سازدانی: ئاژانس
ئاژانس: له پاش پهیدابوونى داعش و ئهم شهپۆله نوێیهى تیرۆر و توندوتیژى له ئهورووپا ڕهوشى ئایینى ئیسلام چۆن دهبینن؟ ئایا بوونى تیرۆر كاریگهریى خراپى بۆ سهر ناوبانگى ئیسلام وهك ئایینێك درووست كردووه؟
محەمەد هەریری: من لە بیرمە لە ساڵانی ٩٦ـەوە تا ٢٠٠١ خەڵكی ئەورووپا لە هەر ئاستێکدا هیچ هێندە کێشەی بەدبینیی نەبوو بەرامبەر ئیسلام، چونکە هێشتا کردە تیرۆریستییەکانی گرووپە ئیسلامییەکان تا ئەو ڕادەیەی قاعیدە و داعش، لەسەر بڕین و کوشتنی بەکۆمەڵ و باقی فەزاعەتەکان بڵاو نەبووەوە. گرووپە بانگخوازەکان بەوپەڕی ئازادییەوە بانگەوازی خەڵکیان دەکرد بۆ ئیسلام لەسەر شەقامەکان و هایدپارک و شوێنی تریش، بەڵام وێنەکە ئێستا تا ڕادەیەك گۆڕاوە، خەڵکێکی زۆر بە چاوی گومان و ترسەوە دەڕواننە ئیسلام و موسڵمانان، بەڵام هێشتا سەرەڕای ئەو هەموو توندوتیژییەش کە کەوتە نێو ئەورووپا بە دەستی ئەو تیرۆرستە ئیسلامییانە، هێشتا لەسەر ئاستی حکوومی و یاسایی تۆلەرانسێکی زۆر هەیە بەرامبەر جموجۆڵی بانگەوازی ئیسلامیی سەلەفی، کە لە شکڵ و ناوەڕۆك هەمان دەرەنجامی ئەو داعشەیە کە لە موسڵ و ڕەقەیە بەڵام بێچەکە!
خەڵکەکە ئێستا بە گشتی کاردانەوەیان هەیە دژی نەرمونیانیی حکوومەتەکان بەرامبەر ئەو دیاردانە، دەتوانیت ئەو کاردانەوە توندانە ببینیت لە پەیج و تۆڕەکانی ئینتەرنێت، کە چۆن خەڵکی ئاسایی دژی موسڵمانان بە گشتی، نەك هەر ئیسلامییە توندڕەوەکان قسە دەکەن، هەر لەبەر ئەو هۆیەشە ئاستی جەماوەریی ڕاستڕەو و ڕەیسستەکان تا دێ بەرز دەبێتەوە، من بە دووری نازانم ئەگەر هات و کەمێك گۆڕانکاری لە وتاری ڕاستڕەوەکان بکرێت، هەموو ئەورووپا و خۆرئاوا حوکم بکەن. بێگومان ئەوەش لەبەر ئەوەی بەو کردەوە نامرۆیی و ناجوامێرییانەی تیرۆری ئیسلامی، کە دەچێت لەناو خەڵکی مەدەنی خۆی دەتەقێنێتەوە، یان بە چەقۆ دەکەوێتە گیانی خەڵك، یان بە لۆری بەسەر ئەو خەڵکەدا دەڕوات، ئەو کارە پڕ لە دڕندانە وێنەی ئیسلامی زۆر ناشیرین کردووە، هەرچەندە موسڵمانانی ئاسایی زۆریش هەوڵ دەدەن بە بێهوودە ئەو وێنەیە ڕاست کەنەوە، بەڵام بنیاتنەر زۆر سەختە بگاتە ئاستی خێرایی ڕووخێنەر!
ئاژانس: بۆچى بهشێك لهوانهى تیرۆر ئهنجام دهدهن له ئهورووپا له مناڵانى ئهورووپى به ڕهچهڵهك ڕۆژههڵاتین، ئایا ئهمه پهیوهندیى به ״پڕۆسهى تێكهڵاونهبوونهوه״ (ئیندیماج) ههیه؟
محەمەد هەریری: ئەوانە ڕاستە منداڵی خۆرئاوان وەك شوێنی لەدایكبوون، بەڵام کە لە ماڵەوە ژینگەیەکی موتەزمیتی دینی تەسكبین و پڕ لە ڕقوقینت بۆ درووست کرد، بێگومان ئەو منداڵە بەربەستێکی دەروونی ئاگاییانەی بۆ درووست دەبێت بەرامبەر هەموو شارستانی خۆرئاوا، ڕەتی هەموو شتە باشە زۆروزەوەندەکانیش دەکاتەوە، لەبەر چەند شتێکی کە پێی خراپن بەتایبەت مەسەلەی ئازادیی پەیوەندییە سێکسییەکان. موسڵمانی ئیسلامی وەك فرۆید دەڵێ هەموو شارستانییەکە لە چاویلکەی سێکسی دەبینێت، نە ئەو دیموکراتییە هەقیقییە دەبینێت، نە ئەو ڕێزگرتنە قووڵەی مافی مرۆڤ و نە ئەو یەکسانییەی هەموو مرۆڤەکان و نە ئەو هەموو زانست و هونەرانە!
تەنها لەبەر ئەوەی کەس ناکوژرێت لەسەر پەیوەندیی سێکسیی ئازادانەی دوو کەس، یان ڕێگادان بە ئازادیی مومارەسەی سێکسی، منداڵی ئیسلامیی فێری ئەوە دەکرێن زۆر بە سووک وەك کافر بڕواننە خەڵکانی ناموسڵمان و هەتا موسڵمانی نائیسلامییش. من لە ڕێگای منداڵەکانم دەزانم کە ئەو منداڵانە فێر کراون هەتا لە قوتابخانە پاش کردە تیرۆرستەکانی مانچستەر و لەندەن دەقیقەیەکیش ڕانەوەستن بەبێ دەنگی بۆ ڕێزلێنان لە قوربانییەکان! هەتا لە کاتی کردە تیرۆرستییەکەی ئەمەریکا دژی هاوڕەگەزبازەکان زۆربەی منداڵە موسڵمانەکان دەستخۆشییان لە تیرۆرستەکە دەکرد و دەیانگوت موستەهەقن، ئێمەش بۆمان بکرێت دەیانکوژین! ئەو ئاوێتەبوون و ئیندیماج و ئینتیگرەیشنە چۆن درووست دەبێت کە باوکودایك و مزگەوت وا وێنەی کۆمەڵگایەک بکەن بۆ منداڵانیان؟!
ئەو گەنجە لیبییەی مانگی ڕابردوو خۆی تەقاندەوە، باوکی لە جیاتی گەشتوگوزار دەیانیبرد بۆ لیبیا بۆ ڕاهێنانکردن لەسەر چەك لەگەڵ داعشەکانی ئەوێ، دەتەوێ مناڵی هەژار چی لێ دەربچێت؟!
ئاژانس: موسڵمانێك یان ڕۆژههڵاتییهك ههست به هیچ جۆره جیاكارییهک یان دژایهتییهك دهكات له ئهورووپا، دەکرێ ئهوه یهكێك له پاڵنهرهكانى تیرۆر و توندوتیژى بێت بهرامبهر ئهورووپا و حكوومهتهكان؟
محەمەد هەریری: نەخێر لەو بڕوایەدام کاتی خۆی ڕەیسیستی هێندە کەم بوو هەر تەسەوڕی ناکەیت، زیادبوونی ڕەیسستی ئەنجامە نەك هۆکار، تۆ چەندە کاری تیرۆریستی بکەیت بە ناوی ئیسلام بێگومان کاردانەوەی خەڵکی ئەورووپا و خۆرئاوای لێ دەکەوێتەوە. ئەو دەوڵەتانەی ئەورووپا ئەوپەڕی ڕێز لە باوەڕی ئیسلام دەگرێت، لە فڕگە و نەخۆشخانە و زانکۆکان و قوتابخانەکان جێگای نوێژکردن تەرخان دەکەن، ڕەمەزانان هەتا موڕاعاتی ئەو منداڵانە دەکەن کە بەڕۆژوون و تاقیکردنەوەکانیان دوا دەخەن یان کاتەکانیان دەگۆڕن. بەڵام تۆ بێیت ئەو هەموو تەساموحە بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی ڕاست و چەپ وەڵام بدەیتەوە، بێگومان کاردانەوەی لەناو موسڵمانە ئاساییەکانیش لێ دەکەوێتەوە، ئێستا هەزاران کەس لە ئەورووپا ناوی ئیسلامیی خۆیان دەگۆڕن، هەندێکیان هەتا دینی خۆیان دەگۆڕن نایانەوێت هیچ شتێك بیانبەستێتەوە بە ئیسلام. ئێستا جیاکاری لەسەر ئاستی تاک زۆرتر بووە لە جاران، بۆ نموونە بچیتە ئینتەرڤیوی کارێك محەمەد و جۆن و پاتێڵ داوای ئیشەکەیان کردبێت جۆنی مەسیحی و پاتێڵی هیندۆسی چانسیان زیاترە بۆ وەرگرتنی کارەکە. هێشتا ئەوەش ڕەها نییە، بەڵام هەستی پێ دەکرێت، من خۆم تووشی ئەو جیاکارییە بووم!
ئاژانس: پڕۆسهى بانگهواز و شهپۆلى بهئیسلامكردن (دعوه) تا چهند ئهگهرى بهشداربوونى ههیه له درووستبوونى توندڕهوى و تیرۆر له ئهورووپادا؟
محەمەد هەریری: بێگومان کە تۆ هیچ چاکسازییەکی ڕەگوڕیشەییت نەکردبێت بانگەوازی بۆ ئیسلامێکی لۆکاڵی ژینگەی عەرەبی خەلیجی بکەیت لە ئەورووپا بە هەموو کێشەکانییەوە، بێگومان ڕۆڵی زۆرە لە درووستکردنی ژینگەیەکی توندڕەو لەناو موسڵمانانی ئەورووپادا. تۆ لە مزگەوتەکانەوە بڵێیت جائیز نییە بە هاوسێیەکی یان برادەرێکی ئینگلیزت بڵێیت [هاپی کریسمس] یان نابێت خۆشت بوێت لە دڵەوە هەتا خۆشیشی ویستی، چۆن ئەو چەمکانە بەژدار نابن لە درووستکردنی توندڕەویدا؟!
ئاژانس: ههندێك دهڵێن له ئهورووپا توندوتیژى و تیرۆر زۆره بهڵام میدیاى ئهورووپى تهنها ئهو ڕووداوانه زهق دهكاتهوه كه پهیوهندیى به ئیسلامهوه ههیه بۆ ناشیرینكردنى ئیسلام، ڕێگرتن له بڵاوبوونهوهى ڕاى ئێوه چییه وهك چاودێرێك؟
محەمەد هەریری: ئەوانە قسەی کەسانێکن دەیانەوێت پاکانە بدۆزنەوە بۆ تیرۆریزمی ئیسلامی، چونکە ڕاستە لەوانەیە ژمارەی ئەوانەی بە تاوانی کوشتنی کۆمەڵایەتی یان بە ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن زیاتر بێت لەوانەی بە تیرۆری ئیسلامی دەمرن، بەڵام ماقووڵە کوشتن بە ڕووداوی ڕێگاوبان، یان بە کاری دزی و چەتەگەری یەکسان بکەین بە کوشتن لە پێناو خوا و دینێكدا؟! بۆ هیچ ڕێکخراوێکی دینی جوواتی یان مەسیحی یان هیندۆسی یان بودایی نییە، خۆیان بتەقێننەوە لەناو ئاهەنگێکی کوڕ و کچانی هەرزەکار و تازەپێگەیشتوو و یان بە چەقۆ بەناو خەڵك بکەون بیانکوژن، یان بچنە ناو کەنیسەیەك قەشەیەکی ناسراو بە دۆستی موسڵمانان و مرۆدۆستی ٩٠ساڵە وەك مریشك سەرببڕن؟! کوشتنی یەك کەس بە ناوی دین و خوا زۆر جێگای نیگەرانی و مەترسییە زیاتر لە کوژرانی ١٠٠ کەس لە کاتی دزی و ڕووتکردنەوەدا یان بە کاری خودا وەك کارەساتێکی سرووشتی.
ئاژانس: جگه له پاڵنهرى ئایدۆلۆژى یان تێگهیشنى خراپ له ئایین هیچ پاڵنهرێكى دیكه ههیه له پشت تیرۆرى داعشهوه له ئهورووپا؟
محەمەد هەریری: پاڵنەرێکی تر دەستتێوەردانی وڵاتە ئیسلامییەکانە لە ناو مزگەوت و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان، بۆ نموونە یەکێتیی ئیسلامیی تورکی [دیتیب] ٩٠٠ مزگەوت بە فەرمانگەی کاروباری دینی تورکی لە ئەنقەڕە دەبەستێتەوە، هەتا هەندێ چاودێرى ئەورووپی ناویان ناوە بە ڤاتیکانی ئیسلامیی بچووك! دەوڵەتی تورکی ڕاستەوخۆ ئەو هەموو مزگەوتە بەڕێوە دەبەن، هەتا مووچەی مەلا و فەرمانبەرەکانی مزگەوتەکانیش دەدەن، سەرۆکی یەکێتییەکەش ڕاوێژکاری دینییە لە سەفارەتی تورکی لە ئەڵمانیا!
هەروەها سعوودییە و میسریش تا ڕادەیەک. ناکرێت ئەو وڵاتانە خۆیان دەناڵێنن بە دەستی دەیەها دیاردەی دینی نێگەتیڤ کەچی دەست بخەنە ناو کاروباری ئەو وڵاتانەوەش. بە تایبەتی تورك ئێستا لە بەهاری توندڕەویدان و دەزگا دینییەکانیان پڕاوپڕن لە داعشبیران، هەروەها وەهابییەتی سعوودییەش دەبێت چی پێ بێت بۆ موسڵمانی سەلەفیی ئەورووپا؟! لە ناوەخۆ خۆی کردووەتە ولی الامر و نوێژ دەکەن، ئەی چۆن دەتوانێ قەناعەت بەو سەلەفییە ئەورووپییە بهێنێت بە هەمان سیغەی چارەسەری ناوخۆیی؟!
میسریش کە ئەزهەر سەرپەرشتیی کاروباری دینی دەکات، بەو دواییانە بۆمان ڕوون بووەوە کە لە توندڕەویی بیری دینیدا شتێکی وای کەمتر نییە لە سەلەفییەت، کە وا بوو هیچ نموونەیەك لەو نموونانە بە کەڵکی ئەوە نایەن موسڵمانی ئەورووپا بەڕێوە ببات. پێویستمان بە دەزگایەکی ئەورووپیی ڕەسمی هەیە بیر و فیقهی دینی تایبەت بە خۆی هەبێت، پیاوانی دینییش پێویستە دەرچووی ئەو پەیمانگەیانە بن کە لە ئەورووپا دادەمەزرێن، نەك مەلایەكم بۆ بێنیت لە پاکستان و سعوودییە و تورکیا و میسرهوه.
تەنها وتاری دینیی ئیسلامیی کێشە لە ئەورووپا درووست دەکات، ئەگەر بەراوردی ژیانی منداڵێکی خێزانێکی ئیسلامی و خێزانێکی هیندی و بودایی بکەیت دەزانیت تێکڕای ئەو وتارە ئیسلامییە فیقهی و سیاسییەیە وا لەو منداڵە ئیسلامییە دەکات ڕقی لە کۆمەڵگا ئەورووپیەکان بێت، وەك بەراز وەسفیان کات، بە دوژمنێکی مێژووییان ببینێت لە سەردەمی شەڕی خاچپەرستانەوە و دڵخۆش بێت بە کارەساتەکانیان، هەست بە نامۆیی بکات لە ناویان، سەرەنجام ئامادە دەبێت لە ڕێگای ڕێکخراوێکی داعشی یان تاکڕەوانە کردەیەکی داعشی بکات.
ئاژانس: ئیسلامى میانهڕهو ناتوندوتیژ ڕۆڵى چییه له ئهورووپا، ئایا توانیویهتى ڕوویهكى ڕاستهقینه له ئیسلام پیشانى ئهورووپا بدات؟
محەمەد هەریری: ئیسلامی میانڕەو ڕۆڵی زۆر لاوازە، لەبەر چەندین هۆکار، یەکەم ئەوانەی خۆیان بە میانڕەو دەزانن خاوەن مەرجەعییەتێکی جیاواز نین لە مەرجەعییەتی توندڕەوان، هەمان سەرچاوەی دەقە پیرۆزەکان تەبەنا دەکەن، بۆیە توندڕەوان بە ئاسانترین شێوە بە دەقە دامەزرێنەرەکان بۆ توندڕەوی بیروڕایان پووچەڵ دەکەنەوە! خەڵکیش هۆکارێکە چونکە هێندەی حەزیان لە مەلایەکی ڕیشدرێژ و هاوارکەرە، هێندەی دڵیان ئاو ناخواتەوە بە کەسێکی بێڕیش و دەنگنەرم بە چاکەت و پانتۆڵێکەوە. ئەو موسڵمانە میانڕەوانە دەنگیان زۆر نزمە لەناو جالییەی ئیسلامی، تەنها لە بۆنە و کارەساتەکان دەردەکەون و دەڵێن ئیسلام لەگەڵ تیرۆر نییە و دینی ئاشتییە، بەوەش خزمەتێك بە توندڕەوان دەکەن، چونکە بەرەنگاریی توندڕەوییەکە ناکەن لە ڕەگەوە، زیاتر دژی ئەنجامەکانی قسە دەکەن.
ئاژانس: پێشبینیت چییه بۆ دواڕۆژى تیرۆر له ئهورووپا، ئایا تیرۆرێك به ناوى ״تیرۆرى ئیسلامى״ دهمێنێت یان كۆتایی پێ بدێت؟
محەمەد هەریری: ئاییندەی ئەو تیرۆرە ئیسلامییە بەستراوەتەوە بە ئاییندەی ئەو شەپۆڵە توندڕەوە ئیسلامییەی کە جیهانی ئیسلامی تەنیوە. ئێستا لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی شەپۆلێکی پێچەوانە بە شەپۆلی سەحوەی سیاسیی ئیسلامیی توندڕەو پەیدا بووە، کە لە چەندین فۆرمدا خۆی دەنوێنێت: وەك دوورکەوتنەوە لە هەموو جۆرە دیندارییەکی سیاسی، دوورکەوتنەوە لە دین بە ڕەهایی، لە ڕەخنەیەکی زۆری بیروباوەڕە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە میدیا و تۆڕە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و یوتیوب، هەتا دەرکەوتنی قورئانییەکانیش کاردانەوەیەکە بۆ ئەو ئیسلامە حەدیسییە توراسییەی کە تەنها کارەساتی لێ دەچنرێتەوە، ئەگەر یاری موخابەراتی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێبگەڕێ و ئەگەر نوخبەیەکی دەست و بیر پاکی سێکیولار دەرکەون، ئەوە گومانم نییە خەڵکێکی زۆر پاش ماندووبوونیان و تۆقانیان بە دەستی کارەساتەکانی ئیسلامی سیاسی، ڕوو دەکەنە دیموکراتییەت و تەنها دەنگ دەدەن بە سێکیولاریستەکان.. کە ئەو دیاردەیە لە جیهانی ئیسلامدا کز بوو، لە ئەورووپا و جیهانیش کز دەبێت، ئینجا ئەورووپا و خۆرئاوا ڕۆژانە کاریشی لەسەر دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
ئاژانس: چۆن دهتوانرێت بهر بهم تیرۆره بگیرێت كه له ئهورووپا به ناوى ئیسلامهوه ئهنجام دهدرێت؟
محەمەد هەریری: بە ڕای من دەبێت لە سەرەتاوە خەڵك هان بدرێت ئەو تیرۆرستانە بناسن لەسەر هەقیقەتیان، نەهێڵن منداڵەکانیان بە بیانووی فێربوونی دین و قورئان خوێندن بێ چاودێری بنێرنە لای هەرکەسێك. دووەم خێزانە موسڵمانەکان دەبێت ئاگادار بکرێنەوە لە دەرەنجامی تێکەڵبوونی منداڵەکانیان لەگەڵ ژینگە و کەسە توندڕەوەکان، دەبێت بەشێك لە سزاکان دایكوباوك هەڵی گرن کە دەبینن منداڵە هەرزەکارەکەی لە قوتابخانە بە هاوپۆڵەکانی دەڵێت کافر و بە منداڵە موسڵمانەکانی نوێژ ناکەن دەڵێت مورتەد! من کوڕەکەم بەڕۆژوو نابێت لەو ڕەمەزانە، چونکە تاقیکردنەوەی GCSEی هەیە، هەندێ لە هاوپۆڵە موسڵمانەکانی پێیان گوتووە تۆ کافریت چونکە بەڕۆژوو نابیت!
بۆ دایكوباوك شەقێك لە منداڵیان بدەن حکوومەت دهستوهردان دەکات گوایە زیانی جەستەیی و دەروونی بەر منداڵەکە کەوتووە، دایكوباوكەکە دەنێرنە کۆرسێك بۆ چۆنیەتیی ڕیزگرتنی جەستە و دەروونی منداڵەکانیان! ئەی چۆن ئەو ژەهرە توندڕەوییە بخەنە مێشکی منداڵەکانیان حکوومەت لێیان بێدەنگ دەبێت؟! پێویستە لەو حاڵەتەش منداڵەکانیان لێ بستێننەوە؛ سەرلەنوێ پەروەردە بکرێنەوە و دایكوباوکیشیان دوو-سێ کۆرسیان بۆ بکەن تا فێری بەهای دیموکراتی و یەکسانی و ڕێزی مافی مرۆڤ دەبن و هەڕەشەی لێوەرگرتنەوەی پاسپۆرتیان لێ بکەن ئەگەر ناتوانن ڕێز لەو کۆمەڵگایە بگرن و منداڵەکانیشیان فێری ئەو ڕێزگرتنە بکەن، ئینجا منداڵەکانیان بدەنەوە.
هەروەها دەبێت چاودێرییەکی چڕتر بخرێتە سەر مزگەوتەکان و وتارەکان و کەسایەتییە توندڕەوەکان، هەندێکیان لە وتاردان قەدەغە بکەن ئەگەر هەڵەیان کرد. هەروەها چاودێرییەکی زۆریش بخرێتە سەر ئینتەرنێت و تیرۆرستان بە ئاسانی نەتوانن پەیامی خۆیان بە زمانە ئەورووپییەکان بگەیەنن بە نەوەی لەدایکبووی ئەورووپا.