لە ماوەی شەش مانگدا شەش منداڵی ساوا لە كەركوك فڕێ دراون
ئاژانس: نووسینگەی كەركوك
تا دێت ژمارەی منداڵانی فڕێدراو لە كەركوك زیاد دەبێت كە لە ماوەی شەشی مانگی یەكەمی ئەمساڵدا شەش منداڵ دۆزراونەتەوە، منداڵەكانیش نابرێنە خانەی ساوایان و لە نەخۆشخانە دەمێننەوە تا دادگا كەیسەكانیان یەكلا دەكاتەوە، بێ ئەوەی دادگا هیچ ڕێوشوێنێك لە دژی ئەو كەسانه بگرێتە بەر كە ئەو منداڵانە فڕێ دەدەن.
ئەو منداڵانەی دۆزراونەتەوە چوار كچ و دوو كوڕن، تەمەنیان لە نێوان شەش مانگ بۆ سێ ساڵدایە، دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیس لە لایەن هاووڵاتیانەوە، لە نەخۆشخانەی منداڵان پشكنینیان بۆ دەكرێـت، دواتر لە نەخۆشخانەی ئازادیی كەركوكدا دەهێڵرێنەوە بۆ ئەوەی دادگا بڕیار لەسەر چارەنووسی بدات.
جومعە محەمەد، بەڕێوەبەری خانەی دەوڵەت بۆ سەرپەرشتیی بێنەوایان لە كەركوك، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، بە پێی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 1986 كار دەكەن، كە تایبەتە بە وەرگرتنی منداڵ و پێدانی منداڵ بە كەسی داواكار، ئەمەش ڕێگرە لەبەردەم ئەوەی منداڵی فڕێدراو وەربگرن چونكە یاساكە دەڵێـت دەبێت كەسێكی ئامادە بێت كە منداڵەكە وەردەگرن.
جومعە محەمەد وتی: ״ لە دەرەوەی یاسا ناتوانین ئەو منداڵانە وەربگرین كە فڕێ دەدرێن، لەبەر ئەوە تاكو دادگا بڕیار لەسەر ئەو كەسە دەدات كە منداڵەكە هەڵدەگرێـتەوە و دەبێتە بەخێوكەری لە نەخۆشخانەی منداڵان یان نەخۆشخانەی ئازادی بەخێو دەكرێت״.
لە ئێستادا 19 منداڵ لە خانەی دەوڵەت بۆ سەرپەرشتیی بێنەوایانی كەركوك ئەوانەن كە بە هۆكاری جیاجیا دایكوباوكیان ئامادە نین بەخێویان بكەن.
ئەو كەسانەی منداڵی ساوا فڕێ دەدەن زۆرجار دەستگیر ناكرێن، ئەوانەشی پۆلیس دەستگیریان دەكات هیچ یاسایەك نییە بۆ سزادانیان و ناخرێنە زیندانەوە.
زیادبوونی حاڵەتەكانی فڕێدانی منداڵ، بۆ دابونەریتی خێڵ و قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام داواكاری بۆ لەخۆگرتنی ئەو منداڵانە هەیە.
عەقید ڕەزوان شكور، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە كەركوك، بۆ ״ئاژانس״ی ئاشكرا كرد: ״لەمساڵدا تەنیا یەك كەس بە تۆمەتی فڕێدانی منداڵ دەستگیر كراوە، بە هۆی ئەوەی منداڵەكەی كچ بووە قبووڵی نەكردووە بەخێوی بكات، دوای وەرگرتنی وتە لێی ئازاد كراوە، چونكە یاسایەك نییە بۆ سزادانی ئەو كەسانە״.
لەخۆنەگرتنی منداڵی دۆزراوە لە خانەی دەوڵەت بۆ سەرپەرشتیی بێنەوایان لە كەركوك لە كاتێكدایە، لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنەكانی دادگا منداڵە دۆزراوەكان دەبرێنە خانەی ساوایان و دواتر دەدرێنە یەكێك لەو خێزانانەی كە داوای لەخۆگرتنی منداڵ دەكەن.
لە كەركوك زیاتر ئەو منداڵانەی كچن ڕووبەڕووی فڕێدان دەبنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی باوكەكە بە تەمای كوڕ بووە، هەندێك لەو منداڵانەی فڕێ دەدرێن ئەوانەن كە لە دەرەوەی پەیوەندیی خێزانی درووست دەبن.
جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ و كاروباری ژنان و منداڵان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی یاساكانی حكوومەتی عێراق ئەوەیە هیچ بڕگەیەك بۆ سزادانی ئەو دایكوباوكە دیاری نەكراوە كە منداڵ فڕێ دەدەن، یان بە هۆی ئەوەی پیاوەكە داوای منداڵی ڕەگەزی نێری كردووە و منداڵەكە مێ بووە فڕێ دراوە و بە پێویستیشی دەزانێت ئەم حاڵەتە بە یاسا ڕێك بخرێت.
جوان حەسەن هەرچەندە نیگەرانە لە ״یاسا توندەكانی״ خانەی دەوڵەت بۆ سەرپەرشتیی بێنەوایان كە ڕێگرە لە بەخێوكردنی ئەو شەش منداڵەی ئێستا كە لە نەخۆشخانەی ئازادی و منداڵانی كەركوكن، بەڵام دەڵێت: ״خۆشحاڵین ڕۆژانە خەڵك پەیوەندیمان پێوە دەكات و ئامادەن بەخێوكردنی ئەو منداڵانە لە ئەستۆ بگرن״.