ژنێكی موسڵمانی بریتانی كاریگەرییەكانی محەمەد سەڵاح لەسەر ژیانی دوو منداڵەكەی دەگێڕێتەوە
ئاژانس:
ئەوكاتەی محەمەد سەڵاح گۆڵی یەكەمی لە رۆما تۆماركرد، هاوار و دەنگەدەنگ ماڵەكەمانی پڕكرد.. بەدەنگێكی بەرز دەیانوت «دەی دەی! محەمەد سەڵاح».
دوو منداڵەكەم «هەنا-ی هەشت ساڵ و محەمەدی شەش ساڵ» هەستیان بە خۆشییەكی لەرادەبەدەر دەكرد، كاتێك دەیانبینی محەمەد سەڵاح پاش تۆماركردنی گۆڵەكە سوجدە دەبات.
دەتوانیت بە ئاسانی تێبینی بكەیت كە «پادشا میسرییەكە – ئەستێرەكەی لیڤەرپول» بە چی رادەیەك كاریگەریی لەسەر خێزانەكان دادەنێت لە بریتانیا، یاخود دەتوانین بڵێین لە هەموو جیهان. لەوەیش زیاتر دەتوانین بڵێین «محەمەد سەڵاح خێزانەكان لە كۆمەڵگە جیاوازەكاندا كۆدەكاتەوە».
ئەو لەناو یاریگادا سوجدە دەبات، بەشێوەیەكی زۆر باشیش دەجوڵێت و گۆڵ تۆماردەكات، بێگومان ئەو باشترین بوو لەم وەرزەدا.
ئێوە هیچ بیرۆكەیەكتان هەیە لەبارەی ئەوەی محەمەد سەڵاح تاكو چەند كاریگەریی لەسەر منداڵەكانم داناوە؟
كوڕەكەم و كچەكەم لە خۆرهەڵاتی لەندەنی پایتەخت لەدایكبوون، لەدایكوباوكێكی پەنابەر: یەمەنی و میانماریی.
بەپێچەوانەی زۆربەی هاوتەمەنەكانیانەوە، بەهیچ شێوەیەك كێشەی ئەوەیان بۆ دروست نەبووە، كە تاكو چی رادەیەك ئینیتمایان بۆ بریتانیا هەیە.
ئەوەیش بە باشی دەزانم، كە لەم بارودۆخەی ئەمڕۆدا، ئەو منداڵانەی دین و رەچەڵەكی جیاوازیان هەیە «هەمان هەستی خاوەن ماڵیان نییە». ئەوان رۆژانە بەر ئەجیندە هەواڵی و سیاسییەكان دەكەون و ترسیان لەلا دروست دەبێت كە بە ئاشكرا كلتوری ئیسلامییانەی خۆیان دەربخەن. كەواتە شتێكی نامۆ نییە ئەگەر یاریزانێكی مسوڵمانی وەك محەمەد سەڵاح بێت و ئەوانیش هەست بە شانازیی بكەن.
هەنا-ی كچم، هەست بە خۆشییەكی لەرادەبەر دەكات كاتێك دەبینێت محەمەد سەڵاح پاش تۆماركردنی گۆڵەكانی، دەست بۆ ئاسمان بەرزدەكاتەوە و سوپاسگوزاریی «خوا» دەكات. ئەو لەوكاتانەدا دەڵێت «دایكە، ئێمەش هەمان شت دەكەین».
هەستێكی سەیریشم لەلا دروست دەبێت، كاتێك كوڕە تەمەن شەش ساڵانەكەم دەبینم دەچێتە بەردەم ئاوێنە و قژێكی دەستكرد دەگرێ بە دەموچاویەوە و دەڵێت «ریشم هەیە وەك محەمەد سەڵاح».
دەتوانین بڵێین ئەو ئێستا باشترین یاریزانی جیهانە. ئەوەی محەمەد دەیكات كۆكردنەوەی هەموانە، من بەڕوونی هەست بەمە دەكەم.
پادشا سەڵاح
دەتوانیت تێبینی ئەو دروشم و لافیتانەی ناو یاریگای ئەنفێڵد بكەیت، كە محەمەد سەڵاح بە پادشای فیرعەونی دەناسێنن.
وەكچۆن هاندەرانی لیڤەرپول گۆرانی بەسەر مزگەوت و موسڵماناندا دەڵێن لەنێو یاریگادا. هاندەران خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ محەمەد هەیە و رێزی زۆری لێدەگرن، موسڵمانانیش زۆر خۆشحاڵن بەو دیمەنانە.
لەمیسریش بەهەمانشێوە محەمەد سەڵاح وەك پادشای خۆیان دەبینن، بەتایبەت پاش ئەوەی لە رێگەی پەناڵتییەكەوە توانی لە كاتێكی هەستیاردا تیپەكەی بگەیەنێتە دوایارییەكانی مۆندیالی 2018.
هەركاتێك محەمەد سەڵاح یاری بكات، جا بۆ لیڤەرپول بێت یاخود هەڵبژاردەی میسر، ئەوا هاوڵاتیانی میسر هەموو ناكۆكییە سیاسییەكانیان وەلادەنێن و پێكەوە لەماڵەوە یاخود لە كافێیەكدا كۆدەبنەوە و تەماشای ئەستێرەكەیان دەكەن.
بەوپێیەی خۆم سەرپۆش لەسەردەكەم، بۆیە هەستێكی خۆشم لەلا دروست دەبێت كاتێك دەبینم ژنانی ئێرە (بریتانیا) بەهۆی محەمەد سەڵاحەوە سەرپۆش لە رەنگی درێسی لیڤەرپول لەسەر دەكەن، وەك دەربڕینی خۆشەویستی بۆ هێرشبەرەكەیان.
ئەمەیش هۆكاری ئەوەیە كە خێزانی هاوشێوەی ئێمە وایدەبینین شتەكە زیاترە لە تۆپی پێ.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر منداڵەكانم بەبێزاری و دڵتەنگییەوە لەقوتابخانە گەڕانەوە، پاش ئەوەی گوێیان لەوەبوو هاوڕێكانیان باس لە دەستپێكردنی هەڵمەتێك دەكەن دژی موسڵمانان لە 3ی نیساندا. ئەوان هەستیان بە ترس و قەلەقیی دەكرد.
بەبەردەوامیی و بۆ ماوەی چەند رۆژێك ئەوەم بۆ روون دەكردنەوە، كە ئەو كارانە تەنها لەلایەن گروپێكی كەمینە و بچوكەوە ئەنجامدەدرێن كە لە ئیسلام تێنەگەیشتوون و موسڵمانان ناناسن. ئەوەیشم بۆ دوپاتدەكردنەوە كە بەشی زۆری هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە هەمان هەستی دژایەتیكردنیان بۆ ئیسلام و موسڵمانان نییە.
بەداخەوە كاتێك 3ی نیسان هات، هەنای كچم هێشتا ترسی لەدڵدا مابوو، رەتیدەكردەوە لەماڵ بچێتە دەرەوە، ئەمەیش وای لە خۆم و هاوسەرەكەم كرد كە زۆر نیگەران بین.
ئایا چۆن بتوانین بۆ منداڵەكانی روون بكەینەوە كە هیچ شتێك نییە مایەی دوودڵی و ترس بێت؟
محەمەد سەڵاح هەموو شتێكی گۆڕی
بەڵام محەمەد سەڵاح توانی ئەو تەماشاكردنە «خراپ» بگۆڕێت كە بەرامبەر موسڵمانان هەبوو. بۆیەكەمجار لەپاش ماوەیەكی دوور و درێژ، هەستێكی خۆش بەرامبەر موسڵمانان دروست بوو.
هاوڕێكانم كە عاشقی لیڤەرپولن، پێیان دەوتم كە كەسێتی و پێگەی محەمەد سەڵاح تەحەدای ئەو بیرتەسكییە دەبێتەوە، كە موسڵمانان بە خراپ دەزانن.
من بانگەشەی ئەوە ناكەم، كە شارەزای تەكتیكی تۆپی پێم یاخود مێژووی وەرزشەكە بەتەواوی دەزانم، بەڵام بەباشی ئەوەم لەلا روون بۆتەوە كە محەمەد سەڵاح لەماوەیەكی كورتدا كاریگەرییەكی گەورەی ئەرێنی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئاینەكان جێهێشتووە.
یۆرگن كلۆبی راهێنەری لیڤەرپول لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنوسیدا وتی «محەمەد سەڵاح و یاریزانە موسڵمانەكانی دیكەی وەك سادیۆ مانی و ئیمری جان بەر لەدەستپێكردنی هەر یارییەك دەستنوێژ دەگرن.. لەوكاتەشدا یاریزانانی دیكەی تیپەكە چاوەڕێیان كردوون و رێزیان لێ گرتوون».
كاتێك گوێمان لەو قسانەی كلۆب گرت، هەستێكی زۆر خۆش دایگرتین، كە زۆر قورسە وەسفی بكەین.