ئەندامێكی سەركردایەتی: ئەوەی دەڵێت جیا دەبمەوە سەری دای لە بەرد
ئاژانس – هێمن مامەند
ژمارەیەك لە كادرانی ناڕازیی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەشێكیان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان حزبێكی سیاسیی نوێ درووست دەكەن و یەكێك لە ئەندامانی دامەزرێنەریشی دەڵێت: ״ئەو تەوقە دەشكێنین كە دەوترێت كەس لە پارتی جیا نابێتەوە.״
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״، هەنگاوەكانی پێكهێنانی ئەو حزبە نوێیە لە دەرەوەی هەرێم بە ئاشكرا و لەناو هەرێمی كوردستان بە نهێنی ئەنجام دراوە، زیاتر ئەو ئەندامانەی پارتی هەوڵی بۆ دەدەن كە بە هۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبەوە زویر بوون و زۆرینەیان بە هۆی مەترسی لەسەر ژیانیان لە دەرەوەی هەرێمن.
ئەو حزبە بە ناوی ״پارتی ناوەندی كوردستان״ دەبێت كە تا ئێستا بە فەرمی بەڵگەنامەی ڕەسمییان پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم نەكردووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن و حزبەكەش وەك سەرپەرشتیارانی دەڵێن سكرتێر یان سەرۆكی نابێت، بەڵكوو دەستەی بەڕێوەبردنی هەیە، كە لە پێنج كەس پێك دێن.
عەبدوڵڵا سوورچی، یەكێك لە دەستەی دامەزرێنەرانی پارتەكە بۆ ״ئاژانس״ وتی: پارتی ناوەندی كوردستان خەبات لە پێناو سەروەربوونی یاسا و دادپەروەری و بنیاتنانی سیستمێكی حکومڕانیی دیموكراتی دەكات و كادرێكی زۆری پارتی دیموكراتی كوردستانمان لەگەڵە كە له پلە و پۆستی جیاجیایان هەیە و كەسانی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەی دێرینن.״
وتیشی: ״لە ناوخۆی هەرێم بە بڕیاری پارتەكەمان ڕێكخستنەكانمان بە ئاشكرا كار ناكەن، چونكە ئێمە هەر لە سەرەتای درووستبوونمان یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرمان بە ناوی (هەژار زەخۆك) لە لایەن پاراستنی پارتییەوە لە ماڵەكەی خۆی ڕفێندرا و ئەگەر هەوڵی نەتەوە یەكگرتووەكان و چەند ڕێكخراوێكی تر نەبووایە ڕزگاربوونی ئهستەم دەبوو، بۆیە لە ئێستادا لە كوردستان بە نهێنی كار دەكەین.״
لە دوای ساڵی 1991ـەوە ئەوە یەكەمجارە ناڕازییەكانی ناو پارتی هەنگاو بەرەو جیابوونەوە و درووستكردنی حزب ببەن.
هەژار حسێن، كە ئێستا هەڵاتووە بۆ دەرەوەی هەرێم و یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ئەو حزبەیە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئێمە نامانەوێت هەمان ئەزموونی ڕابردووی بزووتنەوەی گۆڕان دووبارە بكەینەوە و ئێمە بڕوامان بە درووستكردنی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزە كە ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەو حكومەتەی ئێستای هەرێم و گۆڕانكاریی بنەڕەتی درووست بکات.״
مەترسی لەسەر پێنەدانی مۆڵەت لە هەرێم كارێكی وای كردووە كە ڕێكخەرەكانی ئەو حزبە پەنا بۆ حكومەتی ناوەندی ببەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەت.
دلاوەر خۆشناو، كە پێشتر كادرێكی لقی 24ی سەفینی پارتی بووە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئێمە باوەڕمان بەم حکومەتە نییە و دەشزانین تەگەرە دەخرێتە بەردەممان، بۆیە لە ڕێگەی حكومەتی عێراقەوە داوای مۆڵەت دەكەین.״
وتیشی: ״بەشێك لە كادرانی پارتی لە سنووری لقی 24 و لە لقە جیاوازەكان لە زاخۆوە تا دەگاتە هەولێر و كەركوك، هەندێك لە پلەدار و ئەفسەر و ئاسایش و پێشمەرگەی دێرین و كەسانی ترمان لەگەڵدایە ئەو كۆتوبەندە دەشكێنین كە دەڵێت پارتی بەوە ناسراوە، كە هەرگیز كادر و لایەنگرانی ناچنە هیچ لایەنێك یاخود جیا نابنەوە.״
نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو قسانە پڕوپاگەندەن و دوورە لە ڕاستی، ئەوەی بڵێت لە پارتی جیا بوومەتەوە سەری داوە لە بەرد و كەس لە پارتی جیا نەبووەتەوە.״