ئاژانس – ئه‌حمه‌د باڵه‌كى
چوار مانگ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر گرانكردنى نرخى نان و سه‌موون له شارى هه‌ولێر، كه به ڕێككه‌وتنى حكوومه‌ت و خاوه‌ن نانه‌وا و سه‌موونخانه‌كان نرخه‌كه زیاد كرا، ئێستا شه‌ش نان به هه‌زار دینار و هه‌شت سه‌موونیش به هه‌زار دینار ده‌درێن به هاووڵاتیان.
پێشتر له هه‌ولێر هه‌شت نان به هه‌زار و 10 سه‌موون به هه‌زار دینار بوو، ئه‌وكات مانگانه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى نه‌وت و كانزاكانى هه‌ولێر، بڕى پێنج ملیۆن لیتر نه‌وتى به‌سه‌ر سه‌موونخانه‌و نانهوانخانهكاندا دابه‌ش ده‌كرد.
ماوه‌ى چوار مانگه به‌شه‌نه‌وت نادرێت به سه‌موونخانه‌و نانه‌واخانه‌كان، ئه‌وه‌ش دواى بڕیارى وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌كان دێت، كه ڕایگه‌یاند ئه‌مساڵ نه‌وت نادات به هاووڵاتیان.
دابه‌شنه‌كردنى نه‌وت، گرانكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشى نان و سه‌موونى به دواى خۆیدا هێنا، خاوه‌نى سه‌موونخانه‌و نانه‌واخانه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاگرتنى كاره‌كانیان كرد، دواى بڕیارى قایمقامییه‌تى هه‌ولێر بۆ گرانكردنى نان و سه‌موون كۆتاییان به ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌یان هێنا.
حه‌مه‌د مه‌جید، نانه‌واخانه‌ى هه‌یه له هه‌ولێر، به״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند نزیكه‌ی چوار مانگه به بڕیاری حكوومه‌ت شه‌ش نان به هه‌زار دینار ده‌فرۆشێت.
وتیشى: ״هێشتا بۆمان دهرنایهنێت چونكه كرێ و وه‌ستا و نه‌وت زۆر گرانه، به‌رمیلی نه‌وت به 145 هه‌زار دینار ده‌كڕین، له كاتێكدا ساڵی ڕابردوو به 80 تا 90 هه‌زار دینار دهمانكڕى״.
حه‌مید سهیهام، سه‌موونخانه‌ی هه‌یه له گه‌ڕه‌كی برایه‌تیی شاری هه‌ولێر، به״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌رچی هه‌ر 10 سه‌موون به هه‌زار دینار ده‌دات، به‌ڵام كێشی سهموونهكانی كه‌م كردووەته‌وه له 100 غرامهوه بۆ 90 غرام.״
وتیشى: ״ماوه‌ی 3 مانگه به‌س زه‌ره‌رمان بۆ ماوه‌ته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وتمان پێ نادرێت، نرخی كرێی دوكانهكهشمان زۆر گرانه، پێنج هه‌زار دۆلار ده‌ده‌م و تێچووی مانگانه‌م به شاگرد و وه‌ستا و كاره‌باوه نزیكه‌ی 10 هه‌زار دۆلاره، بۆم دهرنایهنێت، ئه‌گه‌ر وا بڕوات ناچارم دایبخه‌م״.
پێ ناچێت به‌م زووانه نرخى نان له هه‌ولێر هه‌رزان بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى حكوومه‌ت به‌نیاز نییه نه‌وت به سه‌موونخانه‌و نانه‌واخانه‌كان بدات، له هه‌مان كاتیش‌دا فشارێكی ئه‌وتۆ نییه بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى نرخه‌كه‌ى، له كاتێكدا هاووڵاتیان خۆیان به زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌مى گرانكردنهكه ده‌زانن.
سامیه سابیر (38 ساڵ) پیشه‌ى مامۆستایه، چوار مانگه هه‌شت سه‌موون به هه‌زار دینار ده‌كڕێت، وتى: ״مووچه‌ی كه‌م كراوه‌ته‌وه جگه له‌وه‌ش چه‌ند دوا ده‌كه‌وێت، هیوادارین بڕه‌نه‌وتی خاوه‌ن سه‌موونخانه‌كان وه‌كو جارانی لێ بێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نرخ و كێشى سه‌موونیش وه‌كو جارانی لێ بێته‌وه״.
له سنوورى شارى هه‌ولێر، 400 سه‌موونخانه‌و نانه‌واخانه هه‌ن، گرانكردنى نرخى نان و سه‌موونیش به بڕیارى قایمقامییه‌تى قه‌زاى هه‌ولێر بوو.
قایمقامی هه‌ولێر به وه‌كاله‌ت و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی ئابووریی هه‌ولێر، به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند گرانكردنی نرخی نان و سه‌موون به بڕیاری ئه‌وان بووه، له ئێستادا مافی خۆیانه سه‌موون یان نان گران بكه‌ن یان كێشی هه‌ویره‌كه كه‌م بكه‌نه‌وه.
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی هه‌ولێر به وه‌كاله‌ت، به״ئاژانس״ى وت: ״چه‌ند سه‌موونخانه و نانه‌واخانه‌یه‌ك بۆ چه‌ندین ڕۆژ كاره‌كانیان ڕاگرت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌و بڕیاره‌مان دا كه 8 سه‌موون بكه‌ن به هه‌زار دینار و شه‌ش نانیش بكه‌ن به هه‌زار ده‌ستیان كرده‌وه به كاركردن״.
ساڵانی ڕابردوو له ڕێگه‌ی كارته‌وه نه‌وتی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرد و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى نه‌وت و كانزاكانى هه‌ولێر مانگانه پێنج ملیۆن لیتر نه‌وتى ده‌دا به نانه‌وا و سه‌موونخانه‌كان، سامانه سرووشتییه‌كان ئه‌مساڵ به بڕیارێك دابه‌شكردنی نه‌وتی سپیی له لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه ڕاگرت و داوای له پارێزگاكان كرد خۆیان هه‌وڵی دابینكردنی ئه‌و سووته‌مه‌نییه بده‌ن بۆ هاووڵاتیان.
له ئێستاشدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى نه‌وت و كانزاكانى هه‌ولێر، ئه‌و بڕهنهوتهى له‌به‌ر ده‌ستیدایه به نیازه به‌سه‌ر دانیشتووانى ناوچه شاخاوییه‌كاندا دابه‌شى بكات، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات نرخى نان به گرانى بمێنێته‌وه.
مسته‌فا ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر، به״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند ناتوانن نه‌وت بده‌ن به سه‌موونخانه‌و نانه‌واخانه‌كان، چونكه نه‌وتی پێویستیان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه.
وتیشى: ״به گوێره‌ی گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی فڕن و نانه‌واكه نه‌وتمان پێ ده‌دان، ئه‌گه‌ر نه‌وتمان به‌سه‌ر ناوچه شاخاوییه‌كان و ناو شار دابه‌ش كرد و مایه‌وه ئه‌وا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر بڕیار ده‌ده‌ین چۆنچۆنی به‌سه‌ر نانه‌واخانه‌كاندا به‌شی بكه‌ین״.