مەرگ بۆ مرۆڤی مۆدێرنە وەكو مەتەڵێك وایە
سازدانی: بەهمەن فەرمان ئارا
وهرگێڕانی: موسعەب ئەدهەم
دكتۆر (داریوش شایگان)ی تەمەن (83) ساڵ فەیلەسووفی دیاردەناس، نووسەر و وەرگێڕ لە بواری عیرفان و ئایینە ڕۆژهەڵاتییەكان، تیۆرداڕێژەری كۆمەڵایەتی، بیرمەند، هونەرناس و ڕەخنەگری هونەر، هیندناس. لە ناودارترین ڕوخسارە درەوشاوەكانی ئەندێشەی هاوچەرخە، كە نەك تەنها لە ئێراندا، بەڵكو و لە پێگەی نێودەوڵەتیشدا جوان درەوشاوەتەوە و ڕەنگە تەنها كەسێك بێت لە ئێراندا كە نیشانەی (شوالیە) لە گرنگترین خەڵاتە فەرهەنگی و ئەدەبییەكانە، دوو جار پێی بەخشرابێت. هەروەها لە ساڵی (2009) خەڵاتی گفتوگۆی جیهانی لە لایەن وڵاتی (دانیمارك)ەوە بە هاوبەشی بە ئەو و سەرۆكی پێشووی ئێران (محەمەد خاتەمی) دراوە.
شایگان خاوەنی چەندین وتارە بە زمانەكانی فەرەنسی و فارسی و كتێبە زۆرەكانی لە هەردوو زماندا، كە بە زمانەكانی تریش پاچەڤە كراون، لە ڕیزی پڕخوێنەرترین كتێبەكانە لە بواری هونەر و ئەدەبیات و مەعریفەتناسی و ڕەخنە و تەفسیر. دووجاریش خەڵاتی ئەدەبی فەرەنسی وەرگرتووە، لە كتێبەكانی: ئایینەكان و قوتابخانە فەلسەفییەكانی هیند، ئاسیا لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا، بتە زەینییەكان و یادەوەری ئەزەلی، و… هتد.
ئەمەی خوارەوە دەیخوێنیتەوە دەقی گفتوگۆیەكە لەگەڵ ئەم فەیلەسوفە ناودارە، كرۆكی باسەكەش بابەتی (مەرگ)ە.
پ: جەنابی شایگان، ئێوە چ ڕوانین و نیگایەكتان لەمەڕ مەرگ هەیە، بیركردنەوە لە مەرگ، چەندە لەگەڵ دوودڵی، ترس و دڵەڕاوكێدایە؟
داریوش شایگان: مەرگ بەشێكە لە ژیان و مەرگ و ژیان هاوتای یەكترن و هەر ساتێ مرۆڤ پێی خستە ناو ژیانەوە، مەرگی دەست پێ دەكات.
لە ڕاستیدا هەر ڕۆژێك كە زیندووین، ڕۆژێكمان لە مەرگ دزیوە، ساتی گەنجی و لاوی، هەرگیز بیر لە مەرگ ناكەیتەوە، وا بیر دەكەیتەوە تاكو هەتایە بوونت هەیە، كە پێیەكانت دەخەیتە ناو تەمەنی پیرییەوە، دەركی مەرگ دەكەیت و لێی تێدەگەیت. من بەم نزیكانە دەبمە هەشتا ساڵ، تەمەنی بەسوودم كردووە، لە هەفتا بەرەو سەرەوە دەزانی بەرەو ڕووی مەرگ دەڕۆی. ئەمەیە كە مەرگ بۆ من ئێستا ڕزگاری و ڕەهاییە. پەروەندەكەت دەپێچرێتەوە و تەواو!
پ: ئەگەر دەكرێت هێندە بەم ساناییە لەگەڵ مەرگدا بێنەوە، كەواتە بۆچی نەمری بۆ مرۆڤەكان گرنگ بووە و ئەفسانەیان بۆ درووست كردووە؟ گرنگی نەمری لە چیدایە؟
داریوش شایگان: مەرگ بۆ مرۆڤی ئەمڕۆ و مۆدێرنە، وەكو مەتەڵێكە، چونكە لەمەڕ ئەوەی لەگەڵیدا دێت، بێ ئاگایە. بەڵام دەتوانرێ هەموو ئەم نیگەرانییانە بخەینە كەنارەوە و (خیام)یانە بژین و كات بە غەنیمەت بزانین و بژمێرین.
من زۆر باوەڕم بە ڕوانینێكی لەم جۆرە هەیە و (خیام)یم. دەتوانرێ هەروەك (خەیام) و (ڕەواقی)یەكان لەگەڵ مەرگدا زۆر بە ئاسانی بێینە كەنارەوە. هەڵبەتە ئەوانەی ئەهلی عیرفانن، باوەڕیان وایە ئەگەر بە پلەی ״فنا فی اللە״ و (بقا باللە״ بگەن، نەمر و جاویدان بوون. بەڵام من نە عاریفم و نەگەیشتوومەتە ئاستی (مەولانا)، یان بە گوتەی هیندییەكان دەتوانن بە قۆناغێك بگەن كە مردوون و ״زیندوویەكی ئازادن״. لە حیكمەتی سەرزەمینی ڕۆژهەڵاتدا و كەمێكیش لە ڕۆژئاوادا، ڕیگەگەلێك بۆ نەمربوون و جاویدانی لە ڕێگەی ڕیازەتەوە بوونیان هەیە. یۆگیی ڕاستەقینە ״زیندوویەكی ئازاد״ە، مردوو و زیندووە، نەمری، واتە ئەمە.
هەر لەبەر ئەمەیە لە عیرفانی ئیسلامیدا بە مەرگ دەڵێن، قیامەتی ناوەڕاست و نێوەند، واتە قیامەتێك كە لە ژیاندا ئەزموونی دەكەن، پاش ئەو ئەزموونە هەم مردوون و هەم زیندوو. ئەمە ئایدیا و ئامانجی مەزنی عیرفانی سەرزەمینی ڕۆژهەڵاتە. بەڵام لە نێوان من و هیندییەكدا كە لە جیهانە ئەفسانییەكەیدا ژیان بەسەر دەبات، جیاوازی هەیە. ملیارێك هیندی لە ئەفسانەدا دەژین نەك لە واقیعیەتدا! بۆ هیندییەك، ڕەنجبردن و هەبوونی ئازار، پیرۆزە، چونكە هەرچی زیاتر ڕەنج و ئازار بكێشی و هەژاری فشارت بۆبهێنێت، ئەوانە دەبێتە هۆی ئەوەی ״كارما״ ببێتە ئاو، نەمێنێت و ڕێگری لێ بكرێت و ژیانی دواتری باشترت هەبێت.
جێگەی سەرسوڕمانە لە هینددا، لە ئوتێلێكی بەناوبانگی وەك (تاج محەل) كە دێیتە دەرەوە، دەبینی گەدا و هەژارەكان لەوێ دانیشتوون و هیچ هەستێكی كینەو ڕق و توڕەبوونیێكیان بەرامبەر بە تۆ نییە، زۆر جێگەی سەرسوڕمانە، دەبوو كینەیان هەبوایە، بەڵام نیانە و لە هەژارییان ڕازین. ئەمە لە بیروباوەڕی تایبەتیان بەرامبەر بە ژیان و مەرگەوە سەرچاوەی گرتووە.
پ: ئایا ئەمە حەزێكی سرووشتی نییە لە مرۆڤدا كە ئامێری كات بۆ دواوە بگەڕێتەوە و مرۆڤ بۆ لاوی بگەڕێنێتەوە؟ تاكو جارێكی تر ئەو پیشە و بەرنامە و ڕێگەیەی كە خۆی دەیەوێت، ئاگایانەتر، هەڵبژێرێت؟
داریوش شایگان: گەڕانەوە بۆ قۆناغ و سەردەمی لاوی كە هێشتا نازانی دەتەوێ ببیتە چ شتێك؟ هەرگیز! نامەوێ لاو ببمەوە. لەم تەمەنەدا ئاسۆكان بۆ من كراوەن، بەڵام لە لاویدا لە بنەڕەتدا ئاسۆیەك بوونی نییە. لە گێژاوێكدا ژیان بەسەر دەبەی كە نازانی چیت لێ دێت و بە كوێ دەگەیت. بە تایبەت ئەو كاتەی بە تەمەنی ئێمە بگەن، دەڵێی جارێك سیناریۆكەت خوێندووهتەوە، دەزانی كۆتاییەكەی چییە. دووبارەبوونەوەی دووەمجاری دیمەنەكان، تاقەت و حەوسەڵەی دەوێت. ئەوەی كە لاوی بگەڕێتەوە و وانە بخوێنم و ئاییندەم دەبێتە چی و… هتد، لە تەمەنی (55-56) ساڵیدا دڵەڕاوكێیەكان و دڕدۆنگییەكان و دەڕۆن و نامێنن. بۆچی دەبێت بۆ قۆناغی دڵەڕاوكێیەكان و دڕدۆنگییەكان بگەڕێمەوە؟
پ: بابەتی مەرگ چ كاتێك بووە بە بابەت بۆ ئێوە؟
داریوش شایگان: لە تەمەنی (45-50) ساڵی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی مۆدێرن، بیرم لە مەرگ دەكردەوە و مەرگم قبوڵ كرد. ئێوە لە ئەدەبیاتی مۆدێرندا هەمیشە لەگەڵ بابەتی مەرگدا ڕووبەڕوون. لە ئەدەبیاتی عیرفانیدا ڕێڕەوی مەرگ پێشتر نەخشێنراوە و وێنا كراوە. ناونیشانێكتان دەدەنێ، لە كوێوە هاتوون و بۆ كوێ دەڕۆن. بەڵام لە دونیای نوێدا كە هەموو شتێك تیایدا دەبێتە بابەت و كێشە و جێگەی قسەلەسەركردن، دیارە مەرگیش دەبێتە بابەتێك.
ئەو كاتە لەسەر شانی خۆتانە كە بەسەر مەرگدا سەربكەون و قبووڵی بكەن. مەرگ دەبێتە بەشێك لە ژیانتان. دەبێت وەسێتنامەیەك بۆ كەسانی دەوروبەر بنووسرێت و ئەگەر بەم جۆرە بێت، بابەتەكە بۆ مرۆڤ چارەسەر بكەن!
پ: واتە حەز دەكەن مەرگیشتان وەكو ژیانتان بەشكۆ بێت؟
داریوش شایگان: بەڵێ، مانای نییە بكەوینە سەر تەختی نەخۆشی و ناڕەحەتی بكێشین. چەندین ساڵ پیش ئێستا (سوهراب سپیهری)یم بینی لەسەر تەختی نەخۆشی لە لەندەن، حاڵی زۆر خراپ بوو و دیار بوو زۆر زوو دەمرێت. بەڵام خۆی هەرگیز گومانی ئەوەی نەدەكرد كە دەمرێت! ئەمە بۆ من زۆر جێگەی سەرسوڕمان بوو. مەرگی ڕەد دەكردەوە. نەخۆشییەكەی سەخت بوو، بەڵام بە مەرگ ڕازی نەبوو.
پ: ئێستا ڕێگە بدەن بیر لە دۆخ و پێگەیەكی وردتر بكەینەوە. ئەگەر پێتان بڵێن سێ مانگی تر كاتتان هەیە و پاش ئەو سێ مانگە ژیانتان لەو كات و ساتەی پێتان ڕاگەیهنراوە، كۆتایی پێ دێت، ئێوە لەم سێ مانگەدا و بە دەستپێكردنی ساتەكانی نزیكبوونەوە لە مەرگ، دەست بە چ هەڵبژاردنێك دەكەن؟
داریوش شایگان: بەرنامەی ژیانم هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، ئارامش و ئارامیم ناگۆڕێت. هەر ڕۆژێك كە بەیانیان بێدار دەبمەوە، درێژە بە بەرنامەی ژیانم دەدەم، چونكە هەر ئێستا دەزانم ڕۆژێك ژیانم تەواو دەبێت. ئیدی كاتەكەی چ جیاوازییەكی هەیە؟ ئێمە دەبێت بە ئاگابین كە ئیگۆ، ئەو ئەژدیهایەی لە ناخ و دەروونماندایە، هەمیشە خۆراكی دەوێت و دەبێت ڕۆژێك لەسەری بدەیت، تاكو ئارام ببێتەوە. منێك كە لە دەروونی مرۆڤدایە، بە سادەیی ئارام ناگرێت. بەڵام ئەو ڕۆژەی ئارامی گرت و ڕامت كرد، ئاسوودە دەبیت. لەگەڵ هەموو شتێكدا دێیتەوە كەنار و لەگەڵ هەموو شتێكدا هەڵ دەكەی، ئارام و هێمن دەبیتەوە.
سەرچاوە: سایتی فارسی (صدانت).