چالاكترین یانەی بازاڕی گواستنەوەیە
ئاژانس:
یانەی میلانی ئیتاڵی لە زستاندا بەبێ هیچ نازناوێك وەرزێكی دوور و درێژی بەڕێكرد، بەڵام لەهاویندا باشترین یانەی سەر ئاستی ئەوروپایە و لە بازاڕی گواستنەوەدا لەسەرجەم یانەكانی دیكە چالاكترە.
لەمانگی رابردوودا یانەی میلان چەند گرێبەستێكی گەورەی ئیمزاكرد، ئەمەش وای لە هاندەران و چاودێرانی وەرزشیی كردووە بگەنە ئەو بۆچوونەی كە ئیدارە چینییەكەی یانەكە مەسەلەكەیان زۆر بە جدی وەرگرتووە و دەیانەوێت تیپەكە بگەڕێننەوە بۆ ئاستە بەرزەكەی رابردووی.
ئەم هاوینە، یانەی ئەی سی میلان بە ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ ماتیۆ مۆساچیۆی بەرگریكاری ئیسپانی دەستی بە چالاكییەكانی كرد. مۆساچیۆ وەرزی رابردوو ئاستێكی بەرزی لەگەڵ ڤیاریاڵ پێشكەشكرد، لەكۆتاییشدا بەرامبەر بە 15 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە میلانەوە كرد.
میلان هەر بە كڕینی مۆساچیۆوە نەوەستا، بەڵكو دوابەدوای ئەوە بەشێوەی خواستن فرانك كیسێ-ی كۆتدیڤواری هێنایە ریزەكانیەوە، كیسێ ئەگەرچی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەیدا نەیتوانیوە ببێتە جێگەی سەرنج، بەڵام وەرزی رابردوو رۆڵێكی گەورەی هەبوو لەهێڵی ناوەڕاستی یانەی ئەتالانتادا.
كیسێ بەرامبەر 6 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ بەشێوەی خواستن پەیوەندیی بە میلانەوە كردووە.
ئەگەرچی هاندەرانی یانەكەی شاری میلانۆ خۆشحاڵ بوون بەم دوو گرێبەستە، بەڵام ئیدارەی یانەكە زۆر لەوە زیاتری پێبوو. تەنانەت هاندەرانیان شۆك كرد كاتێك گرێبەستیان لەگەڵ یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی خولی ئەڵمانیادا ئیمزاكرد.
ئیدارە چینییەكەی میلان توانییان ریكاردۆ رۆدریگێزی یاریزانی یانەی فۆڵسفبۆرگ ببەنە ریزەكانیانەوە لەبەرامبەر 15.3 ملیۆن یۆرۆدا.
رۆدریگێز هاوینی رابردوو زۆر نزیكبوو پەیوەندیی بە ریاڵ مەدریدەوە بكات، بەڵام لەكۆتاییدا خۆی لە میلان بینییەوە.
لەكاتێكدا دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەندریا بیلۆتی یاریزانی یانەی تۆرینۆ پەیوەندیی بە میلانەوە بكات، بەڵام ئیدارەی یانەكە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو یەكێك لە گەورەترین گرێبەستەكانی خۆی لەم هاوینەدا راگەیاند، ئەویش گواستنەوەی ئەندرێ سیلڤای پورتوگالی بوو.
ئەگەرچی گرێبەستەكە بووە جێگەی رەخنەی هەندێ لە میدیاكان، بەڵام لەكۆتاییدا هێرشبەرە پورتوگالییەكە نزیكەی 32 ملیۆن یۆرۆ لەسەر میلان كەوت و بە گەورەترین گرێبەستی یانەكەش دادەنرێت لە چەند ساڵی رابردوودا.
گرێبەستەكانی میلان بۆ پتەوكردنی هێڵی هێرشبردن تەنها بە گواستنەوەی سیلڤاوە نەوەستا، بەڵكو توانییان بەشێوەی خواستن فابیۆ بۆرینی ئیتاڵی بگوازنەوە ریزەكانیان.
بۆرینی پێشتر یاریزانی یانەی لیڤەرپول بووە و ئێستایش یاریزانی یانەی سەندەرلاندە، بەڵام میلان بەشێوەی خواستن و بۆ ماوەی ساڵێك و بەبڕی 5 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ ئیمزاكردووە.
لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە، ئیدارەی یانەكە بڕیاریدا گرێبەستێكی ناوازە لەگەڵ هاكان كالهانۆگلۆی توركی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بایەر لیڤەركوزن ئیمزابكات، كە بە لێدانە موشەكئاساكانی ناسراوە.
گرێبەستەكەی هاكان 18.7 ملیۆن یۆرۆ لەسەر میلان دەكەوێت.