خنجیلە ئازیزەکەم!
وەرگێڕانی: لاڤین عەبدول
زۆر لە مێژە دەمەوێت لە ئێوارەیەکدا بۆت بنووسم، لە دوای یەکێک لەو چوونەدەرەوانەی لەگەڵ هاوڕێیان، کە من بە سەرکەوتن پێناسەی دەکەم بەو جۆرەی کە تێیدا جیهان هیی ئێمەیە.
دەمەوێت هەموو خۆشییەک بخەمە بەر پێت، وەک ئەوەی لە سەردەمی شای خۆردا دەکرا. ماندووم لەم هەموو هەرایە، هەمیشە زوو دەچمە جێگەوە، ئەمڕۆش هەروا دەکەم بۆ ئەوەی هەست بەو خۆشییە بکەم کە تۆ هێشتا هەستت پێ نەکردووە، گۆڕانی لە ناکاو لە هاوڕێیەتییەوە بۆ خۆشەویستی، لە هێزەوە بۆ نەرمی. ئەمشەو بە چەشنێک خۆشم دەوێی کە هێشتا تۆ لە مندا درکت پێ نەکردووە. من زاڵ دەبم بەسەر خۆشەویستیمدا بۆ تۆ و لە ناخمدا هەڵیدەگرم وەکو بەشێکی سەرەکی لە من، دانی پێدا دەنێم کە ئەم زاڵبوونە زۆر جار ڕوو دەدات، بەڵام بە دەگمەن لەو کاتانەدا کە من بۆت دەنووسم. هەوڵ بدە لێم تێ بگەیت؛ خۆشم دەوێیت ئەو دەمەی سەرنجم لای شتە دەرەکییەکانە. زۆر بە سادەیی لەم شاری تۆلۆزەدا خۆشم دەوێیت، لە ئێوارەیەکی بەهاردا خۆشم دەوێیت، خۆشم دەوێیت کاتێک پەنجەرەکە کراوەیە. تۆ هیی منیت، شتەکانیش هیی منن، خۆشەویستیم شتەکانی دەوروبەرم دەگۆڕێ و شتەکانی دەوروبەرم خۆشەویستیم دەگۆڕن.
ئازیزەکەم، وەکو پێم گوتیت ئەوەی تۆ گەرەکتە هاوڕێیەتییە، بەڵام ئێستا کاتی هەندێک ئامۆژگاریی کردارییە، توانیت هیچ هاوڕێیەک بدۆزیتەوە؟ چۆن تۆلۆز دەتوانێت ئافرەتێکی گەنجی زیرەکی تێدا بێت کە بۆ تۆ گونجاو بێت؟ بەڵام پێویست ناکات تۆ خۆشت بوێت.
داخەکەم، تۆ هەمیشە ئامادەیت خۆشەویستی ببەخشیت، ئەوە ئاسانترین شتە کە لە لایەن تۆوە بە دەست بهێنرێت. تۆ بەخشندەی بۆ خۆشەویستی لاوەکی، وەکو ئەو شەوەی تیرڤیس، تۆ تەنانەت ئەو گەشتیارەت خۆش دەویست کە لە دوورەوە لە تاریکیدا دەڕۆیشت و فیکەی لێ دەدا، کە ئەو کەسە من بووم.
ئەو هەستە دەزانی، خاڵی لە هەستوسۆز، کە لە نێوان دوو کەسدا ڕوو دەدات، قورسە، چونکە هەموو پەیوەندییەک تەنانەت لە نێوان دوو پیاویش چەند چرکەیەکی خۆشەویستیی تێدایە.
من تەنیا دەتوانم دڵنەوایی هاوڕێ خەمبارەکەم بەوە بدەمەوە کە خۆشم بوێت. ئاسانە هەست بە بێهێزی و شکان بکەیت، تۆ ئەو توانایەت تێدایە، بەڵام پێویستە ئەزموونی بکەیت.
هەروەها، سەرەڕای ڕقلێبوونەوەی کەمخایەنی دەوروبەر، بیهێنە بەرچاوت چ سەرکێشییەکی جوانە لە تۆلۆز بۆ ئافرەتێکی لێهاتوو بگەڕێیت و نەیەوێت بکەوێتە داوی خۆشەویستیتەوە؟
گرنگی مەدە بە لایەنی ماددی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی، بە دڵسۆزی بگەڕێ.
بۆ هاوڕێیەک…
خۆشم دەوێی بە دڵ و بە گیان