لە ئێستادا حدكا كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئـێمەدا ڕاگرتووە
سازدانی: هێمن حەسەن
مستەفا مەولوودی، سكرتێری گشتیی نوێی حزبی دیموكراتی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ״حدكا״ كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئەواندا ڕاگرتووە بۆ گفتوگۆی یەكگرتنەوە و دەڵێت، ״بەربەستمان بۆ یەكگرتنەوە لە ئێستادا شێوازی تێڕوانینمانە بۆ خەبات و ئاییندەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.״
مەولوودی لە چاوپێكەوتنێكی ״ئاژانس״دا سەبارەت بەو تەقینەوەیەی لە بەردەم بارەگاكەیان لە كۆیە ئەنجام درا باس لەوە دەكات ئەو كەسەی تەقینەوەكەی كرد بەكرێگیراوی ئێران بووە و كورد بووە و ئەندامی ڕێكخراوێكی خۆیان بووە و دەشڵێت، ״ئەو كەسە تا گەیشتووەتە لای ئێمە بۆمبەكەی بە چەند بازگەیەكی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمدا تێپەڕاندووە.״
ئاژانس: تۆ چ ئەجێندا و بەرنامەیەكی نوێت هەیە بۆ یەكگرتنەوەی دیموكراتەكان؟
مستەفا مەولوودی: پرسی یەكگرتنەوەی دیموكراتەكان جددییە و لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا كە دابڕان لە ڕیزەكانی حزبی دیموكراتدا ڕووی داوە هەمیشە گرنگیی خۆی هەبووە و كاری لەسەر كراوە. ئێمە چوار ساڵ پێش ئێستاش ئەو پرسەمان لەگەڵ یەكتر باس كردووە و تەنانەت پڕۆژەیەكی نووسراویشیمان داوەتە هاوڕێیانمان لە حدكا كە چۆن هەردوو لایەنی حزبی دیموكرات یەك بخەینەوە. دیارە پێشتر لیژنەیەكمان هەبوو بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو لایەنی حزبی دیموكرات كە من سەرۆكی لێژنەكەی حزبی دیموكراتی كوردستان بووم و بیروبۆچوونەكانی من لەنێو ئەو پڕۆژەیەدا هەیە.
ئاژانس: بەڵام خالید عەزیزی لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەیتوانی ئەو كارە بكا، ئایا تۆ دەتوانی یان دەتوانی بەڵێنی ئەوە بدەی كە هەردوو دیموكرات یەك بخەیتەوە؟
مستەفا مەولودی: ئەم پڕۆسەیە كە لەگەڵ كاك خالید دەستمان پێ كردووە باش چووەتە پێشەوە، لە ئێستادا پەیوەندییەكانمان ئاسایی بوونەتەوە و لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بە یەكەوە دادەنیشین و قسە دەكەین، سەردان و هاتوچۆمان هەیە لە بەیندا، دوو لیژنە لە لایەن ئەوان و ئێمەوە هەیە كە بە یەكەوە دادەنیشن و لەسەر چۆنیەتیی یەكگرتنەوە قسە دەكەن، ئەگەرچی ماوەی ساڵێكە هاوڕێیانمان لە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕەوتی وتووێژەكانیان ڕاگرتووە. دیارە ئەمن هەوڵ دەدەم ئەو وتووێژ و دانیشتنانە دەست پێ بكەنەوە تا بە یەكەوە خاڵە هاوبەشەكان بدۆزینەوە و كاریان لەسەر بكەین لە پێناو یەكگرتنەوەدا.
ئاژانس: بۆچی گفتوگۆكانیان ڕاگرتووە؟
مستەفا مەولوودی: ئەوان وا تێگەیشتوون كە كاك خالید عەزیزی لە سیاسەتی حزب و میدیادا بە جۆرێك سیاسەت دەكا كە جیاوازیی ڕوانگە و بۆچوونی سیاسی لەگەڵ ئەواندا درووست كردووە، ئێمە خوێندنەوەمان بۆ چۆنیەتیی بەشداریی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بزاوتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و مەدەنی فرەڕەهەندییە و بە بایەخێكی زۆرەوە بۆ جۆری خەبات و چالاكیی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەڕوانین كە بەشێكی سەرەكییە لە خەباتی كورد، كەچی ئەوان پێیان وایە ئەم جۆرە خەباتە كەمڕەنگكردنەوەی خەباتی سیاسیی پێشمەرگانەیە، بەڵام ئەمن پێم وایە ئەم خوێندنەوەیەی ئەوان دەقیق و لە جێی خۆیدا نییە، چونكە مێژووی خەباتی حزبی دیموكرات بایەخی تایبەتیی داوە بە هەردوو ڕەهەند و جۆری خەباتەكە.
ئاژانس: باشە لە ئێستا چ هۆكارێك لە بەردەم یەكنەگرتنەوەدا ماوە؟
مستەفا مەولودی: هیچ هۆكارێكی سیاسی نابینم كە وەك كۆسپێك لە نێوان یەكگرتنەوەی ئێمە و حدكادا هەبێ، جگە لە میكانیزم و تەكنیكی یەگكرتنەوە كە دیارە میكانیزمەكانمان بۆ چۆنیەتیی یەكگرتنەوەمان جیاوازە.
ئاژانس: ئایا تەقینەوەكەی كۆیەش ترسی خستووەتە نێو پارتەكانی ڕۆژهەڵات و ئەمە بووەتە هۆكاری نزیكبوونەوەكەتان، یان نزیكبوونەوەكە پەیوەندیی بە خەباتەوە هەیە؟
مستەفا مەولوودی: بنەڕەتی مەسەلەكە هاوكاریكردنی خەباتكارانەیە لە نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ تێكۆشانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتدا كە وای كردووە ئێمە هاوكاریی یەكتر بكەین، هەڵبەت دەتوانین بڵێین تەقینەوەكە هۆكارێك بوو بۆ خێراتركردنی ئەو ڕەوتە.
ئاژانس: پارتەكانی دیكەش ترسیان لێ نیشتووە لە دوای تەقینەوەكە؟
مستەفا مەولوودی: بەڵێ، هەر بۆیەش دەزگا ئەمنییەكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆ بوونەتەوە. ئەوان دانیشتوون و لەسەر دیاریكردنی سیغەیەكی هاوبەش بۆ هاوكاریی یەكتر و ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئەمنیەتی لە نێوانیاندا قسە و باسیان كردووە.
ئاژانس: پێت وایە ئەو تەقینەوەی كە لە ماوەی ڕابردوو لە بەردەم بارەگای سەرەكیتاندا ڕووی دا لەبەر چی بوو؟
مستەفا مەولوودی: ئێران هەمیشە بە دووی ئەوەوە بووە كە زەبر لە هێزە كوردییەكان بدا و لە هەمان كاتدا دەیەوێ بڵێ هەرێمی كوردستان ئەو ئەمنییەت و ئاسایشەی پێی دەنازێ ئەو ئاسایش و ئەمنییەتە نییە. هەروەها لەو سەروبەندەی گۆڕانكاری لە پۆستی سكرتێری حزبدا وا بنوێنێ ئەوە ناكۆكیی نێوخۆیی حزبە كە ئەم تەقینەوەیەی درووست كردووە. هەروەها دەیویست بە درووستكردنی بەدگومانی لە یەكتری ڕەوتی ئەو دانیشتن و وتووێژانەش كە لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوومانە لە باری ببا و وا بنوێنێ كە ئەم تەقینەوەیە لە دژی یەكتر كراوە.
ئاژانس: پێتان وایە ئێران ئەم تەقینەوەیەی كردووە یان دەستێكی نێوخۆیی لە باشووری كوردستان بووە؟
مستەفا مەولوودی: زانیاریی ورد و دەقیقمان لە چۆنیەتیی ڕووداوەكە هەیە. ئەو كەسەی ئەو تاوانەی كردووە تەواو دەیناسین و دەزانین لە كوێوە هاتووە و چۆن هاتووە و كۆماری ئیسلامی لە ڕێی چ كەسێكەوە بۆمبەكەی بۆ ناردووە. هەروەها دەزانین كە تاوانباری سەرەكیی دوایی لە چ ڕێگەیەكەوە گەڕاوەتەوە ئێران، دەمەوێ بڵێم شك لەوەدا نییە ئەو كەسە بەكرێگیراوی ئێران بووە و ئەوان ئەو كارەیان پێ كردووە.
ئاژانس: ئەو كەسە كورد بووە و دەیناسن؟
مستەفا مەولوودی: بەڵێ كورد بووە و بە بنەماڵەوە دەیناسین كە كێ و چ كارەیە.
ئاژانس: خۆی پێشمەرگە بووە لاتان؟
مستەفا مەولوودی: نەخێر پێشمەرگە نەبووە، بەڵام نزیك بووە لە حزب و هاتوچۆی حزبی كردووە.
ئاژانس: من كە هاتم بۆ بارەگای سەرەكیتان چەند بازگەیەكی ئەمنیی توندوتۆڵم بڕی، چۆن دەكرێ كەسێك بە ماتۆڕسكلیتەوە كە تەقینەوەی پێوە لكێنرابێت بەم بازگانەدا تێپەڕێ و ئاشكرا نەبووبێت؟
مستەفا مەولوودی: ئەو كەسە تا ئەو جێگایەی بۆمبەكەی لێ داناوە هیچ بازگەیەكی حزبی نەبڕیوە، بازگەكانی دیكەی هەرێم و چەند بازگەیەكی ئاسایشی هەرێمی بڕیوە تا گەیشتووەتە لای بارەگای ئێمە.
ئاژانس: قسەكە لەسەر بارەگای ئێوەیە، وەك دیارە بازگەی ئاسایشی هەرێم پێش بارەگاكەتانە و بازگەی پێشمەرگەكانی ئێوەشی لێیە، ئەی چۆن بڕیویەتی؟
مستەفا مەولوودی: ئەو لەودیوی شوێنی پشكنینەكانی ئێمە بۆمبەكەی داناوە. ڕەنگە خاڵێك كە وەك لاوازی یان کەموکورتیی ئەمنییەتی ئێمە بنوێنێ ئەوەیە كە بۆمبەكە لە بەردەم دوكانەكە دانراوە كە نزیكە لە پرسگەی پاسەوانیی ئێمە. بەڵێ ئەو بۆمبە بە بازگەی ئاسایشدا هاتووە، بەڵام بازگەی حزبی دیموكراتی نەبڕیوە، دیارە لەبەر ئەوەی ئەو كەسە پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ ڕێكخراوێكی حزبیی ئێمە، لەوانەیە كارتی پێناسێكی پیشانی ئەوان دابێ و گوتبێتی كە ئەندامی حزبم. جگە لەوەش ماوەی بیست ساڵێك دەبێ كە ئەم جۆرە كارە لێرە نەكراوە و ئەوە جۆرێك لە دڵنیایی درووست كردبوو، بەڵام حاشا لەوەش ناكەین كە كەمتەرخەمیی ئێمە و هێزەكانی ئاسایشیشی تێدا بووە.
ئاژانس: ئێستا بە كاتێكی گونجاو دەزانن بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری لە دژی ئێران یان هێشتا زووە؟
مستەفا مەولوودی: بە لای حزبی دیموكراتەوە هەموو كاتێك كاتی خەباتە، بەڵام خەبات لە ئێراندا تەنیا ڕەهەندێكی نییە، خەباتی حزبی دیموكرات بۆ وەدەستهێنانی مافە سیاسی و مەدەنییەكانی میللەتێكە لە چوارچێوەی ئێرانێكی دیموكرات و فیدراڵیدا. لەو نێوەدا ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك نیزامێكی سەركوتگەر بەربەستی جددییە لەبەر هەموو ڕەهەندەكانی ئەو خەباتەدا، بۆیە حزبی دیموكرات خەباتی چەكداریشی قەت وەكو بنەڕەت وەلا نەنانەوە. حزبی دیموكرات خەباتی چەكداری وەك میتۆدێك بۆ فشارهێنان دەبینێ و وەك پشتیوانی لە خەباتی مەدەنی سەیری ئەو شێوازەی خەبات دەكا. لە ئێستاشدا ئێمە هێزی سەربازیمان هەیە و هەر كاتێك بە درووستی بزانین دەبێتە ڕۆژەڤی كار و چالاكییەكانمان. حزبی دیموكراتی كوردستان دەرگای لەسەر ئەو شێوازە لە خەبات دانەخستووە و چەكی دانەناوە، بەڵكو لە كاتی پێویستدا سوود لەو خەباتە چەكدارییەش وەردەگرێ.
ئاژانس: ئەی چاوەڕێی چی دەكەن و بۆ نایخەنە كاری خەباتی كردارییەوە؟
مستەفا مەولوودی: خەباتی چەكداری سرووشتێكی تایبەت بە خۆی و وردەكاریی خۆی هەیە و گرێدراوی كۆمەڵێك هەلومەرج و فاكتەرە كە دەبێ بە وردی تاووتوێ بكرێ و بڕیاری لەسەر بدرێ. بارودۆخی سیاسیی ئێران و كوردستان، هەلومەرجی هەرێمی كوردستان و ئەو توانا و ئیمكاناتە لۆجستیكییەی بە دەست حزبەكانەوە هەیە، ئەوانە هەموو دەور و كاریگەریی خۆیان هەیە كە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر ئەوە ساغ ببنەوە كە لە چ ئاستێكدا، كەی و چۆن دەست بە خەباتی چەكداری بكەنەوە.
ئاژانس: لە چەند حەفتەی ڕابردوودا سەرۆكی پژاك سەردانی ئێوە و لایەنە كوردییەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی كرد، ئەوان بەرنامە و پڕۆژەیەكی نوێیان پێ بوو؟
مستەفا مەولوودی: ئەوان بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان سەبارەت بە تەقینەوەكەی شەوی یەڵدا سەردانی ئێمەیان كردبوو. هەیئەتی پژاك پێیان لەسەر پێویستیی هاوخەباتی و هاوكاری لەگەڵ ئێمە داگرت. وەك سەربەخۆیی هەڵوێستوەرگرتن و بڕیاردان و نەچوونە ژێر باری هەژموونی و بڕیاری هێزێك لە دەرەوەی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان. ڕاشكاوانە پێمان وتن كە ئەگەر دەتانەوێ پەیوەندی و هەماهەنگییەكی سیاسی و مەیدانیتان لەگەڵ حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەبێ، دەبێ بە خوێندنەوەیەكی نوێ بێنە هاوكێشەكە و مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بكەن. چونكە ناكرێ هێزێك هەبێ بڵێ ئەمن دەقاودەق سیاسەتی ڕۆژئاوای كوردستان یان باكووری كوردستان لە ڕۆژهەڵاتیش جێبەجێ دەكەم، چونكە ئەم جۆرە لاساییكردنەوە و ئیلهاموەرگرتنە كێشە بۆ بزووتنەوە و خەباتی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەنێتەوە.
ئاژانس: دەتەوێ بڵێی بە پەژاكتان وتووە چیتر پەیام لە پەكەكەوە وەرنەگرن؟
مستەفا مەولوودی: باش لە مەبەستەكەی من تێگەیشتووی.