״لەگەڵ ئەو خزمەتەى موعتەزیلەکان بە ئیسلامیان کرد، کەچى وەک دەرچوو لە ئایین هەژمار کراون״
ئاژانس – بڕوا کەمال
بە درێژایی مێژووى ئیسلام، کێبڕکێ لە نێوان چینی پێشکەوتووخواز و محافیزکار و تەقلیدییەکاندا بوونی هەبووە، زەقترین کێبڕکێ ئەوەیە کە لە نێوان ئەقڵگەرا و دەقگەراکاندا درووست بووە.
لە مێژووى ئیسلامدا ئەوانەى بە تووندى پابەند بوون بە دەقە پیرۆزەکانی قورئان و حەدیسەوە، بە ئەهلی سوننە و جەماعە بەناوبانگ بوون، بە تایبەت لە بوارەکانى عەقیدە و خوداناسی.
بەڵام ئەگەر گرووپێک باسی ئەقڵگەرایی ئایینی و کاراکردنی ڕۆڵی ئەقڵیان لە بوارە ئایینییەکەدا کردبێت و ویستبێتیان ئەقڵ بکەنە پێشەنگ، ئەوا مۆرکی کوفریان دراوەتە پاڵ، ئەمەش بە ڕاى زۆرێک لە توێژەرانى مێژووى ئیسلام ״یەکێکە لە هۆکانى چەقبەستوویی لە ئایین و ئەقڵیەتی ئایینیدا.״
ئەم ململانێیە لە سەردەمى عەباسییەکاندا گەیشتە ترۆپک، لەو سەردەمەدا دوو ئاڕاستە پەیدا بوو، یەکیان بریتی بوو لە دەستگرتن بە پاشماوە و گەڕانەوە بۆ دەقی فەرمودە و وازھێنان لەسەر پێوانە و قیاس تەنھا لە ناچاریدا نەبێت، دووەمیشیان بریتی بوو لە خستنەگەڕی عەقڵ و کردنی بە پێوانە بۆ لێکدانەوەی مەسەلە ئاڵۆزەکان. نموونەی یەکەم، فەرمودەناسان کە زۆرینە بوون، دووەمیش موعتەزیلە بوون کە ھەڵگری زانستە تازەکان بوون، ململانێ و ناکۆکیی فیکری لە نێوان ئەم دوو لایەدا ڕووی دا لە مزگەوتەکان و حەلقە دەرسییەکاندا بە گفتوگۆ ڕووبەڕووى یەکتر دەبوونەوە.
کێشەى ئەم ململانێیە ئەوە بوو کە دەسەڵات تیایدا بێلایەن نەبوو، هەر ماوەیەک و خەلیفەکان بە پێى بیرکردنەوە یان بەرژەوەندیى خۆیان بە لایەکدا دەکەوتن و لایەکەى تر لە ئازادیی ڕادەربڕین بێبەش دەکرا.
یەکەم گرووپى ئەقڵگەراى ئیسلام
(موعتەزیلە) بە یەکێک لەو کۆمەڵە ئەقڵگەرا گرنگانەى مێژووى ئیسلام دادەنرێن، ئەمانە کۆمەڵێک بوون زۆر گرنگییان داوە بە فەلسەفە و هزر و پێشکەوتن.
باوەڕیان بە جیاوازیی چینایەتی نەبووە، کاریان لەسەر درووستکردنی یەکسانی کردووە لە نێوان (عەبدەکان) و خەڵکی تردا، زۆر دژی خورافە بوون لە ئاییندا، بە هەموو شێوەیەک لە ڕێگەی پێوەرە ئەقڵییەکانیانەوە خورافەچییەکانیان بە درۆ خستوونەتەوە، جەختیان کردووەتەوە لە ڕێگەی پێوەرە ئەقڵییەکانەوە شتەکان وەربگیرێن.
مێژووی درووستبوونی موعتەزیلە
درووستبوونى هیچ گرووپێک لە مێژووى ئیسلامدا بە دەر نییە لە کارتێکەرە سیاسییەکان، بۆیە هەندێ لە مێژوونووسان، درووستبوونى گرووپى موعتەزیلە بۆ ھۆکاری سیاسی دەگەڕێننەوە.
״ئەو کاتەی ئیمامی عەلی و موعاویە چارەسەری ناکۆکییەکانیان کرد، کۆمەڵێ لە ھەردوو گرووپەکە (عەلی و موعاویە) جیا بوونەوە، بەڵام هەندێکى تر لە مێژوونووسان هۆکارى درووستبوونى موعتەزیلە بۆ جیاوازیى هزری و دیدگاى ئەوان بۆ مەسەلە ئایینییەکان دەگێڕنەوە بەو بەڵگەیەى کە موعتەزیلەکان بە فەلسەفەى یۆنان کاریگەر بوون.
״لە ئەنجامی بەیەکگەیشتنی فیکرە جیاواز و فەلسەفییەکانی ناوچەکانی دی لەگەڵ ئیسلامدا، کۆمەڵێک کاریگەر بوون بە فەلسەفەی (یۆنانی، ھندی، بیروباوەڕی یەھودی و نەسرانییەکان) دامەزرێنەری ئەم فیکرەش ( واصلی کوڕی عەتایە) ( ٨٠-١٣١ک) کە یەکێک بوو لە قوتابیەکانی حەسەنی بەصری.״
بۆچى بەم گرووپە دەوترێت موعتەزیلە؟
موعتەزیلە کۆمەڵێکن کە ئەھلی سوننەت و جەماعەت بە پشتبەستن بە دەسەڵات ئەوانیان ناو ناوە موعتەزیلە، بەڵام ئەوان خۆیان ناویان لە خۆیان نابوو ئەھلی عەدل و تەوحید، ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە کە مانەوە لەناو ئیسلام یان دەرچوون لێى پەیوەندىی بە ململانێوە هەبووە و کێ دەسەڵاتى بە دەستەوە بووبێت ئەویترى بەرکەنار خستووە.
ئەمە بۆ (خەواریج)یش هەر ڕاستە (خەواریج) کە بە ماناى دەرچووەکان دێت، ناوێکە دەسەڵاتى زاڵ لە سەردەمى خۆیدا ئەم ناوەى لێناون بەمەش ئەوان لە ڕاستیدا درەچوو لە دەسەڵات و بیرکردنەوەى باوى گشتین نەک دەرچوو لە ئایین.
سەردەمى دەسەڵاتی موعتەزیلەکان
لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی عەباسییەکاندا موعتەزیلەکان دەسەڵاتیان پەیدا کرد، ئەوان لەگەڵ سێ خەلیفەى عەباسییەکاندا پەیوەندییان خۆش کرد و لەناو دەسەڵاتى عەباسیدا پێگەى گرنگیان بە دەست هێنا، گرنگترینیان مەئمون بوو، ئەو هەم پێیان سەرسام بوو هەم ملکەچ بوو بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و بە تەواوى مەزهەبەکەیان پشتیوانى کرد، تەنانەت بۆ چەسپاندنى بیروڕاکانیان بە تایبەت لە بابەتى خەلقى قورئاندا تووندوتیژى لە بەرژەوەندیى ئەوان و لە دژى نەیارەکانیان بە کار هێنا ئەمەش جارێکى تر کێشەى بێلایەن نەبوونى دەسەڵات لە ڕووى ئایینى و ئایدیۆلۆژییەوە لە مێژووى ئیسلامدا دەردەخات.
بەڵام لە هەمان کاتدا لایەنگرى مەئموون بۆ موعتەزیلە بوویە ھۆی گەشەسەندنێکی گەورەی فەلسەفە لە جیھانی ئیسلامیدا کە مێژوونووسان ھۆکاری ئەم گەشەسەندنە دەگەڕێننەوە بۆ دانانی (ئەحمەد کوڕی ئەبی داودى ئیادی) بە قازی، بەڵام هەر ئەوەى موعتەزیلەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست کەوتنە چەوساندنەوەى نەیارە هزرییەکانیان، ئەمەش بووە ھۆی دەرکەوتنی ئەوەى پێى دەوترێت (مەینەتییەکە)، لە مێژووی ئیسلامدا کە ناسراوە بە (المحنە).
گەشەسەندنى موعتەزیلە و سەردەمى (مەینەتییەکە)
بیرۆکەى (قورئان مەخلوقى خودایە، نەک ئەزەلیى بێت) کە داهێنراوى موعتەزیلە و پاشان پشتگیرى دەسەڵاتى خەلیفەى هەبوو هۆکارى ئەم میحنەتە بوو کە تیایدا چەندین زاناى ئەهلى سوننەت و جەماعەت ئەشکەنجە دران تا دان بەوەدا بنێن کە قورئان مەخلوقە نەک (سیفاتى خودا)، لە گرنگترینیان ئەحمەدى کوڕى حەنبەل کە یەکێک بوو لە زانا گەورە و ناودارەکانى ئیسلام و ڕەتى بیرۆکەکەى موعتەزیلەکانى کردەوە لە پاى ئەمە ئەشکەنجەیەکى زۆر درا.
ڕۆڵى موعتەزیلە لە مێژووی هزری ئیسلامیدا
موعتەزیلە یەكەمین قوتابخانەی كەلامییە لە ئیسلامدا، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە برەوپێدانی هزری ئایینی و فەلسەفیدا، بنیاتنەری بنەما ئەقڵییەكانی عەقیدەی ئیسلامییە، لە ڕێگەی قوتابخانەی ناوبراوەوە بزافی ئەقڵگەرایی هاتەئاراوە و توانی لە هەیمەنەی چەقبەستوویی بێمانا و پەیوەستبوونی ڕەها بە دەقەوە كەم بكاتەوە.
پێشەوایان و قوتابیانی ئەم قوتابخانە، ئەقڵیان كردبووە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی زۆرێك لە كێشە ئایینییەكان.
موعتەزیلە وەكو تەوژمێكی هزری و ڕێبازێكی ئەقڵانی دەركەوتنیان حەتمی بوو، دەبوا هەر ببوونایە بۆ چوونە ناو ئەو مەیدانخوازی و ململانێ فكرییەی ئیسلام و مسوڵمانان دووچاری ببوون لە لایەن هەواداران و هاوبیرانی جولەكە، مەسیحی، بەراهیمە، مانەوی، مەزدەكی، سابیئە، سومەنی و دەهریەكان لە لایەك، بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گرسوپە لادەرە شیعی و سوننیەكان لە لایەكی ترەوە.
لەم بارەوە خاوەنی كتێبـی (الانتصار) دەڵێت: ״بێجگە لە موعتەزیلەكان كەس نەبوو بەرپەرچی دەهرییەكان (واتە مولحیدەکان بە دەستەواژەى ئەمڕۆ) بداتەوە.״
گەورەیی موعتەزیلە لەوەدا بوو هەوڵیان دەدا گرنگی بدەن بە بیروبۆچوونی نەیاران و دژەكانیان و ئاشنا بن بە میتۆد و بەڵگە و ڕەخنە و وردەكارییەكانیان، تا بتوانن بە هەمان شێواز و ڕێبازی خۆیان وتووێژیان لەگەڵدا بكەن و ڕەتیان بدەنەوە، لە ڕێگەی بەڵگە ئەقڵییە حاشاهەڵنەگرەكانەوە بەرگری لە ئیسلام بكەن.
لە لایەكی ترەوە یەكەمین هەوڵ كە درا بۆ نزیككردنەوەی دەقە ئایینییەكان لە ئەقڵەوە و سەلماندنی نەبوونی ناسازی و ناڕێكی لە نێوان ئەقڵ و نەقڵ، فەلسەفە و ئاییندا لە لایەن موعتەزیلەكانەوە بوو.
تێڕوانینی موعتەزیلە بۆ هەندێک پرسی گرنگ
لە بارەى بنەماى پاداشت و سزاوە موعتەزیلەكان دەڵێن: ئەگەر خودا درووستكەر و سەپێنەری كاری بەندەكان بێت، ئەوكات بنەمای پاداشت و سزا هیچ واتایەكی نابێت، چونكە وەك دەڵێن: ئەگەر لە چارەی فڵان نووسرابێت كافرە، ئیتر ئەم كەسە كافرە تاوانی چییە كە لە ئەزەلەوە نووسرابێت لە چارەیدا كە دەبێت كافر بێت؟ بۆچی خودا سزای دەدات؟
لە بارەى واتاداریی داوا شەرعییەكان، موعتەزیلە پێیان وایە ئەگەر مرۆڤەكان ئازاد نەبن و هیچ ڕۆڵێكیان نەبێت لە بەدیهێنانی كار و كردەوەكانیاندا، ئەو كات هیچ واتایەك بۆ بنەمای داوالێكرنی شەرعی نامێنێت، كەواتە بۆ ئەوەی داوا شەرعییەكان بەجێ و واتادار بن، كەسی باش پاداشت بكرێت، خراپەكارانیش بە سزا بگەن، دەبێت مرۆڤەكان ئازاد و سەرپشك بن لە كار و هەڵسوكەوتەكانیاندا و بە دوور بن لە هەر جەبرییەت و سەپێنراوییەك.
لە بارەى هۆکارى لۆژیکیى ناردنی پێغەمبەران: موعتەزیلەكان دەڵێن: ئەگەر خودا سەپێنەری كارەكان بێت و بەندەكان ڕۆڵیان نەبێت، ئیتر سوودی ناردنی پەیامبەران لە چیدایە؟ كە خوا خۆی دیاری كردووە و بڕیاری داوە كێ دەبێتە باوەڕدار و كێ بێباوەڕ دەبێت، ئیتر پەیامبەران بۆ دەنێرێت؟ كەواتە بۆ ئەوەی ناردنی پەیامبەران بەسوود بێت و ئامانج لە ناردنیان ڕوون بێت، دەبێت دانبنرێت بە بنەمای سەرپشكایەتیی مرۆڤەكاندا.
بۆ بنەماى قەزاوقەدەر کە گەورەترین گفتوگۆى لۆژیکیى لە سەردەمى ئیسلامدا دەربارە کراوە، بەڕای موعتەزیلەكان لەناو كار و هەڵسوكەوتەكانی مرۆڤدا چەندین كاری چەوت و نەشیاو و قێزەونی وەك بێباوەڕی، درۆ، دزی، بەدڕەوشتی و ستەم بەدی دەكرێت، ئەگەر بووترێت خودا درووستكەر و بەدیهێنەری كارەكانە، ئەو كات كارە قێزەون و نەشیاوەكانیش پاڵ دەدرێن بۆ لای خودا، كە ئەمە مەحاڵە.
پەیبردنی ئەقڵ بە باشی و خراپییەكان، یەکێکە لە و بنەما گرنگانەى موعەزیلە دایان هێنا، وروژاندنی ئەم مەسەلەیە بە یەكەمین هەوڵی نزیككردنەوەی ئەقڵ و دەق دادەنرێت، زانایانی كەلام و ئوسوڵی فیقهـ گرنگییەكی زۆریان بەم بابەتە داوە، لە پێشیانەوە موعتەزیلەكان كە خۆیان داڕێژەری بیرۆكەكە بوون و چەندین مەسەلەی تریان لەسەر بنیات ناوە.
موعەزیلە وتوویانە: خوای پەروەردگار عەقڵی بەخشیوەتە مرۆڤەكان تا جیاوازی لە نێوان باشی و خراپییەكاندا بكەن، عەقڵیش توانای ئەم پەیبردنەی هەبووە لە پێش هاتنی شەرعدا، هاوكات ئەم پەیبردنە وردەكاریی مەسەلە پەرستشی و شەرعییەكان ناگرێتەوە، كە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەقڵدان، بەڵكوو ڕەچەڵەكی باشی و خراپییەكان، حەقیقەتە سەرەتایی و سەرەكییەكان، بنەما مرۆیی و ئاكارییەكانی وەك: ناسینی خودا، ڕاستی و درۆ، داد و ستەم، ئازادی و چەوساندنەوە، ئازار و خۆشی و هاوشێوەی ئەمانە دەگرێتەوە، دواتر كە شەریعەت دێت لە لایەكەوە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەو باشی و خراپییانەی پێشتر ئەقڵ پەی پێ بردوون و دەركی كردوون، لە لایەكی ترەوە یاریدەدەرە لەو مەسەلانەی ئەقڵ بە باشی پەی پێ نەبردوون، بەمەش شەریعەت شوێنكەوتە و تەواوكەری ئەقڵە.
لەگەڵ هەموو ئەو ڕۆڵە گرنگەى موعتەزیلە لە مێژووى هزر و فەلسەفەى ئیسلامدا بینیویانە، لەگەڵ ئەوەش کە تاکە گرووپ بوون تویانیویانە لە ڕووى لۆژیکییەوە ئیسلام لە تێکشکاندن لە لایەن نەیارە فیکرییەکانییەوە بپارێزن، کەچى موعتەزیلە لە مێژووى ئیسلامدا و بە ئێستاشەوە بە گرووپێکى لادەر لە ئیسلام دادەنرێن لە لایەن زۆرینەى ئەهلى سوننە و جەماعەتەوە، ئەمەش دەرخەرى ئەو ڕاستییەیە کە هۆکارێک لە هۆکارەکانى تەکفیر لە مێژووى ئیسلامدا پەیوەستە بە تێکەڵاوکردنى دەسەڵاتى دنیایی بە دەسەڵاتى ئایینییەوە.
بۆ ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە
صدیق عبداللە اغجلري: دراسات في المذاھب و الفرق الاسلامیة.
پەرتوکی زھدي حسن جاراللە: المعتزلة
پەرتوکی الاشعري: مقالات الاسلامیین.