لە هیندستان چى ڕوو دەدات؟
ئاژانس
پێدەچێت پەتاى کۆرۆنا و شەڕى سوریا جیهانى بە شێوەیەک بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبێت، کە ئاگاى لەو بارودۆخە خوێناوییەى هیندستان نەبێت لە نێوان مسوڵمان و هیندۆسەکانى ئەو وڵاتە ڕوو دەدات.
ئاژانسەکانى هەواڵ دەڵێن سەرەتاى ڕووداوەکانى هیندستان بۆ دەرکردنى یاسایەکى نوێ دەگەڕێتەوە لە لایەن حکومەتەکەى ناریندرا مودى، کە بە کەسێکى تووندڕەوى هیندۆسی ناسراوە بۆ نیشتەجێکردن و پێدانى ناسنامە بە خەڵکانى نامسوڵمان لە هیند.
مسوڵمانەکان پێیان وایە ئامانج لەم یاسایە پەراوێزخستنى ئەوان و گۆڕینى دیموگرافییە لە دژى مسوڵمانەکان، لە ڕێگەى هێنانى هیندۆس و کەمایەتىی ئایینىی دیکە بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى مسوڵمانەکان.
یاسا نوێکە ڕێگە بە خەڵکانى نامسوڵمان لە چەند وڵاتێکى دراوسێى هیند (پاکستان، بەنگلادیش، ئەفغانستان) دەدات کە ببنە هەڵگرى ناسنامەى هیندى و لەو شارانەى مسوڵمانەکان زۆرینەن نیشتەجێ ببن.
یاساکە لە کۆتاییەکانى ساڵى 2019ـەوە دەرچووە و لەو کاتەوە نیگەرانىی لاى مسوڵمانەکان درووست کردووە، بەڵام هیندۆسەکان بە یاسایەکى باشى دادەنێن، یاساکە بەشێکە لە بەڵێنەکانى هەڵبژاردن کە سەرۆکى حکومەتى ئێستا لە کاتى هەڵمەتى هەڵبژاردن بەرنامەیەکى لایەنگرى هیندۆسەکان پێشکەش کرد و لەسەر ئەو بنەمایە هەڵبژاردنەکانى بردەوە.
مسوڵمانەکان پێیان وایە ئەو یاسایە لە دژى ئەوان دەرکراوە و دەیەوێت لە داهاتوودا بیانکاتە کەمینە و وەک چەوساندنەوەیەکى ئایینى تەماشاى دەکەن، بەڵام حکومەتى هیندستان پێی وایە یاسایەکى باشە و لە بەرژەوەندیى ئەو کەسانەیە، کە لە وڵاتانى دەوروربەر بە دەست چەوساندنەوەى ئایینییەوە دەناڵێنن.
لە سەرەتاوە خۆپیشاندانى مسوڵمانەکان بە شێوەیەکى هێمنانە دژى دەرکردنى یاساکە بەڕێوە دەچوو هیچ جۆرە تووندوتیژییەک ڕووى نەدا، بەڵام پەیامنێرى BBC دەڵێت بە هۆى ڕێکخستنى خۆپیشاندانێکى دیکە بۆ پشتیوانیی یاساکە لە لایەن هیندۆسەکانەوە لە نزیک خۆپیشاندانى مسوڵمانەکان، گرژى و ئاڵۆزى ڕووی دا و هەردوولا کەوتنە بەردبارانکردنى یەکتر و وردە وردە تووندوتیژى و کوشتن دەستى پێ کرد.
پەیامنێرى BBC دەڵێت کاتێک مسوڵمانەکان خۆپیشاندانى هێمنانەیان لە دژى یاساکە ئەنجام دەدا، بەرپرسێکى هیندى کە بەناوبانگە بە کەسێکى تووندڕەوى ئایینى (هیندۆس) هەڕەشەى لێ کردن و وتى: ״با سەردانى دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بێت ئەو کات لێتان قبووڵ ناکەین بەم شێوەیە ڕۆژانە بێنە سەرشەقام״، لە پاش خواحافیزیی دۆناڵد ترەمپ، کە بە سەردانێکى شکۆدار ڕۆیشتە هیندستان، پۆلیسى هیندستان بەربوونە گیانى خۆپیشاندەرانى مسوڵمان و بە دار و غازى فرمێسکڕێژ لەگەڵیشیان هیندۆسە تووندڕەوەکان بڵاوەیان پێ کردن.
ئەو کەسەى بەرپرسیارێتیی درووستبوونى تووندوتیژیى خراوەتە ئەستۆ، کەسایەتییەکى تووندڕەوى ناو حزبى بەهاراتیا جاناتایە، کە هەڕەشەى لە مسوڵمانەکان کردووە ئەگەر کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانیان نەهێنن بە زەبرى هێز کۆتایی پێ دێنێت.
بەڵام ڕووداوەکان هەر بە کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان نەوەستا، ڕاپۆرتەکان باس لە ڕاونانى مسوڵمانەکان و سوتاندنى مزگەوت و ماڵەکانیان دەکەن.
چەندین گرتەڤیدۆیی جەرگبڕ و ترسناک لە هیندستانەوە دەردەچن، کە تیایدا ماڵ و شوێنى ژیانى مسوڵمانەکان دەکرێنە ئامانج، پەیامنێرى BBC دەڵێت: ״پیاوانى هیندۆس دار و خەنجەریان پێیە و بە کۆڵان و بازاڕەکانى نیودەلهیی پایتەختدا بڵاو بوونەتەوە، مزگەوت سوتێنراوە و پەڕەى قورئان بە دڕاوى لەسەر شەقامەکان کەوتووە.״
وا دیارە حکومەتى هیندستانیش، کە بە حکومەتێکى ڕاستڕەوى تووندڕەوى لایەنگرى هیندۆسەکان ناسراوە، نایەوێت پارێزگارى لە مسوڵمانەکان بکات ئەمەش واى کردووە کە ڕووداوەکان ڕەهەندێکى ئایینى وەرگرن و لە لایەن مسوڵمانەکانەوە بە پاکتاوى ئایینى وەسف بکرێت.
ڕاپۆرتى لایەنە مسوڵمانەکان دەڵێت: ئەوەى لە هیندستان ڕوو دەدات هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەى ژمارە و قەبارەى مسوڵمانەکان لەو وڵاتە، چونکە هەندێک ڕاپۆرتى ناوخۆیی و دەرەکى دەریان خستووە، ژمارەى مسوڵمانەکان لە هیندستان بە شێوەیەک زیاد دەکات کە هینۆسەکان تێدەپەڕێنێت، بە هەمان شێوەی ئیندۆنۆسیا هیندستانیش دەبێتە زۆرینە مسوڵمان، بۆ ڕێگرى لەمە لە ئێستاوە حکومەتەکەى ناریندرا مودیی تووندڕەو کەوتووەتە قەتڵ و عامى مسوڵمانەکان و کەمکردنەوەیان.
ڕاپۆرتەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ کوشتووبڕى مسوڵمانەکان و سوتاندنى شوێنى نوێژخوێندن و ژیانیان پشتڕاست دەکاتەوە.
لە ئێستادا ڕووداوەکانى هیندستان بابەتى دەرکردنى یاساى نیشتەجێکردنى تێپەڕاندووە و بووە بە پێکدادانێکى تایفى و ئایینى و نیودلهیی پایتەختى بەرەو شارەکانى تر تێپەڕاندووە و ئەگەر بەرى پێ نەگیرێت و لە لایەن حکومەتەوە کۆنتڕۆڵ نەکرێت پێدەچێت خوێناویتر ببێت.
ئێستا مسوڵمانەکانى هیندستان لە داهاتووى خۆیان دەترسن ئەوان پێیان وایە لە ساڵى 2014ـەوە لە وەتەى ناریندرا موندى دەسەڵاتى گرتووەتە دەست، ڕووبەڕووى پاکتاوکردن بوونەتەوە و حکومەتى نوێى هیندستان بە شێوەیەکى بەرنامەبۆداڕێژراو هەوڵى کەمکردنەوەیان دەدات، ئەوان وا خەیاڵ دەکەن لەوانەیە لە داهاتووشدا بە هۆى ناسنامە ئایینییەکەیانەوە ڕووبەڕووى دەرکردن لە کار، بێبەشکردن لە خوێندن و چەندین پاکتاوى دیکە ببنەوە.