ئه‌خلاقی فه‌زیله‌ت؛ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ موسته‌فا مهلهكییان
وه‌رگێڕانی: موسعەب ئەدهەم
ئیدى هه‌موان ده‌زانن ڕه‌گوڕیشه‌ى كێشه‌كانى ژیرى و كێشه گشتییه‌كانمان بۆ قه‌یرانه ئه‌خلاقییه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه كه له دیار و نادیاریى ڕۆح و زه‌ینمان جێگه‌یان خۆش كردووه و هه‌وڵ و هیمه‌تێكى به‌رزى ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى بكرێنه ده‌ره‌وه. ئه‌خلاقى فه‌زیله‌تیش باس له ناخ و ده‌روون و ئه‌خلاقى ناوه‌كى مرۆڤ ده‌كات. (موسته‌فا مهلهكییان) باوه‌ڕى وایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت نزیكى له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیات و ئایینى ئێمه‌دا هه‌یه، زیاتر جێگه‌ى تێگه‌یشتنه.
پ: مامۆستا (مهلهكییان)، سه‌ره‌تا به ناونیشانى یه‌كه‌مین پرسیار ده‌مه‌وێت بپرسم پێویستى ته‌رحكردنى باس و بابه‌ته‌كانى فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌خلاق له كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌مڕۆماندا له چیدا ده‌بینێته‌وه؟
مهلهكییان: یه‌كه‌م؛ بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و له هه‌ر شوێن و كاتێكدا ته‌رحكردن و خستنه‌ڕووى باس و بابه‌ته تیۆرى و كردارییه‌كانى ئه‌خلاق پێویستیه‌كه و چۆنییه‌تى هاتنه‌دى ئه‌م به‌هایانه گرنگیه‌كى فراوانى هه‌یه.
دووه‌م: له وڵاتى ئێمه‌دا باسه تیۆرییه‌كانى ئه‌خلاق زۆر كه‌م و لاوازن و به بۆچوونی من نوێن و تازه ده‌ركه‌وتوون، بۆیه شتێكى باشه فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌خلاق به ناونیشانى باسى تیۆرى بره‌وى پێ بدرێت و كتێبكگهلێك له‌م ڕووه‌وە بره‌ویان پێ بدرێت.
كه‌سانى پێشووى ئێمه گه‌رچى سه‌رنجیان له باس و بابه‌تى وردى ڕۆژگارى ئه‌مڕۆى ئێمه نه‌داوه، به‌ڵام نیوه ئاگایانه به‌رگرییان له‌م قوتابخانه‌یه كردوه. كتێبێكى وه‌كو (طهاره الاعلاق)ى (ئیبن مهسكویه)، (السعاده و الاسعاد)ى (عامرى) و ته‌نانه‌ت (ئه‌خلاقى ناصرى) ى (خواجه نه‌صیر)و… لە نموونەی ئەم کتێبانەن.
پ: چ شتێك بووه هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت جارێكى تر دووباره هاته‌وه بەر باس؟
مهلهكییان: له سه‌ره‌تاى قۆناغى ڕێنیسانسه‌وه ورده ورده ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت به سوودى دوو ڕكاربهرى تر كه‌وته پەراوێزەوە، له ڕۆژئاواشدا له هه‌موو شوێنێكدا ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت بڵاوبوو. (ئه‌فلاتۆن، ئه‌رستۆ، تۆماس ئه‌كویناس) مه‌زنه‌كانى ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت بوون، به‌ڵام له قۆنافى ڕێنیسانسدا دوو قوتابخانه‌ى ئه‌خلاقى ده‌ركه‌وتن، یه‌كێكیان ئه‌خلاقى وهزیفهگهرایى (كانت) و ئه‌ویتریان ئه‌خلاقى ئهنجامگهرایى كه سه‌ره‌تا و بنه‌ماكه‌ى (جرجى بنتام) و (جۆن ستیوارت میل) بوون.
ئه‌م دوو دیدگایه ورده ورده ئه‌خلاقى فه‌زیله‌تیان دواخست و له نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت هیچ جێگه و پێگه‌یه‌كى نه‌بوو و له واقیعدا ون بوو، هه‌موو بیرمه‌ندان ئه‌خلاقى ئهنجامگهرایان قبووڵ بوو به تایبه‌ت (بنتام) كه باوه‌ڕى به سوودگه‌رایی هەیه، یان ئه‌خلاقى وهزیفهگهرایى كه (كانت) ده‌ستپێك و سه‌ره‌تاى بوو.
له ناوه‌ڕاسته‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌م بوو ورده ورده كه‌سانێكى وه‌كو (ئهلزابیث ئونسكۆم)، شاگردى (ڤیتگنشتاین) و خانم (فیلیافوت) و ئه‌وانیتر هاتنه مه‌یدانه‌وه و به‌هێزى خۆیان سوودیان له لاوازییه‌كانى ئه‌و دوو قوتابخانه‌یه وه‌رگرت و باس و بابه‌ته‌كانى ئه‌خلاقى فه‌زیله‌تیان خسته‌ڕوو، پاش ئه‌وان خانم (ئایرس مورداك) له كتێبى (ئه‌ودیو سروشت وه‌كو ڕێنمونییهك بۆ ئه‌خلاق) و هه‌روه‌ها خانم (روزاینى هرتس هیرت) بە کۆمەڵێک وتار هاتنه ناو مه‌یدانه‌كه‌وه. خاڵێك لێره‌دا جێگه‌ى سه‌رنجه بریتییه له‌وه‌ى لایه‌نگرانى ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت زۆربه‌یان فه‌یله‌سوفانى ژنن. كه‌سانێكى وه‌كو (مارتا نوزباوم)، (كارا دایامۆند) كه دوو فه‌یله‌سوفى ئه‌مریكین و كه‌سانى دیكه‌ش.
له ڕاستیدا پاش جه‌نگى جیهانى دووه‌م ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت بره‌وى په‌یداكرد و له ده‌یه‌ى (1980)دا و پاش ئه‌مه‌ش گرنگی زیاتر پێ درا.
پ: سه‌ره‌كیترین جیاوازیى ئه‌م قوتابخانانه له چیدایه؟
مهلهكییان: له باره‌ى جیاوازى ئه‌م قوتابخانانه‌وه بە ساده‌یی ده‌توانرێ بوترێ هه‌موو باس و قسه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه چ شتێك له واقیعدا به‌هاى ئه‌رێنى یان نه‌رێنى به كردارێكى ئه‌خلاقى ده‌دات؟! ڕوانین و دیدگاى وهزیفهگهرایانه ده‌ڵێت، خودى كرداره‌كه خۆى له خۆیدا خاوه‌نى به‌هاى ئه‌رێنى یان نه‌رێنییه، به‌ڵام له ئهنجامگهرایانهدا ده‌ڵێت: كردار به ڕه‌هایى به‌هاى نییه، به‌ڵكو به‌هۆى به‌رهه‌م و ئهنجامهكانییهتى كه خاوه‌نى به‌هایه و به‌هاداره. به‌ڵام له ئه‌خلاقى فه‌زیله‌تدا، بكه‌ر سه‌نته‌ره، ئهخلاقێكه سه‌یرى بكه‌ر ده‌كات. (كانت) ده‌ڵێت: ڕاست بڵێ ته‌نانه‌ت گه گه‌ردوون و فه‌له‌ك وێران ببێت. له ڕاستیدا ئه‌رك و وه‌زیفه‌ى مرۆڤ ڕاست وتن و ڕاستگۆییه. خودى كرداره‌كان چاك و خراپیان هه‌یه، به‌ڵام دیدگاى دواتر ده‌ڵێت: ڕاست له خودى خۆیدا نه چاكه و نه خراپە، نه ناشیرینە و نه جوانە، ئه‌وه‌ى چاك و خراپه به‌رهەم و ئهنجامهكانییهتى، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م و ده‌ره‌نجامه‌كانى چاكن، ده‌توانێت چاك بێت و به پێچه‌وانه‌شه‌وه گه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانى خراپن، ئه‌وه خراپه. له ڕاستیدا هیچ پیرۆزییه‌ك له ڕاست وتن و هیچ پیسی و ناشیرینییه‌ك له درۆوتندا نییه. ئێمه شه‌یدا و په‌رێشانى هیچ كردارێكى ئه‌خلاقى نین، كاتێك ده‌وترێ چ به‌رهه‌م و ئه‌نجام گه‌لێك چاك و باشن، ئا لێره‌دایە جیاوازییەکە بوونى هه‌یه. (بنتام و جۆن ستیوارت میل و جه‌یمز میل) ده‌یانوت ده‌بێت سه‌یرى به‌رهه‌م و ئه‌نجام بكرێت و بڕیار به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا بده‌ین. به‌رهه‌م و ئه‌نجام چێژ ده‌هێنێت، واته ئه‌وه‌ى كردارێك ئایا باشترین چێژ بۆ زۆرترین تاك فه‌راهه‌م ده‌كات یان نا.
بۆیه له‌به‌رئه‌وه‌ى گه‌ر سه‌یرى به‌رهه‌م و ئه‌نجام بكه‌ین و به‌وه قایل بین، ئه‌وه ئه‌و به‌رهه‌م و ئه‌نجامانه چاكه و خراپه‌یان هه‌یه، له كاتێكدا خودى ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه پیشان نادات چ به‌رهه‌م و ئه‌نجام گه‌لێك چاك و باشن. ئه‌م به‌رهه‌مانه په‌یوه‌ندى به پێوه‌رى چێژه‌وه هه‌یه. یه‌كێك ده‌ڵێت: ده‌سه‌ڵات، یه‌كێكى تر ده‌ڵێت مه‌عریفه‌ت، یه‌كێكى تر ده‌ڵێت، خۆشبه‌ختى، یه‌كێكى تر ده‌ڵێت پشكوتنى خود، له‌م قوتابخانه‌یه‌دا ئه‌و كرداره خراپه، كه ببێته ڕێگرى پشكوتن و گه‌شه‌ى مرۆڤ.
پ: له باره‌ى ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ته‌وه ده‌توانرێ چى بوترێ؟
مهلهكییان: له ئه‌خلاقى فهزیلهتگهرادا كه میراتى یۆنان و ڕۆمه، به‌رهه‌م و ئه‌نجام گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه چ كه‌سێك ئه‌مكاره ئه‌نجام ده‌دات، به‌و مانایه‌ى ئه‌گه‌ر مرۆڤى خاوه‌ن فه‌زیله‌ت، خۆبهگهورهزانینى هه‌بێت، ڕاسته. ئه‌گه‌ر درۆش بڵێت، ڕاسته و ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه كه هیچ ڕێسایه‌كى گشتى ئه‌خلاقى بوونى نییه كه بڵێت، چ شتێك چاكه و چ شتێك خراپه. له ڕاستیدا ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت واته، ئه‌خلاق به بێ ڕێسایه‌كى گشتى، به‌و مانایه‌ى گه‌ر كردارێك له لایه‌ن منه‌وه ئه‌نجام بدرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌سێكى خراپم، كارێكى خراپه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له كه‌سێكه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبێت و له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه ئه‌نجام بدرێت كه فهزیلهتمهند بێت، ئه‌وه كارێكى چاكه. له ڕاستیدا پرسیارى سه‌ره‌كى ئه‌وه نییه ده‌بێت چى بكه‌م، به‌ڵكو ده‌بێت بوترێ: ده‌بێت چ كه‌سێك بم.
له ئه‌خلاقى وه‌زیفه و ئه‌نجامدا، ئێمه‌ى مرۆڤ هه‌ر ئه‌م مرۆڤانه‌ین و بۆنهكانمان تهندرووستره و ته‌نها باشتر ده‌ژین، به‌ڵام له ئه‌خلاقى فه‌زیله‌تدا ئێمه‌ى مرۆڤ گۆڕانكاریمان به‌سه‌ردا دێت، له ڕاستیدا ئه‌وان ده‌ڵێن: تۆ هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌ى كه بوونت هه‌یه و ئه‌خلاق ته‌نها ژیان خوازراوتر و ویستراوتر ده‌كات، له كاتێكدا له ئه‌خلاقى فه‌زیله‌تدا پێتان ده‌ڵێن ده‌بێت ورده ورده گه‌وره ببن و به‌رو مرۆڤێكى پله به‌رزتر نزیكتر ببنه‌وه.
پ: ده‌توانن له‌م ڕووه‌وه نموونه‌یه‌كى به‌رجه‌سته‌تر بهێننه‌وه؟
مهلهكییان: به‌ڵێ، گریمانه‌ى ئه‌وه بكه‌ن بانگهێشتى ئێوه ده‌كه‌ن وتارێك پێشكه‌ش بكه‌ن و له‌م وتاره‌دا (10)هه‌زار كه‌س وه‌كو گوێگر به‌شدارى ده‌كه‌ن و وتاره‌كه‌ى ئێوه‌ش سوودیان پێ ده‌گه‌یەنێت و كه‌ڵكى لێ وه‌رده‌گرن. گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ین ئه‌م وتاره سوود و به‌هره به ئه‌وان ده‌گه‌یەنێت، به‌ڵام گه‌ر ئێوه به‌شدارى بكه‌ن خۆبه‌شت زانین دهتانگرێـتهوه و تووشى ده‌بن و سه‌ركه‌ش ده‌بن و له خۆتان بایی دەبن. گه‌ر ئێمه ئه‌نجامگه‌را بین له‌م وتارانه‌دا به‌شدارى ده‌كه‌ین، چونكه زۆرترین سوود به زۆرترین تاك ده‌گه‌ێنێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر فهزیلهتگهرا بن، بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه ئێوه خۆتان گه‌وره ده‌بن یان بچوكتر؟! گه‌ر به‌م ئه‌نجامه بگه‌ن كه خۆبه‌شت زانین و خۆ به‌گه‌وره زانین ده‌بێته هۆى بچووك بوونه‌وه‌تان، نابێت به‌شداری بكه‌ن. له ڕاستیدا ئه‌خلاقى فه‌زیله‌ت پێتان ده‌ڵێت، كارێك بكه‌ن له ناخ و ده‌روونه‌وه گه‌وره‌تر بن. تۆ ده‌بێ سه‌یرى ئه‌وه بكه‌یت له ناخ و ده‌روونى خۆتدا دهبیتهچى؟ تۆ به‌رپرسیارى زیاتركردنى چێژه‌كانى ئه‌وانیتر نیت.
پ: زۆرباشه، به‌م جۆره درێژه به پرسیار ده‌ده‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه چ مرۆڤێك خاوه‌ن فه‌زیله‌ته و چ مرۆڤێك ڕهزیلهتمهند و خاوه‌نى ڕهزیلهتە؟
مهلهكییان: له ڕاستیدا ده‌بێت ئێمه ئامانجى هه‌موو شتێك له‌به‌رچاو بگرین و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌ڵسه‌نگاندن ئه‌نجام ده‌ده‌ین، بۆیه باشتربوون و خراپبوون په‌یوه‌ندى به وه‌زیفه‌وه هه‌یه. له زمانى یۆنانیدا به‌م وهزیفهیهیان ده‌وت، ئارت، هه‌مان ئه‌وه‌ى دواتر له زمانى ئینگلیزی‌دا بۆ هونه‌ر (art) گۆڕا، واته هونه‌ر. ئێستا خاڵهكه لێرهدایهئێمه ده‌توانین ئه‌م قسانه له شته درووستكراوهكاندا قبوڵ بكه‌ین، به‌ڵام له‌باره‌ى مرۆڤه‌وه چۆنه؟! (ئه‌رستۆ) باوه‌ڕى وایه مرۆڤیشیان بۆ شتێك درووست كردوه. بۆیه مرۆڤه‌كانیان بۆ هونه‌رێك درووستكردوه. هه‌مان وشه‌ى (Art) له زمانى یۆنانى (پرتس) كه له ئینگلیزی‌دا (Virtue)وه و ئێمه به فه‌زیله‌ت وه‌رى ده‌گێڕین، ئه‌مڕۆ هه‌ندێك له فه‌یله‌سوفانى لایه‌نگرى فه‌زیله‌ت باوه‌ڕیان وایه، مرۆڤى فهزیلهتمهند، واته ئه‌و مرۆڤه‌ى كه ئه‌و هونه‌ره‌ى هه‌یه. ئێوه سه‌یر بكه‌ن ئه‌گه‌ر ته‌له‌فزیۆن هه‌موو كارێك بكات، به‌ڵام وێنه و ده‌نگى نه‌بێت، ئیدى ته‌له‌فزیۆن نییه. ئه‌و شته‌یان بۆ وێنه و ده‌نگ درووستكردوه، نه‌ك شتى تر. (ئه‌رستۆ) و (ئه‌فلاتۆن) باوه‌ڕیان وابوو مرۆڤ بۆ كارێكى تایبه‌ت درووستكراوه و ئه‌گه‌ر خه‌ریكى ئه‌و فه‌زیله‌ته بنه‌ڕه‌تیه نه‌بێت، مرۆڤ نییه. هه‌ڵبه‌ته مرۆڤه‌كان ئه‌م فهزیلهتهیان له پله و ئاستى جیاوازدا په‌یدا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك چه‌قۆیه‌ك كاتێك به ئامێر تیژكرهوه تیژ ده‌كرێته‌وه، هه‌ر كاتێك زیاتر به به‌راورد به پێشتر تیژتر ده‌بێت و ڕوه‌و تیژتربوون به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات، بۆیه ئێمه‌ش ده‌توانین مرۆڤتر بین و فه‌زیله‌تى مرۆییمان زیاتر ببێت.
پرۆفایل:
موسته‌فا مهلهكییان: نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و بیرمه‌ندى ئه‌خلاق، 1956 له دایك بووه، خاوه‌نى زیاتر له (30) كتێبى نووسراو و وه‌رگێڕدراوه و خاوه‌نى تیۆریاى (عه‌قڵانییه‌ت و مه‌عنه‌وییه‌ت)ه.
سه‌رچاوه: سایتى فه‌رهه‌نگى ״نیلوفر״