سازدانی: ڕاوێژ کامەران
خانمە هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووشین محەمەدی، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ «ئاژانس» باس لە کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات و ئاماژە بەوەش دەدات، کە حەز دەکات لە داهاتوودا ببێتە هونەرمەندێکی وەک مەرزییە فەریقی و بە هەمان شێوەی ئەو بێت.
ئاژانس: دەستپێکی هاتنە ناو بواری هونەریتان چۆن بووە؟
نووشین محەمەدی: هەرچەندە کاری هونەری بۆ ئافرەت کەمێک سەخت بوو لە ئێران، بەڵام من بەردەوام هەوڵم دەدا لە چالاکییە هونەرییەکان بەشداری بکەم و بچمە ناو بواری هونەرییەوە، دواتریش کە هاتمە دەرەوە بۆ ئەورووپا تەمەنم ١٧ ساڵ بوو کە بەردەوام دەچوومە کڵاس و سیمینارە هونەرییەکان و بەشداریم تێدا دەکردن، لێرەش دۆستایەتیم لەگەڵ هونەرمەند نەجمەدینی غوڵامی پەیدا کرد کە لە کاری هونەری و ڕاهێنانە هونەرییەکاندا کۆمەکی کردم، هەر بۆیە دەستم کرد بە کاری هونەری و سەرەتا بە زمانی فارسی گۆرانیم دەوت، دواتریش بەرهەمێکم بە ناوی (دڵارام) بە زمانی کوردی بڵاو کردەوە، هەم دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو هەمیش بووە هۆی ناوبانگێکی زۆر بۆ من، دواتریش لە ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ هونەرمەند ژینا سەقزی کۆنسێرتم لە شاری سلێمانی و هەولێر ئەنجام دا و دەنگدانەوەی باشی هەبوو.
ئاژانس: بۆچی دەتەوێت بە کوردی و فارسیش گۆرانی بڵێت؟
نووشین محەمەدی: من ئێستا چەند کارێکی نوێم لەبەر دەستە کە ٢ کاریان فارسین و ٢ کاری دیکەیان کوردین. من خۆم زیاتر حەز بەوە دەکەم بە کوردی گۆرانی بڵێم، بەڵام بە هۆی ئەوەی من لە ڤێننا دەژیم و لێرەش ڕێژەی کورد کەمترە بە بەراورد لەگەڵ فارسەکان و منیش هونەرمەندانی کورد کەمتر دەناسم، هەر بۆیە ئاهەنگەکان زیاتر بە فارسییە و بەو هۆیەوە منیش هەم بە فارسی و هەم بە کوردی گۆرانی دەڵێم، من هونەر بەشێکە لە ژیانم و چووەتە ناو خوێنمەوە، بۆیە کاتێک کە گۆرانی دەڵێم تەواو هەوڵ دەدەم لە دڵەوە بیخوێنم و وا بکەم کاریگەریی ڕاستەوخۆم لەسەر گوێکرەکانم هەبێت، لەم کارەشمدا هاوسەرەکەم زۆر پشتگیرمە و وەک هاوڕێیەکی نزیک وایە بۆم، ئەوەش پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی کارەکانم.
ئاژانس: وەک خانمە هونەرمەندێک چۆن پارێزگاری لە تەندرووستی و جوانیی خۆت دەکەیت؟
نووشین محەمەدی: من هەفتانە ٣ بۆ ٤ ڕۆژ وەرزش دەکەم و گرنگی بە خەوی تەندرووستیش دەدەم، چونکە بۆ مانەوەی جوانیی ڕووخسار و جەستە خەوتنی تەندرووست زۆر گرنگە، جگە لەوەی من بە گشتی حەز بە خواردنی چەور ناکەم و ئەو خواردەمەنیانە ناخۆم کە چەوریی تێدایە، من زیاتریش هەوڵ دەدەم ناخم جوان بکەم، چونکە بەو جۆرە لای دەوروبەریش خۆشەویست دەبیت، جا شێوە و ڕووخسارت هەرچۆن بێت، هەر جوان و خۆشەویست دەبیت لە لایان، من ڕۆژانەش چای گیایی دەخۆم بەبێ شەکر بەو پێیەی بۆ پێست زۆر باشە و ڕێگری لە پیربوونی دەکات، جگە لەوەی بە ئاوی سارد دەموچاوم دەشۆم کە ئەوەش بۆ پێستم زۆر باشە و سوودی لێ دەبینم.
ئاژانس: بە دەر لە کاری هونەری بە چی دیکەوە سەرقاڵیت؟
نووشین محەمەدی: من لە کۆمپانیایەک بەڕێوەبەری ژمێریاریم و کارەکەشم زۆر سەختە، چونکە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی بۆ ٨ی ئێوارە کار دەکەم، ڕۆژانی دووشەممان پشووم هەیە کە ئەو ڕۆژەشم داناوە بۆ کاری هونەری و میوزیک.
ئاژانس: خەونی تۆ لە بواری هونەریدا چییە؟
نووشین محەمەدی: من لە کاری هونەریدا خەونی ناوبانگم نییە هێندە نەبێت دەمەوێت کاتێک دەگەمە هەر ماڵێک و گوێ لە کارە هونەرییەکانم دەگرن منیان خۆشبووێت و لە دڵەوە کارەکانمیان لا جوان بێت، من خەونم ئەوەیە لە داهاتووی کارەکانمدا وەک خانمە هونەرمەند مەرزییە فەریقی بم و حەز دەکەم ستایلی کارەکانم و خۆشەویستیی من لای خەڵک وەک مەرزییە فەریقی بێت.
ئاژانس: پەیامت بۆ ئەو کچانە چییە کە دەیانەوێت بێنە بواری هونەرەوە؟
نووشین محەمەدی: من داوا لە خانەوادەکان دەکەم کە ڕێگر نەبن لە کچەکانیان بێنە کاری هونەرییەوە و دەستیان بگرن، پێویستە لەسەر کەسانی پسپۆڕیش کە دەستیان بگرن و ڕێنماییان بکەن، پەیامی منیش بۆ تەواوی کچان ئەوەیە کە ئەو هونەرەی هەیانە جا هەرچییەک و هەر بوارێک بێت دەستبەرداری نەبن و بە گیان و دڵ بچن بە شوێنیدا و نەوەستن، دڵنیاش بن لەوەی کە هەر ڕۆژێک دێت دەتوانن سەرکەوتوو بن لە کارەکەیاندا.