزسیۆن و ده‌شڵێت: ״ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتى بگه‌نه نه‌تیجه پێویستیان به هیچ حزبێك نییه، به‌ڵام ئه‌و دوو حزبه ڕێك نین״.
ئاژانس: سه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین به‌ڕێزت به‌م دواییه نزیك بوویت له مه‌سعود بارزانییه‌وه، نهێنیى ئه‌و په‌یامه‌ى له كوێدا بوو كه بۆ چاره‌سه‌رى كێشه سیاسییه‌كانى هه‌رێم ڕایگه‌یاند؟ ئه‌وه‌نده‌ى ئاگادار بووبیت گوشار هه‌بووه له‌سه‌رى بۆ ده‌ركردنى ئه‌و په‌یامه به‌تایبه‌ت گوشارى ده‌ره‌وه؟
محه‌مه‌دی حاجى مەحمود: جارى پێشووش له كۆبوونه‌وه‌ى حزبه‌كان هه‌مان ناوه‌ڕۆكى ئه‌و په‌یامه‌ى ته‌رح كرد، به‌ڵام ئه‌و كاته حزبه‌كان به ده‌مییه‌وه نه‌چوون، له كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا یه‌كێتیى و یه‌كگرتوو داوایان كرد لیژنه‌ى بۆ درووست بكرێت و دوا بخرێت، هه‌ر عه‌ینى ئه‌و په‌یامه‌ى ئێستا بوو، ڕه‌نگه ئه‌و كاته حزبه‌كان ویستبێتیان به‌زۆر ئه‌وه‌ى ده‌یانه‌وێت بیكه‌ن، به‌ڵام ده‌ركه‌وت بۆیان ناكرێت، ئێستا ده‌یانه‌وێت به گفتوگۆ بیكه‌ن، هیچ گۆشارێكیشى له‌سه‌ر نه‌بووه.
ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت پاره‌ى هه‌بوایه بڕوا ناكه‌م ئه‌و هه‌موو جوێنهى قبووڵ بكردایه
ئاژانس: ئه‌وه‌نده‌ى ئاگاداریت ئه‌و په‌یامه كاتێكى دیاریكراوى هه‌یه، واته بارزانى تا چه‌ند چاوه‌ڕێى لایه‌نه‌كان ده‌كات؟
محه‌مه‌دی حاجى مەحمود: كاك مسعود جگه له‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه سه‌رۆكى پارتییشه، یه‌كه‌م حزب ده‌بێت كارى بۆ بكات پارتییه، حزبه‌كانیش به‌یانیان ده‌ركردووه و پشتیوانی‌یان كردووه، دواى وه‌رگرتنى ڕه‌ئى حزبه‌كان كاتى جێبه‌جێكردنى په‌یامه‌كه دیارى ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆبوونه‌وە و گفتوگۆ پێویستى به كاته، حكوومه‌ت و په‌رله‌مان به ئیتیفاقات پێك هێنراوه، هیچى به یاسا نه‌كراوه، ته‌نانه‌ت ئه‌نجامى ده‌نگدانیش به ئیتیفاقات بوو، دواى 24 ڕۆژ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه ئاشكرا كرا، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به ئیتیفاق ئه‌نجامه‌كه‌ى ئاشكرا بكرێت، ده‌نگى ئه‌م حزب خرایه سه‌ر ئه‌و حزب، له به‌ینى دوو-سێ حزبدا ئه‌وه كرا.
ئاژانس: سیناریۆكانى دواى ئه‌گه‌رى شكستى ئه‌و په‌یامه چین، یه‌كێتیى و پارتى پێكه‌وه حكوومه‌تى زۆرینه پێك دێنن یان چى؟
محه‌مه‌دی حاجى مەحمود: به ڕاى من ئه‌گه‌ر یه‌كێتیى و پارتى بگه‌نه نه‌تیجه پێویستیان به هیچ حزبێك نییه، به‌ڵام ئه‌و دوو حزبه ڕێك نین، گرنگه له كۆبوونه‌وە و ئیتیفاقییهكاندا هه‌موو حزبه‌كان به‌شدار بن به‌ڵام شه‌رت نییه هه‌موویان به‌شداری حكوومه‌ت بن.
ئاژانس: مه‌سعود بارزانى ده‌ڵێت ئاماده‌م شوێنه‌كه‌م چۆڵ بكه‌م تا هه‌ڵبژاردن، پێت وایه ئه‌وه بۆ ئه‌وه بێت كه پاساو بۆ لایه‌نه‌كانى تر نه‌هێڵێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه؟
محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: نا هیچ پاساوێكى نه‌هێشتووه‌ته‌وه، فه‌رموون كێ ئاماده‌یه با خۆى كاندید بكات.
حزبه‌كان له‌سه‌ر مدیر عامێ شه‌ڕیانه ئه‌وه له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ڕه‌نگه هه‌ر خۆیان بده‌ن به كوشت
ئاژانس: بارزانى بهڕێزتى ته‌رح نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ى بچیته شوێنه‌كه‌ى به كاتى؟ ئاماده‌ى ئه‌و ئه‌ركه وه‌ربگریت ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان داوات لێ بكه‌ن؟ ئه‌ى ئه‌گه‌ر بدرێت به ده‌ست خۆت بۆ ئه‌و ماوه كاتییه كێت پێ باشه له‌و پۆسته‌دا بێت؟
محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: نا ئه‌و مه‌وزووعه هه‌ر باسیش نه‌كراوه، ئێمه به ته‌ماى پۆست نین، دهمانەوێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بن، حزبه‌كان له‌سه‌ر مدیر عامێ شه‌ڕیانه، ئه‌وه له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم ڕه‌نگه هه‌ر خۆیان بده‌ن به كوشت، مانگى نۆ ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، 11 مانگمان ماوه بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌بێت به سه‌رۆكى هه‌رێم چى پێ ده‌كرێت؟ ده‌توانێت ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكات كه هه‌یه؟ بۆیه پێم باشه حكوومەت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، په‌رله‌مان گۆڕانكاریى تێدا بكرێت، كاك مه‌سعودیش بمێنێته‌وه تا هه‌ڵبژاردن، له ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا به‌رپرسى زۆرێك له حزبه‌كانم بینیوه، هه‌مویان پێیان باشه كاك مسعود له پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه، به‌ڵام كه‌سیان نایانه‌وێت به ئاشكرا له ترسى جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ئه‌و قسه‌یە بكه‌ن.
ئاژانس: له په‌یامه‌كه‌دا بارزانی داوا ده‌كات گۆڕان پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى لێ وه‌ربگیرێته‌وه، ئایا ئه‌وه ئامانج نییه له‌وه‌ى پارتى ده‌یه‌وێت گۆڕان ببێته‌وه به ئۆپۆزسیۆن و بچێته ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى حوكمڕانى؟
محەمەدی حاجى مەحمود: ئه‌و ناڵێت سه‌رۆكى په‌رله‌مان له گۆڕان وه‌ربگیرێته‌وه، په‌رله‌مان له باتى ئه‌وه‌ى یاسا ده‌ربكات بووه به سه‌رچاوه‌ى كێشه، ئه‌م سه‌رۆكایه‌تییه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، ئینجا میلله‌تێك پیرۆزتره یان كه‌سێك، با گۆڕانكاریى تێدا بكرێت خۆ كێشه نابێت.
ئاژانس: گۆڕانت وه‌ك ئۆپۆزسیۆن پێ باشه له ئێستادا یان له حوكمڕانیدا بێت؟
محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: هه‌ندێ حزب وا درووست بوه نه‌توانێت ده‌وڵه‌تدارى بكات، هه‌ندێكیش ناتوانێت موعاره‌زه بێت، ئێستا یه‌كێتیى ناتوانێت موعاره‌زه بێت، بشبێته موعاره‌زه نازانێت چۆن موعاره‌زه بێت، گۆڕانیش وا درووست بووه نازانێت چۆن حكوومه‌ت به‌ڕێوه به‌رێت، موعاره‌زه بێت جوانتره.
ئه‌گه‌ر له به‌ره‌ى پارتیدا بووینایه ئێستا چوار- پێنج وه‌زاره‌تمان ده‌بوو
ئاژانس: په‌یوه‌ندیى به‌ڕێزت و نه‌وشیروان مسته‌فا چۆنه؟ به‌م دواییه په‌یوه‌ندیت پێوه كردووه كه له ده‌ره‌وه‌ى وڵات بووه؟
محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر باشه له‌گه‌ڵیدا و له‌گه‌ڵ قهواعیدییاندا، په‌یوه‌ندیمان هه‌یه، به‌ڵام له‌م سه‌فه‌ره‌ى دواییدا په‌یوه‌ندیمان نه‌بووه.
ئاژانس: زۆر جار ڕه‌خنه‌ى ئه‌وه له ئێوه ده‌گیرێت كه چوونه‌ته به‌ره‌ى پارتییه‌وه، به دیاریكراوى ده‌توانى ئه‌و وه‌ڵامه‌مان بده‌یته‌وه ئێوه له بهرەى پارتیدان؟
محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: ئه‌گه‌ر له به‌ره‌ى پارتیدا بووینایه ئێسا چوار-پێنج وه‌زاره‌تمان له حكوومه‌ت ده‌بوو، بۆ ئێمه له پارتى نزیك بین و ئه‌وان نزیك نه‌بن، ماوه‌ى 27 ساڵه حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌یه، ڕۆژێك دوژمنى ئه‌م حكوومه‌ته نه‌بووین، زۆر جاریش تێیدا نه‌بووین، ناشمانه‌وێت موعاره‌زه بین دژى حكوومه‌تێك خوێنمان بۆ داوه، به‌ڵام قسه‌ى خۆشمان هه‌بووه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، هه‌موو حزبه‌كان بیره‌نه‌وت و مه‌سفا و كارگه‌ى چیمه‌نتۆیان هه‌یه، ئێمه خاوه‌نى هیچ پڕۆژه‌یه‌ك نین.
ئاژانس: هه‌ست ناكه‌ى وه‌ك چۆن له گۆڕان و یه‌كێتییدا دوو باڵ و بۆچوونى جیاواز هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ناو پارتییشدا ئاوا بێت؟
محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: له هه‌موو شوێنێك ڕه‌ئى جیاواز هه‌یه، به‌ڵام یه‌كێك له سه‌ركه‌وتنه‌كانى پارتى ئه‌وه‌یه هه‌ر قه‌رارێك ده‌دات جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئاژانس: ئه‌و هێزه‌ى له‌گه‌ڵتدایه له كاتى چوونت بۆ به‌ره‌كانى جه‌نگ وه‌ك به‌رپرسی میحوه‌ر كێن و مووچه له كێ وه‌رده‌گرن؟
محەمەدی حاجى مەحمود: كۆمه‌ڵێكیان خۆبه‌خشن بێ ئه‌وه‌ى یه‌ك دینار وه‌ربگرن، برینداریش بوون هیچیان بۆ نه‌كراوه، به‌شێكیان له لیوا تێكهڵهكانن، به‌شێكى تریان پۆلیسن، به‌شێكى تریان پێشمه‌رگه‌ى خۆمانن له‌گه‌ڵ 1500 پێشمه‌رگه‌ى دێرین كه به‌شداریى شه‌ڕه‌كان ده‌كه‌ن.
ئاژانس: به‌ڵام له ماوه‌ى ڕابردوودا چه‌ندین جار ناوى هاووڵاتیانتان نووسیوه بۆ درووستكردنى فه‌وجى چه‌كدار، ئه‌وه كێ بۆتان درووست ده‌كات، به كوێ گه‌یشت؟
محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: ئه‌وه دوو-سێ ساڵه هه‌ر ناو ده‌نووسین و هیچ ئه‌نجامێكى نییه، ئه‌وه ئه‌وانه‌ن چه‌ند ساڵه پێشمه‌رگه‌ن، به‌ڵام تۆمار نه‌كراوه.
ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی و پارتی بگه‌نه نه‌تیجه پێویستیان به هیچ حزبێك نییه
ئاژانس: قه‌یرانى دارایى به‌و شێوه‌یه هه‌یه یان به ئه‌نقه‌ست گه‌وره ده‌كرێت؟
محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود: ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت پاره‌ى هه‌بوایه بڕوا ناكه‌م ئه‌و هه‌موو جوێنهى قبووڵ بكردایه و مووچه‌ى نه‌دایه، به‌ڵام گه‌نده‌ڵیى ساڵانى ڕابردوو و دابه‌زینى نرخى نه‌وت و بڕینى به‌شه‌بودجه‌ى هه‌رێم له لایه‌ن عێراقه‌وه هۆكارى قه‌یرانه‌كه‌ن.
ئاژانس: ئایینده‌ى كورد و ئه‌م بارودۆخه‌ى ئێستا چۆن ده‌بینیت؟
محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: پرسی كورد به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات و نایه‌ته دواوه، ڕه‌نگه بیر له كۆنفیدراڵی و سه‌ربه‌خۆیى بكه‌ینه‌وه، وه‌كو هاووڵاتیانیش هه‌وڵه‌كانیش به‌ره‌و ئاشتییه، هه‌مو ئه‌مانه به‌ستراون به یه‌كێتیى و پارتییه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو حزبه ڕێك بكه‌ون كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن، ئه‌گه‌ر یه‌ك نه‌بن هه‌رێمى كوردستان ده‌بێته دوو به‌شه‌وه.