سازدانی: ڕۆستەم خامۆش
بۆ زیاتر گرنگیدان به ئهدهبیاتی منداڵان و ئاوڕدانهوه له كهسایهتییهكانی ئهو بواره، به پێویستمان زانی ئهم دیداره لهگهڵ شاعیر و نووسهری بواری ئهدهبیاتی منداڵان بهڕێز ئهندازیار (محهمهد بهرزی) ئهنجام بدهین.
ئاژانس: دەستپێکی ئاشنابوونت بە دونیای جوانی و ڕەنگاڵەیی منداڵان و سەرەتای نووسینت بۆ زارۆکان کەی بوو، بە شیعر یان چیرۆک دەستت پێ کرد؟
محهمهد بهرزی: لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مامۆستای پایەبەرز کاک (ڕەزا شوان)دا بە درێژی باسی هۆکار و سەرەتای ئاشنابوونم بە ئەدەبی منداڵانەوە کردووە، وا لێرەشدا بە کورتی ئاماژە بە هۆکارەکەی دەکەمەوە. لە سەرەتای ساڵەکانی حەفتاکانەوە دەستم بە نووسین کردووە، کە هیچ پەیوەندییەکییان بە ئەدەبی منداڵانەوە نەبووە، بیریشم لەوە نەکردبووەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان لا لەو ئەو ئەدەبە زۆر جوانە بکەمەوە. ساڵی ١٩٩٦ بۆ ئەمەریکا کۆچ دەکەم، بۆ سۆراخی کتێبی کوردی سەردانی کتێبخانەی ئەو شارە دەکەم، کە تێیدا نیشتەجێ بووین. هۆڵی ڕازاوە و دەوڵەمەندی منداڵان و زۆریی دایکان و باوکان و سەرقاڵییان بە منداڵەکانیانەوە، بە تەواوی سەرسامم دەکەن و هەستێکی ئێجگار سەیر لە ناخمدا درووست دەکەن و دەگەمە ئەو باوهڕەی، کە سەرچاوەی مەزنی و گەورەیی ئەمەریکا ئەو جۆرە هۆڵ و پەرۆشیی دایکوباوکانەیە. لە هەمان کاتدا هەست بە کەمتەرخەمییەکی زۆری خۆشم دەکەم، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان منداڵاکانم ئاشنای کتێب و گۆڤار و کتێبخانەی منداڵان نەکردوون. هەر لەوێدا دیمەنی ئەو هۆڵە، کە ناتوانم بە تەواوی گوزارشتی لێ بکەم، دەبێتە یەکەم تیشک و بەر ڕۆحم دەکەوێت. جا بۆ داپۆشینی ئەو کەمتەرخەمییەی خۆشم، ڕۆژی دوایی دەگەڕێمەوە هەمان کتێبخانە و نزیکەی دە کتێب و گۆڤار وەردەگرم و هەر زۆر بە خێرایی ٢٧ چیرۆک دەکەم بە کوردی، ئەمەش دەژمێردرێت بە یەکەم ئاوڕدانەوەم لە ئەدەبی منداڵان، کە بەو چیرۆکانە دەستیان پێ کردووە و هەتا ئێستاش بەردەوامە.
ئاژانس: گرنگی و سوود و بایەخی ئەدەب بۆ منداڵان چییە؟
محهمهد بهرزی: بە گشتی، گرنگی و سوود و قازانجی ئەدەب بۆ منداڵان بریتییە لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
*منداڵ فێری وشە و دەستەواژەی نوێ دەکات، لە هەمان کاتدا فێری چۆنێتیی بەکارهێنانی ئەو وشانەی دەکات، چ لە نووسین و داڕشتنی ڕستەدا، چ لە قسەکردندا.
* توانای قسەکردنی باشتر دەکات.
* زمانێکی پاراو و پووختی فێر دەکات.
* ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانتر دەکات. باشتر دەتوانێت بیر بکاتەوە، لە هەمان کاتدا ڕادەی بیرچوونەوەی کەم دەکاتەوە.
* خەیاڵی فراوان دەکات، کە بێگومان فراوانبوونی خەیاڵ، یەکێکە لە هۆکارەکانی داهێنان.
* هۆکارێکە منداڵ باوەڕی بە خۆی هەبێت.
* دەربارەی دەوروبەر زانیاريی لا درووست دەبێت.
* ئاسانتر فێری خوێندنەوە دەبێت.
* منداڵ لەسەر ئەوە ڕادەهێنێت لە تەمەنی گەورەییشدا هۆگری خوێندنەوە بێت.
* لەو منداڵانە زیرەکتر دەبێت، کە ناخوێننەوە.
*هۆکارێکە بۆ پشوودان.
* تۆوی بڕوا لە دڵیاندا دەچێنێ و فێری خۆشەویستي و ڕێزگرتنیان دەکات.
ئاژانس: لە نووسینەکانت بۆ منداڵان، پەیام و مەبەستت چییە و دەتەوێ چی بڵێی، یاخود چ بابەتێکت زیاتر لا گرنگە، کە منداڵانی پێ ئاشنا بکەی؟
محهمهد بهرزی: منـداڵان سامان و سەرمایەی بەنـرخی نەتـەوەن، یەکـەم چـینی کۆمەڵگـەن، کە دواڕۆژیان لەسەر بوونیاد دەنرێ، جا بۆ ئەوەی چینێکی پتەو و نەوەیەکی چاوکراوەی دانا و زیـت و زیـرەک بن، ئەوا بە کورتی پەیـامەکـانم بریتین لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
١ـ لە ڕێگەی لەبەرکردنی هۆنراوەکانەوە، منداڵان بتوانن فـێری زمانی شیرینی کوردی ببن بە جـوانی قسەی ڕەوانی پێ بکەن، فـێری نـووسین و هـۆگـری خوێندنەوە ببن.
٢- برەو بە بـەهـرە و تـوانا و گەشـە بە زەیـن و هـۆش و فـراوانکـردنی خـەیـاڵ و بیـرکـردنەوەیـان بـدەن.
٣- راهـێنانیان لەسـەر خۆشـەویسـتيی خـێزان و نیـشـتمان و دەوروبـەر، بـە ژینـگە و ئاژەڵ و باڵندەشەوە. بە دڵێکی فراوانیشەوە ڕێـز لە ڕا و بۆچوونی جیاواز بگرن و ڕەخـنەش قـبووڵ بکەن.
٤- هەسـتی منـداڵان بجوڵێنن، پرسیاریان لا درووست بکەن. دەربارەی مانـای وشە و بیـرۆکەی هـۆنـراوەکـان، چـاوکـراوە بـن، بـێ دوودڵـی پرسـیار لە گەورەکـان بکـەن و بێ شەرم و ترسیش ڕا و بۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن.
بێگومان ئەو بابەتانەشم لا گرنگن کە بریتیین لە: پەروەردە، فێرکاری، نیشتمانی و کۆمەڵایەتی، بیرکردنەوە و فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵ، خۆشی و شادی و ئارامی.
ئاژانس: تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چییە و دەبێ چۆن بۆیان بنووسرێ؟
محهمهد بهرزی: بە گشتی ئەدەبی منداڵان، جۆرێکە لەو ئەدەبانەی، کە یارمەتیی وروژاندنی هەست و سۆزی منداڵان دەدات. نووسەریش هەوێنی ئەو وروژاندنەیە، لە کاتێکدا بە وردی و شێوازێکی سووک و ئاسان نووسینەکانی هەڵدەبژێرێت. تایبەتمەندییە سەرەکییەکانیشی بریتین لە سێ شت: کورت بێت، سەروادار بێت و شادیبەخش بیت. سەرباری ئەمانەش هەڵگری چیرۆکی کورتی واتادار بێت و بتوانێت هەست و سۆزی منداڵان بجوڵینێت و ئاسۆی خەیاڵیان فراوان بکات. پێویستە نووسەر پێشەکیی ئامانجەکانی بزانێت، هۆنراوەکانی لەبەر ڕۆشنایی خواستەکانی منداڵاندا بنووسێت. دێڕەکانی کورت بن، تا بکرێت کەمترین وشە بگرنە خۆیان، وشەکان سەر بە فەرهەنگی منداڵان بن، وێنەی شیعری بگرنە خۆیان و دوور بن لە زمانی تووند و زبر، مۆسیقادار بن، کێش و ترپەیان تەواو بێت، سەروایان هاوئاهەنگ بن و وێنەیان لەگەڵدا بێت.
ئەوەی شایانی باسە دەکرێت نووسەر ژیانی منداڵیی خۆی بکات بە هەوێنی هۆنراوەکانی وەک: چ شتێک لە کاتی خۆیدا سەرسامی کردووە، حەز و ئارەزووی لە چی بووە، لە چی ترساوە، چ جۆرە یارییەکی کردووە و… هتد.
ئاژانس: هەندێ منداڵی بەهرەمەند دەتوانن شیعر و چیرۆک بە زمانی خۆیان بنووسن، چۆن دەڕوانیتە قەڵەمەکانیان؟
محهمهد بهرزی: کاتێک لە گۆڤارەکاندا بەرهەمی ئەو منداڵانە دەبینم، زۆر خۆشحاڵ دەبم، کە دیارە دیاردەیەکی هیوابەخشە و نیشانەیە ئەو منداڵانە زیرەکن و توانای بیرکردنەوەیان هەیە. جا ئەگەر لە لایەن خێزان و قوتابخانە و بڵاوکراوەکانەوە گرنگییان پێ بدرێن، ئەوا دڵنیام دواڕۆژێکی زۆر ڕووناکیان لە بەردەمدایە، بە کورتی ئەوانە تروسکاییەکن و چاوی ئومێدیان لەسەرە، تا زیاتر لێیان نزیک بکەوینەوە و باوەشیان بۆ بکەینەوە، زیاتر گەش دەبنەوە.
ئاژانس: ئەدەبی منداڵانی کورد لە ئێستادا چۆن دەبینی، ئایا بە ڕای تۆ بایی ئەوەندە دەبێ کــە بڵیین جێگەی ئـومێد و خۆشحاڵیمانە؟
محهمهد بهرزی: بەراورد بە ساڵانی پێش ڕاپەڕین، کاری زۆر کراوە. لەگەڵ ئەو بارە نالەبارەی وڵاتەکەماندا، کۆمەڵێک نووسەری بەڕێز و دڵسۆز بە بەردەوامي لایان لە ئەدەبی منداڵان کردووەتەوە و توانیویانە بەرهەمی جوان و ناوازە پێشکەش بە منداڵان بکەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێگەی ئومێد و خۆشحاڵییە. بەڵام چەند هۆکارێکیش بوونەتە بەربەست لە بەردەمی گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەو ئەدەبەدا، کە بە کورتی ئاماژە بۆ هەندێکیان دەکەم، وەک: ١- گرنگی نەدانی دەوڵەت بەو بوارە گرنگە و نەبوونی گۆڤار و بڵاوکراوەی پێویست. ٢- نەبوونی کۆمەک و لالێنەکردنەوە لە نووسەران بۆ چاپکردنی بەرهەمەکانیان. ٣- بە گشتی کۆمەڵگەی کوردی هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستێکی پێویست بۆ ڕاهێنانی منداڵەکانیان لەسەر خوێندنەوەی بابەتی منداڵان، بەڵگەش بۆ ئەمە ئاماری زۆر کەمی ئەو کتێبانەیە، کە دەفرۆشرێن. ٤- ڕۆڵی زۆر سستی ڕەخنە لە ئاستی ئەو هەموو بەرهەمانەی بڵاو دەکرێنەوە، کاریگەریی خراپی لەسەر درووستبوونی ئەدەبێکی بێ خەوش درووست کردووە، کە لە ئاستی حەز و خەون و خولیای منداڵاندا بێت.
ئاژانس: تا چەند وەرگێڕانی ئەدەبی منداڵانی گەلانی دیکە بە پێویست دەزانی بۆ سەر زمانی کوردی، یان بایی ئەوەندە کاری بۆ کراوە؟
محهمهد بهرزی: بە گشتی وەرگێڕان جۆرێکە لە جۆرەکانی ئەدەب و مەسەلەیەکی ژیارییە. بریتییە لە سەرلەنوێ نووسینەوەی بابەتێکی زمانی بێگانە بە زمانی خۆمان. وەرگێڕان سوود و قازانجی زۆرە. ئاشنامان دەکات بە ئەدەبی بێگانە و بیرۆکەی نوێ. تێگەیشتن لە دنیای دەرەوە، کە بەردەوام لە پێشکەوتندایە. یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ تێگەیشتن لە ئەدەبی بێگانە و شێوازی نووسین و جۆری بیرکردنەوەیان، هەر بۆیە بە وەرگێڕان شارایەکی تر دەچێتە سەر خەرمانی ئەدەبەکەمان، کە دیارە ئەمەش بە سوود و قازانج بۆمان دەگەڕێتەوە و ئاسۆی بیرکردنەوەمان فراوانتر دەکات و گۆڕانکاري لە شێوازی نووسینەکانماندا دەکات. ئەوەی شایانی باسیشە و ئەوەندەی من بزانم، لە بواری وەرگێڕاندا کاری زۆر بۆ منداڵانمان نەکراوە.
ئاژانس: بەو پێیەی بەڕێزت لە ئەمەریکا دەژیت و نیشتەجێی ئەو وڵاتەی، ئایا ئەدەبیاتی منداڵان لە ئەمەریکا لە چ ئاستێکدایە، یان دەتوانی نموونەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ خوێنەران باس بکەی؟
محهمهد بهرزی: لە ئەمەریکادا بابەتی ئەدەبیاتی منداڵان لە ئاستێکی ئێجگار بەرزدایە، چ وەک ناوەڕۆک، چ وەک شێوازی چاپکردن و جۆری کاغەز و بەرگ و وێنەکانی ناوی. پاشان پڕۆسەی خوێندنەوەی کتێب بۆ منداڵان لە دایەنگەوە دەست پێ دەکات. ڕۆژانە دادەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کتێبیان بۆ دەخوێننەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی لەناو خێزانیشدا خوێندنەوە بەردەوامیی هەیە. دەتوانم بڵێم هەر ماڵێکی ئەمەریکایی، منداڵی تێدا بێت، ئەوا مەحاڵە ئەو ماڵە کتێبی تێدا نەبێت. پاشان ئەوەی زۆر سەرنجیشی ڕاکێشاوم، ئافرەتی دووگیانم بە چاوەکانی خۆم بینیوە، کتێبی بۆ کۆرپەلەکەی ناو سکی خوێندووەتەوە. ئەمڕۆش شێوازی ئەو خوێندنەوەیە لە برەودایە. چونکە بە پێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە، ئەو منداڵەی لە سکی دایکیدا کتێبی بۆ خوێنرابێتەوە، لەو منداڵانە زیرەک و ئارام و کراوەتر دەبن، کە کتێبییان بۆ نەخوێنراوەتەوە.
ئاژانس: بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵانی کورد، چی بە باش دەزانی، یان چی پێویستە بکرێ بۆ ئەوەی ئەم ژانرە ئاوڕی زیاتری لێ بدرێتەوە، یاخود پێت چۆنە ئەنجوومەنێکی تایبەت بە شاعیر و نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانی کورد هەبێ؟
محهمهد بهرزی: لە چاوپێکەوتنێکدا بە کورتی هۆکارەکانی بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵانم باس کردووە. جا لەبەر گرنگیی پرسیارەکە، حەز دەکەم لێرەشدا هەمان وەڵام وەک خۆی بنووسمەوە:
١- بوونی دەزگایەکی تایبەت لە ژێر سەرپەرشتیی کەسانی شارەزای هەموو بوارەکانی ئەدەبی منداڵاندا، بۆ ڕەخنە و چاپکردن و بڵاوکردنەوە و کۆمەکی نووسەران. بتوانێت تەکنەلۆژیای دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ بە کار بهێنیت، خاوەنی سایتێکی ئەلکترۆنیی تایبەت بە خۆی بێت، تا دەنگ و بەرهەم و جموجۆڵەکانی بگاتە هەموو شوێنیکی دنیا و نووسەرانی دەرەوەی وڵاتیش بتوانن بەشداری و کۆمەک و هاوکاری بکەن.
٢- بڵاوکراوەکان ڕەنگاوڕەنگی وێنەدار بن، چونکە وێنە یەکێکە لە هۆکارە هەرە کاریگەرییەکانی سەرنجڕاکێشانی منداڵان و زیاتریش هانی خوێندنەوە و تێگەیشتنیان دەدات.
٣- باشترین بابەت چاپ بکرێت، هەڵگری پەیام بێت، چێژ و خۆشی بدات بە منداڵان، نابێ درێژ و وەڕسکەر بێت، بەڵکوو نەخت و پووخت، تا منداڵان تاقەتیان لە خوێندنەوەی نەچێت.
٤- هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی منداڵان لە یارییە ئەلکترۆنییەکان و سەرقاڵکردنیان بە کتێب و گۆڤارەوە.
٥- خێزان بگاتە ئەو باوەڕەی، کە ئەدەبی منداڵان سەرچاوەی زیرەکي و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی منداڵانە. هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ خوێندنەوە و گوێیان لێ بگرن، گەورەکانیش بۆ ئەوانی بخوێننەوە.
٦- گرنگیدان بە شانۆی منداڵان، زیادکردنی بەرنامەکانی منداڵان لە تەلەفزیۆنەکاندا، گۆڕینی بابەتە ناوازە جیهانییەکان، لە لایەن دەزگای ناوبراوەوە.
٧- چەند پەیوەندیی نێوان باخچەکانی منداڵان و نووسەرانی ئەدەبی منداڵان پتەو بێت، ئەوا چاکتر ئەو ئەدەبە ڕۆڵی گرنگی خۆی دەبینێت و باشتر گەشە دەکات و زیاتر بڵاو دەبیتەوە.
٨- پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری گرنگیی تەواو بدات بە ئەدەبی منداڵان، هەروەها زۆر پێویستە بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژیش ساڵانە بە چاوی ئەدەبی گەورەکانەوە سەیری ئەدەبی منداڵان بکات و هەڵسەنگاندن و دەستنیشانی باشترین بەرهەم و نووسەرەکەی بکات. ئەمەش گوڕ و تینێکی زیاتر دەدات بە خاوەنەکەی. پاشان بۆ نووسینی بەرهەمی ناوازەش، جۆرێک کێبڕکێ لە نێوان نووسەراندا درووست دەکات.
لە دواجارێشدا دەربارەی ئەنجوومەنێک، یان یەکێتییەک بۆ نووسەرانی منداڵان، کارێکی چاکە، بە مەرجێک دوور بێت لە هەژموون و دەستتێوەردانی هەموو حزبەکانەوە.
لە کۆتایی ئەم دیدارەشدا زۆر سوپاسی دڵسۆزیی بەڕێزتان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.