وەزارەت نەیتوانیوە ڕێگریی لێ بکات
ئاژانس- سەلام هانەدنی
فرۆشتنی مەلزەمەی قۆناغەکانی خوێندن بە خوێندکاران جگە لەوەی زیان بە ئاستی زانستیی خوێندکاران دەگەیەنێت، زیانی ماددییشی پێگەیاندوون، ساڵی ڕابردوویش بە بەهای یەک ملیۆن دۆلار مەلزەمە فرۆشراوە.
بەشێک لە مامۆستایانی قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی مەلزەمە بۆ وانەکان درووست دەکەن، بە ڕێککەوتن لەگەڵ چاپخانەیەک مەلزەمەکە دەکەنە بازاڕەوە و دواتر بە خوێندکارانی دەفرۆشنەوە، نرخی ئەو مەلزەمانەیش لە سێ هەزار دینارەوە بۆ 10 هەزار دینار دەست پێ دەکات.
ئاری ڕەشیدی تەمەن ١٨ ساڵ خوێندكارێكی پۆلی ١١ی زانستییە لە یەكێك لە خوێندنگاكانی شاری هەولێر، بۆ «ئاژانس» وتی: «مامۆستاكان مەلزەمەكان چاپ دەكەن، بەش بەش چاپیان دەكەن بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بكەن، بۆ نموونە مەلزەمەی وانەی عەرەبی پۆلی ١١ كە كراوە بە مەلزەمە، من بە ٣ بەش ئینجا كڕیومە، هەرجارە و ٣ هەزار دینارم داوە، ئەگەر بە یەک بەش بوایە ئەوا نرخەکەی هەرزانتر دەبوو».
وتی: «خوێندكار هەیە، پارەی نییە ئەو هەموو مەلزەمەیە بكڕێت، كڕینی مەلزەمە بووەتە كێشە لای خوێندكاران، كە هەر دەبێت بیكڕن، چونكە زۆربەی مەلزەمە بەكار دەهێنێت لە كاتی سەعیدا، هەشە توانای كڕینی مەلزەمەی هەموو وانەكانی نییە».
لقی سلێمانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە ڕێگەی نووسراوەوە داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش بیگەیەنن بە وەزارەتەکەیان بۆ ئەوەی ڕێگری لە فرۆشتنی مەلزەمە بکەن.
هێمن فەریق لێپرسراوی لقی سلێمانیی كۆمەڵەی خوێندكاران بۆ «ئاژانس» وتی: «نزیكەی دوو مانگ دەبێت نووسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی كردووە و ئەوانیش ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەیان كردووە بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لەم دیاردەیە، كە تەنها بازرگانیكردنە بەسەر گیرفانی خوێندكارانەوە، دەبێت وەزارەتی پەروەردە چیتر ڕێگە نەدات مەلزەمە چاپ بكرێت یان بەكار بهێنرێت لە لایەن خوێندكارانەوە».
وتیشی: «بە پێی ئەو ئامار و داتایانەی كە كۆمان كردووەتەوە، ساڵانە هەر خوێندكارێك لە هەرێمی كوردستان، بڕی ١٨٠ بۆ ٢٠٠ هەزار دینار دەداتە مەلزەمە بۆ سەرجەم وانەكان، بە تایبەتییش ئەو خوێندكارانەی كە لە قۆناغەكانی ١٠ و ١١ و ١٢دان بە زانستی و وێژەییەوە، بە پێی زانیارییەكانمان ساڵی ڕابردوو چاپخانەكان نزیكەی یەک ملیۆن دۆلار مەلزەمە دەفرۆشرن لە هەرێمی كوردستان».
کتێبفرۆشێک باسی ئەوە دەکات ساڵانە ئەوەندەی مەلزەمە دەفرۆشێت ئەوەندە کتێب نافرۆشێت.
سالار عزیز كتێبفرۆشێكی شاری هەڵەبجە بۆ «ئاژانس» وتی: «ساڵانە هێندەی مەلزەمە دەفرۆشم هێندە كتێب نافرۆشم، خواستێكی زۆر لەسەر مەلزەمەی خوێندكارانی پۆلەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ هەیە، بەتایبەت خوێندكارانی ١٢ كە نرخی مەلزەمەكانیش جیاوازییان هەیە، لە ٣ هەزارەوە بۆ ١٠ هەزار دینارە».
بە پێی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم ساڵانە چەند ملیۆنێك كتێب چاپ دەكرێت بۆ خوێندكاران، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش زیاتر لە ٢٠ ملیۆن كتێب چاپ كراوە بۆ هەموو قۆناغە جیاجیاكان، لە سەرەتایی تاكو پۆلەكانی ١٢.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بۆ «ئاژانس» وتی: «چاپكردنی ئەو مەلزەمانەی كە لە بازاڕەكان دەفرشرێن كارێكی نایاساییە و ئێمە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین، چونكە وەزارەت خۆی كتێبی هەیە و ئەو مەلزەمانە جیا لەوەی كە سەر لە خوێندكار دەشێوێنێت، بارێكی گرانیشە بەسەر خوێندكارانەوە، كە بڕێكی زۆر پارە خەرج دەكەن بۆ بەدەستهێنانی».
وتیشی: «ئێمە پەروەردە و قوتابخانەكانمان ئاگادار كردووەتەوە كە مەلزەمە نابێت بەكار بهێنرێت و ڕێگەپێدراو نییە، پرسیاریش تەنها لەو كتێبەی وەزارەت دادەنرێت، داواشمان لە خوێندكاران كردووە كە ئەو مەلزەمانە نەكڕن و بەكاریان نەهێنن، چونكە ئەوە تەنها گەرمكردنی بازاڕە و هەندێك كەس بۆ مەبەستی گیرفانی خۆی ئەو كارە دەكات».