ئاژانس، دۆیچەڤێللە:
تەمەنی یاریكردنی راستەقینەی یاریزان لەنێو یاریگادا زۆر كورتە، لە 10 ساڵ تێپەڕناكات، ئەو 10 ساڵە هەرگیز ناگەڕێتەوە. بۆیە پێویستە موهەننەد عەلی ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی عیراق زۆر ورد بێت لە دیاریكردنی داهاتووی خۆی.
تەمەنی 18 ساڵە و درێژیی باڵای 183 سانتیمەترە، خێرایە و بە هەردوو قاچی لێسەندن دەكات، بەهرەی یاریكردنی زۆری هەیە، لە یانەی شورتەی عیراقی یاریدەكات و ئێستایش چاوی یانە گەورەكانی ئەوروپای لەسەرە، ئاستێكی بەرز لە جامی نەتەوەكانی ئاسیای 2019 پێشكەشدەكات، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا موهەننەد عەلی ناسراو بە ״میمی״ چارەنووسی چی لێدێت؟
״كاڵچۆ مێركاتۆ״ی ئیتاڵی، كە سایتێكی تایبەتە بە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، ئاشكرایكردووە هەردوو یانەی ناپۆلی ئیتاڵی و بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی چاودێریی ״میمی״ دەكەن و پلانی ئەوەیان لەماوەی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ ئیمزابكەن.
ئەگەر ئەم دەنگۆیانە راست بن، ئەوا هەلێكی زێڕین لەبەردەم ئەستێرە لاوەكەی عیراقدایە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێكی جیهانی، ئەویش لەرێگەی یاریكردنی پیشەگەرانە بۆ یانەكانی ئەوروپا. وەكچۆن عەلی عەدنانی هاوڕێی چەند ساڵێكە لە خولی ئیتاڵیا یاریدەكات، سەرەتا لە یانەی ئۆدێنێزی و ئێستایش لە ئەتالانتا.
״میمی״ پێویستە چی بكات..
ئەوە شتێكی روون و ئاشكرایە كە ناتوانرێت ئاستی هونەریی یانەكانی عیراق و كەنداو بەراورد بكەین بە یانەكانی ئەوروپا، جیاوازیی گەورە لەنێوانیاندا هەیە، هەر لە وەرگرتنی ئەزمونی یاریكردنەوە تاكو دەگات بە پابەندبوون بەكاتی راهێنانەكانەوە.
هەمیشە یاریزانە بەهرەمەندە عیراقییەكان بۆ ئەوەی لەڕووی دەروونی و هەروەها مادییەوە جێگیر ببن، پەیوەندییان بە یانەكانی كەنداوەوە كردووە، ئەمەیش وایكردووە هەلی ئەوەیان لەكیس بچێت ببنە ئەستێرەیەكی جیهانی و لەوێ ئەستێرەی بەختیان كوژاوەتەوە.
هەر كاتێك یاریزانێكی عیراقی ئاستێكی بەرزی هەبووبێت، گرێبەستی پیشەگەرانەی كردووە و چۆتە قەتەر و ئیمارات یاخود توركیا و ئێران، بەمەیش خۆی دورخستۆتەوە لە كەشی یاریكردنی نێودەوڵەتی و تەنها ئەزمونێكی ئیقلیمی وەرگرتووە. ئەوان رازی بوون بەوەی ژیانێكی خۆش بژین لەكەنداو و گوێیان بەوە نەداوە بەرەو جیهان هەنگاو بنێن. ئەوان چونەتە ئەو شوێنەی كە هەمیشە ئەو یاریزانە ئەوروپییانە بۆی دەچن، كە لەكۆتایی تەمەنی یاریكردنیاندان.
نەشئەت ئەكرەم، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عیراق، كە وەك یاریزانی پیشەگەر لە یانەكانی كەنداو یاریی كردووە و دواتریش چۆتە خولی هۆڵەندا، بەراوردی ئەزمونی پیشەگەرانە دەكات لەنێوان كەنداو و ئەوروپادا.
ئەو، كە یەكێك بوو لەو ئەستێرانەی لە ساڵی 2007دا نازناوی جامی ئاسیایان بۆ عیراق بەدەستهێنا، دەڵێت ״كاتێك چوومە ئەوروپا تەمەنم 25 بۆ 26 ساڵ دەبوو، بەڵام ئەوكات هیوام دەخواست لە 19 و 20 ساڵیدا پەیوەندیم بە یانەیەكی ئەوروپییەوە بكردایە، جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە لەنێوان كەنداو و ئەوروپادا، جیاوازییە كلتورییەكە زۆر گەورەیە، هەروەها لەڕووی كەشوهەوا و راهێنانەكان و زۆر شتی دیكەوە كە بەراورد ناكرێن״.
بەبڕوای نەشئەت ئەكرەم، كلیلی سەركەوتنی هەر یاریزانێك لە ئەوروپا بریتییە لەوەی ״توانای خۆگونجاندن و بەردەوامبونت هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەو توانایەمان نییە، بەتایبەت یاریزانی عیراقی״.
لەگەڵ ئەوەی نەشئەت باسی كرد، چەند شتێكی دیكەیش هەن هاوكاریی یاریزانە لاوەكان دەكەن لەئەوروپا. گرنگترین شت بوونی كەسێكی لێهاتووە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی، بۆ ئەوەی بتوانێت باشترین گرێبەستەكان دیراسە بكات و شوێنێكی گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە، هەروەها كاریگەریی هەبێت لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی یاریزانەكە.
بەهرەمەندێكی دیكەی عیراق یونس مەحمودی هێرشبەر بوو، كە هاوڕێی نەشئەت بوو لە بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیای 2007دا. ئەگەر یونس لەسەرەتای یاریكردنیدا پەیوەندیی بە یانەیەكی ئەوروپاوە بكردایە رەنگە ببوایەتە ئەستێرەیەكی جیهانی.
یونس مەحمود لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنوسیدا دانی بەوەدانا كە لەسەرەتای تەمەنی یاریكردنیدا ״ترساوە لەوەی پەیوەندیی بە یانەی مارسیلیای فەرەنسییەوە بكات״. ئەوەی بەباش زانیوە كە تەواوی تەمەنی یاریكردنی خۆی لەنێوان یانەكانی قەتەر و ئیماراتدا بەسەر ببات.
تاكو ئێستایش موهەننەد عەلی (كە خێزانەكەی لە بەغدا دەژین) بۆ یانەی شورتەی عیراقی یاری دەكات و گرێبەستەكەیشی لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەدا كۆتایی دێت. دەوترێت گرێبەستی چەند یانەیەكی بچوكی ئەوروپای رەتكردۆتەوە، بەڵام پێویستە بەقوڵی بیربكاتەوە كاتێك گرێبەستی لە یانەكانی كەنداو یاخود توركیا و ئێرانەوە بۆ دێت، چونكە رەنگە وەك ئەستێرەكانی دیكەی عیراق بەهۆی پارەكانی كەنداوەوە بەزوویی بەهرەكانی لەدەستبدات، خەونی ئەوروپای لەدەست بچێت.
بەپێچەوانەوە بەهرەكانی زیاتر دەبن و نرخیشی گرانتر دەبێت، ئەگەر لە یانەیەكی ئەوروپی یاری بكات و لەوێ فێری ئینزیبات ببێت و راهێنانی جدی بكات و بەشداریی ململانێ راستەقینەكان بكات لەنێو یاریگا پڕ لە هاندەرەكاندا ״هاوشێوەی ئەزمونەكەی محەمەد سەڵاحی میسری״ كە ئێستا یەكێكە لەدیارترین ئەستێرەكانی جیهان.