״به خێزانم وتووه یه‌ك ژوور گه‌رم بكە״
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
״حكومه‌ت دوو ساڵه نه‌وت نادات به‌و خه‌ڵكه، ئێمه‌ش مه‌جبورین نه‌وت بكڕین، هه‌موو ساڵێك دوو به‌رمیل نه‌وت ده‌كڕم و ده‌ستى پێوه ده‌گرین بۆ ئه‌وه‌ى به‌شمان بكات، ده‌بێت مووچه‌ى مانگێكم دابنێم بۆ دوو به‌رمیل نه‌وت״، ئه‌مه وته‌ى تاڤگه ساڵحى 44 ساڵه و دانیشتووى سلێمانییه.
له دوو ساڵى ڕابردوودا حكومه‌تى هه‌رێم له ڕێگه‌ى كۆبوونى خۆراكه‌وه بۆ هه‌ر خێزانێك دوو به‌رمیل نه‌وتى دابه‌ش ده‌كرد و له به‌رامبه‌ردا 40 هه‌زار دینارى بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له هاووڵاتییان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام ساڵى ڕابردوو جگه لە به‌شێكى ناوچه شاخاوی و ساردهكانى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ولێر له ناوه‌ندى ئه‌و دوو پارێزگایه‌دا نه‌وتى سپى نه‌درا به هاووڵاتییان.
به‌رزان عوسمان ته‌مه‌ن 37 ساڵ كاسبكار بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״ساڵى پار حكومه‌ت قه‌رارى دابوو نه‌وت دابه‌ش بكات و هه‌ر چاوه‌ڕێم كرد نه‌بوو، به ناچارى بهرمیلێكم كڕى، هه‌ر چۆنێك بوو به دایكى مناڵه‌كانم وت یه‌ك ژوور گه‌رم بكه بۆ ئه‌وه‌ى بۆ زستان به‌شمان بكات، ئه‌وه ئه‌مساڵیش ده‌ڵێن به‌رمیلێك نه‌وت ده‌درێت، هه‌تا ته‌نكه‌ره نه‌وته‌كه نه‌یه‌ته گهڕهكهكهمانهوه و به‌رمیلى بۆ ڕیز نه‌كرێت سیقه‌م به‌م حكومه‌ته ناكه‌م״.
به‌رزان ئه‌وه‌شى ڕوون كرده‌وه، هێشتا نه‌وتى نه‌كڕیوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تا سێ هه‌فته‌ى تر نه‌یەت ده‌بێت بیكڕین خۆ ماڵومناڵ له سه‌رما ئیداره ناكه‌ن.
له بهنزینخانهكانى سلێمانى و هه‌ولێردا نرخى یه‌ك لیتر نه‌وتى سپى به 725 دیناره و هه‌ر به‌رمیلێك ده‌كاته 145 هه‌زار دینار، به گواستنه‌وه‌شى بۆ ماڵه‌وه ده‌گاته 155 هه‌زار دینار، له گه‌ڕه‌كه‌كانیشدا تانكه‌رى بچووك ده‌گەڕێت و هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتى سپى ده‌ده‌ن به 155 بۆ ١٦٥ههزار دینار، بۆ بهتاڵكردنیشى 2 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن.
ڕه‌مه‌زان محه‌مه‌د، تهنكهرێكى بچووكى پێیه و نه‌وتى سپى ده‌فرۆشێت بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״ئێمه نه‌وت له ده‌سى دوو ده‌كڕین و ئه‌وانیش له پاڵاوگه‌ى بازیان ده‌یكڕن، یه‌ك به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشین به 155 هه‌زار دینار و بۆ ئێمه هه‌ر به‌رمیلێك 7 بۆ 8 هه‌زار دینار ئیسفاده ده‌كات״.
له هه‌رێمى كوردستاندا پاڵاوگه‌ى بازیان له پارێزگاى سلێمانى و پاڵاوگه‌ى كه‌ڵه‌ك له هه‌ولێر بوونیان هه‌یه و نه‌وتى خاو ده‌گۆڕن بۆ به‌نزین و گازوایل و نه‌وتى سپى، به‌ڵام به پێى زانیارییه‌كان كه ده‌ست ״ئاژانس״ كه‌وتووه ئه‌و دوو پاڵاوگه‌یه به گرێبه‌ستى ساڵانه نه‌وتى سپى ده‌فرۆشن به حكومه‌تى عێراقى، به‌شێكیش له‌و نه‌وته سپییه ده‌خه‌نه بازاڕه‌وه.
محه‌مه‌د حه‌سیب به‌ڕێوبه‌رى به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانى سلێمانى ڕایگه‌یاند: ״پڕۆسه‌ى دابه‌شكردنى نه‌وتى سپیى ماڵان به‌رده‌وامه، دواى ئه‌وه‌ى له قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ تووشى چه‌ن گرفتێك بووین پڕۆسه‌كه‌مان وه‌ستاند و ئێستا له زه‌ڕایه‌ن و هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه‌وه ده‌ستمان پێ كردووه‌ته‌وه״.
وتیشى: ״له دواى ته‌واوبوونى ئه‌و ناوچانه ڕاسته‌وخۆ له‌ناو سه‌نته‌رى سلێمانى ده‌ست پێ ده‌كه‌ین و ئێستا ڕۆژانه چه‌ند تهنكهرێكمان له به‌غداوه بۆ دێت״.
ساڵى ڕابردوو له پارێزگاى هه‌ولێر ته‌نیا به‌شێكى كه‌مى ناوچه سارده‌كان یه‌ك به‌رمیل نه‌وتیان وه‌رگرتووه و تا ئێستاش دیار نییه كه‌ى نه‌وت به‌سه‌ر دانیشتووانى ئه‌و شاره‌دا دابه‌ش ده‌كرێت.
سه‌لام حامید، یه‌كێكه له‌و هاووڵاتییانه كه له ناوچه‌ى بالیسانى پارێزگاى هه‌ولێر داده‌نیشێت و وتى: ״ساڵى پار ته‌نیا به‌شێكى كه‌مى هاووڵاتییانى ناوچه سارده‌كان نه‌وتیان وه‌رگرتووه، ئێمه بۆ خۆمان زۆپاى دارمان دانا بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مترین نه‌وت سه‌رف بكه‌ین، جا نازانین بۆ ئه‌مساڵ حكومه‌ت نه‌وتمان ده‌داتێ یان نا؟״
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامى ناوه‌ندى هه‌ولێر بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״تا ئێستا هیچ خێزانێكى هه‌ولێر نه‌وتى وه‌رنه‌گرتووه بۆ ئه‌مساڵ، چونكه تا چوار ڕۆژ پێش ڕیفراندۆم نه‌وتى سپى ڕۆژانه یه‌ك-دوو ته‌نكه‌رێك له به‌غداوه ده‌هات، به‌ڵام ئێستا هیچ نایات״.
وتیشى: ״پارێزگارى هه‌ولێر و وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌كان له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو خێزانێك یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى پێ بدرێت و هه‌وڵه‌كانیش جددین بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتییان نه‌وت وه‌ربگرن״.