ئاژانس، ئارا ئیبراهیم
له ژیانی شاخ، خواردنی ههمان خواردنی پێشمهرگهكان بوو كه شۆربا و تهماته و نیسك و نۆك دیارترینیان بووه نهوشیروان مستهفا لهگهڵ خهڵكی گوندهكاندا ساده بوو، پرسیاری زۆر له پێشمهرگه دهكرد، ئهمانه بهشێكن لهو سیفاتانهی له سهردهمی خهباتی شاخدا هاوڕێكانی ڕێكخهری گشتیی کۆچکردووی بزووتنهوهی گۆڕان بۆ ئاژانسی دهگێڕنهوه.
لە ١٩ی ئایاری ئەمساڵ نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی دواتر لە ئاپۆرایەکی جەماوەریدا لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.
ئەو ڕووداوە، باسکردنی لە بارەی ژیان و کەسایەتیی نەوشیروان مستەفاوە گەرم کرد، لەناو بەشێک لە هاووڵاتییان و هەوادارنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا و ئەوانەشی بۆ ماوەیەک ئەو سەرکردەیەیان ناسیوە، باس لە کەسایەتیی دەکەن.
نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای حەفتاکاندا چووەتە شاخ و ڕابەری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە و یەکێک بووە لەو سەرکردانەی بۆ ماوەی نیو سەدە خەباتی کردووە.
״حەزی لە چی خواردنێک بووە؟״
سامان گەرمیانی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٦دا هاوڕێی نەوشیروان مستەفا بووە تا کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی هەرێمی کوردستان، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״کاک نەوشیروان نان و تەماتە و شۆربا و نیسکێنە و نۆکاوی دەخوارد و حەزی بە سەوزەوات بووە و حەزی لە گۆشتخواردن نەبوو، دەیخوارد بەڵام زۆر نا.״
سامان چیرۆکێکی خۆی و شازاد سائیب، لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دەگێڕێتەوە و وتی: ״ڕۆژێک ئەوەندە شۆربا و تەماتەمان خواردبوو حەزمان لە گۆشت بوو بیخۆین، من و کاک شازاد سائیب بە نیاز بووین بڕۆین گۆشت بخۆین لە شوێنێکی تر، کاک نەوشیروان بانگی کردین و وتی، دەزانن بۆ نیوەڕۆ دەعوەتیان کردووین، کە وای وت گەڕاینەوە سەیر دەکەین خواردنەکە نۆکاو و ئێسقانی تێدا بوو، بە گیا کرابوو، لای کاک نەوشیروان زۆر بەلەزەت بوو، بەلای ئێمەوە خواردنێکی ئاسایی بوو״.
شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵیدا بووە و دەڵێت: ״کاک نەوشیروان بۆ نانخواردن هەر لە مقەڕ بووە و تەباخی جیاوازی نەبووە، فاسۆلیا بوایە، برنج و نیسکێنە بوایە، لەگەڵ پێشمەرگەکاندا دادەنیشت و دەیخوارد، بە هەموو شتێک ڕازی بووە و کەمخۆر بووە و نەوسن نەبووە، زۆر شوکور بووە هەر خواردنێکی بخواردایە״.
هەروەها باسی لەوە کرد: ״چوومەتە ماڵی کاک نەوشیروان لە شاخ، کاک نەوشیروان لەگەڵ ئێمە نانی دەخوارد و لەگەڵ شوعلە خانی هاوسەری نانی نەدەخوارد، چونکە ئەرک و بەرپرسیارێتیی لەسەر بوو، زۆر بە تەنگ خۆشگوزەرانیی خێزانەکەیەوە بووە، بەڵام بۆ ئەوەی نەبێتە گلەیی لەسەری، نانی لەگەڵ پێشمەرگە و ئەو کەسانە دەخوارد کە دەهاتن بۆ لای لە گەرمیان و خۆشناوەتی و دەشتی کۆیە و ناوچەکانی ترەوە، بەڵام نەک بۆ ئیهمالکردنی شوعلەخان״.
عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان یەکێکی دیکەیە لە هاوڕێکانی و دەڵێت: ״لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦ چوومەتە لای، بەردەوام لای پێشمەرگە نانی دەخوارد، شوعلەی هاوسەری؛ من بۆ خۆم گوێم لێ بوو، گلەییەکی ژنانەی لە کاک نەوشیروان بوو، کە نانی تایبەتی نەبوو، هەموو خواردنەکانی هی مقەڕ بوو، شوعلە ئەوکات دووگیان بوو بە چرا و چیا، بێزووی دەکرد، بەڵام هەر خواردنی مقەڕ یان نۆک و نیسک بوو یان برنج، زۆرتر هەر ئەوە دەخورا״.
عەبدولڕەزاق باسی لەوەش کرد، لە دەرەوەی کوخەکەی خۆی لەبەر هەتاو حەزی لە بەخێوکردنی حەیوانات و تەیروتویر بوو، لەو کاتەدا بەچکەگورگێکی هەبوو دەهاتە دەرەوەی کوخەکەی و نیو سەعاتێک خزمەتی دەکرد و خواردنی پێ دەدا، لە کاتی نانخواندندا لەگەڵ پێشمەرگەکان نانی دەخوارد و تەنانەت جاری وا هەبوو ئەبوو لەسەر لا دابنیشین بۆ نانخواردن، ئەویش بە هەمان شێوە وەک ئێمە دادەنیشت״.
وتیشی: ״نەوشیروان جگەرەی زۆر دەکێشا، گوێی بەوە نەدەدا ئەم جگەرەیە چۆنە، بەڵکو هەرزانترین جگەرەی کێشاوە و تا ئەم دواییەی ژیانی هەر جگەرەی ڕۆزمەنی دەکێشا، ئەو کاتەش لە شاخ بوو جگەرەی زۆر دەکێشا و لە لادێکانەوە بۆی دەهات״.
״مەلەوانگەی لە شاخ درووست کردووە״
شۆڕش حاجی ئێستا وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕانە و لە ڕابردووشدا لە شاخ لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا بووە، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ نەوشیروان مستەفا لە خڕی ناوزەنگ بوو، هەمیشە حەزی بە داهێنان هەبووە لە شێوازی خانوو درووستکردن و چۆنیەتیی نایلۆن بەکارهێنان بۆ سەر خانوو بۆ ئەوەی دڵۆپەمان کەم بێت، لە دەوری خانووەکەی گوڵوگوڵزاری دەچاند، خانووەکەی خۆی کرد لە شوێنێکی زۆر عاسی لە خڕی ناوزەنگ، کە لە ژوورێکی بچووک پێک هاتبوو، مەسبەحێکی درووست کرد بۆ پێشمەرگە و بۆ خۆی بۆ مەلەکردن.״ شۆڕش ئەوەشی وت کە: ״ئەوکاتە ئاوی کانیی مامەندەمان دەهێنا، ئەوکاتە کاک نەوشیروان ئەورووپای بینیبوو، کە مەسبەحەکەی درووست کرد لە بنەکەی کونێکی کردبوو بۆ ئاوگۆڕینی مەسبەحەکە، من ئەندازیاریش بووم ئەوەم نەدەزانی، ئاوەکەشی کە لە حەوزەکە دەردەچوو ئیستیفادەی لێ دەکرد بۆ ئاودانی ئەو سەوزە و خەیار و تەماتە و ئەو گوڵوگوڵزارەی چاندبووی، تەنانەت ئاودەست و حەمامی درووست کرد کە لەو کاتەدا خەڵک دەچوو بۆ مزگەوت یان بۆ سەر کانیی ژنان و قولەتێنی پیاوان״.
״سادە و ساکار و خاکی بووە״
سامان گەرمیانی، وتی: ״کاک نەوشیروان پیاوێکی زۆر سادە و ساکار و خاکی بووە و کەسێکی خۆراگڕ و قارەمان بووە و لە هەموو قۆناغە جیاجیاکاندا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە مەیدانی سیاسی و نووسین و ڕۆژنامەوانی و مێژوودا، ئەوەندە سادە بوو وەک هاوڕێیەک مامەڵەی دەکرد لەگەڵ هەموو پێشمەرگەکاندا، پیاوێک بوو زۆر جیاواز بوو لە خەڵکی تر، ئەگەر هەڵەیەکی ببینییایە ڕاستەوخۆ پێی دەوتی، بەڵام دەیزانی چۆن پێت دەڵێت״.
شۆڕش حاجی ئەوەی خستە ڕوو، نەوشیروان مستەفا زۆر سادە بووە و زۆر سەرکردەی تریش کە لە شاخ بوون لە پێشمەرگەیان داوە، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت بڵێت کاک نەوشیروان زلـلەیەک یان سووکایەتی بە پێشمەرگەیەک کردبێت، بە پێچەوانەوە لەگەڵ پێشمەرگە وەک یەک دەژیان.
وتیشی: ״نامەیەکم بە هەڤاڵێکمدا نارد بۆ کاک نەوشیروان و پێم وت بیدەیتە دەست خۆی نەک کەسی تر، چونکە شتی نهێنیی تێدا بوو، ئەو هەڤاڵە لالۆ ڕەنجە بوو، دواتر پێی وتم کە چووەتە خڕی ناوزەنگ سەیری کردووە چەند پێشمەرگەیەک بە چەکەوە پاسەوانییان کردووە و هەندێک قوڕیان دەشێلا و خشتیان دەبڕی بۆ خانوو، ئەو کاتە پاییز بوو.״
شۆڕش باسی ئەوەی کرد، لالۆ ڕەنجە پێی وتمەوە، سەلامم کرد و وتم نامەی تایبەتیم هەیە بۆ کاک نەوشیروان، یەکێک لەناو قوڕەکە کە قوڕی دەشێلا وتی بیهێنە بیدە دەستم، منیش وتم هیی شۆڕش حاجییە، وتوویەتی دەبێت بیدەمە دەست کاک نەوشیروان، جارێکی تر وتوویەتی بیهێنە و بیدە دەستم، دواتر پێشمەرگەیەک وتوویەتی ئەوە کاک نەوشیروانە، شەرواڵەکەی تا ڕانی هەڵکردووە و قوڕ دەشێلێ، بۆ خۆی تەسەوڕی نەکردووە ئەو بێت، کە زانیویەتی ئەوە ئنجا نامەکەی پێ داوە.
شۆڕش وتیشی: ״نەوشیروان مستەفا یەکێک لە خاسێتەکانی ئەوە بووە لەگەڵ عەشایەر و خەڵکی گوندەکان زۆر خاکی بووە و مەناعەتی نەبوو لەگەڵ هەر کەسێک تەبیعی دابنیشێت پرسیاری دەکرد سەر بە چ عەشرەتێکن و لوتکەی ئەو شاخە چی پێ دەڵێن، سنووری ئێوە تا کوێیە.. مێشکی زۆر زیرەک بوو، شتی لەبەر دەکرد، پرسیاری زۆر لە خەڵکی لادێکان دەکرد، ئێمەش دواتر لەسەر ئەوە پرسیارمان لێ دەکرد و وەڵامی دەداینەوە״.
عەبدولڕەزاق دەڵێت: ״جلەکانی نەوشیروان مستەفا لە هیی ئەوان زۆر سادەتر بووە، ئەگەر جلێکی بۆ بهاتایە دەیدا بە پێشمەرگەکانی تر، جارێکیان فەرید ئەسەسەرد کراسەکەی دڕابوو، کاک نەوشیروان کراسێکی بۆ هاتووە و داویەتی بە فەرید ئەسەسەرد لە بەری کردووە״.
״درەنگ دەخەوت و زوو لە خەو هەڵدەستدا״
شۆڕش حاجی ئاماژەی بەوەش کرد، نەوشیروان مستەفا زۆر درەنگ دەخەوت، دایم فانۆز یان چرایەکی هەبوو بۆ ئەوەی شت بخوێنێتەوە و وەڵامی ڕاپۆرتی ڕێکخستن بداتەوە، زۆر زووش لە خەو هەڵدەستدا، کاک نەوشیروان لە ٥ سەعات زیاتر نەخەوتووە لە شاخ.
سامان گەرمیانییش بە هەمان شێوە دەڵێت کاک نەوشیروان ٤ بۆ ٥ سەعات دەخەوت، بەیانییانیش زۆر زوو هەڵدەستا، پێش هەمو پێشمەرگەکان بەخەبەر بووە.
هاوکات، عەبدولڕەزاق ئەوەی ڕوون کردەوە، نەوشیروان مستەفا کەمخەو بوو، بە جۆرێک خەوی لە شەووڕۆژێکدا لە پێنج کاتژمێر زیاتر نەبووە و دەیوت، هەست دەکەم ئەگەر ٥ سەعات زیاتر بخەوم فریای پڕۆژە و کارەکانم ناکەوم.
״زانیارییەکی پێ دەدای کە پێشتر نەتبیستبوو״
عەبدولڕەزاق شەریف ئاماژەی بەوە کرد، نەوشیروان مستەفا زیاتر زانیاریی دەدا بە خەڵک، بە بەردەوامی هەرکاتێک بتبینییایە شتێکی لێ فێر دەبوویت، شتێکی باس دەکرد کە کەس نەیبیستبوو یان لانیکەم تۆ نەتبیستبوو.
هەروەها گەرمیانی باسی لەوە کرد، ڕۆژانە لەگەڵ پێشمەرگەکان قسەی دەکرد و پرسیاری ناوچەکەیانی دەکرد و کە بە چی بەناوبانگە و خەریکی ئاژەڵداری و کشتوکاڵین، زۆر شارەزای مێژووی لادێکان بوو، لە گەرمیانەوە تا کوێستان، زۆر زوو شتەکانی وەردەگرت؛ فڵانە شوێن بە چی مەشهوورە، هەمووی لەبەر دەکرد و دەیانیزانی، یەکێک بوو لە خەبیرەکانی کوردستان و لە ژیان و تەبیعەتی خەڵکی باش دەیزانی.
هەروەها شۆڕش حاجی دەڵێت: ״هەر زوو لەگەڵ پێشمەرگە و خەڵک تێکەڵ دەبوو، ئەوەی بۆ سەعاتێک گوێی بۆ بگرتایە کاک نەوشیروان شتێکی تازەی پێ دەوت کە پێشتر زانیاریی لەسەری نەبووە و نەیبیستووە، کەسێک بوو هەمیشە زانیاریی نوێی لابوو.״
״لە شاخ خەریکی نووسینی کتێب بوو״
عەبدولڕەزاق وتی: ״ژوورێکی بچووکی هەبوو هەموو ماڵەکەی ئەو ژوورە بچووکە بوو، چوارمەترێک لە مقەڕەوە دوور بوو، جیهازەکەی لە مقەڕ بوو، جارجار بانگیان دەکرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شوێنە جیاجیاکان، لەگەڵ ئەوەی زۆر مەشغووڵی وەڵامی ڕاپۆرتی ناوچەکان و نامەناردن بوو، لەگەڵ ئەوەش خەریکی نووسینی کتێب بوو لە شاخ، ئێوارانیش هەر زوو دەچووە کوخەکەیەوە خەریکی نووسین بوو״.