״داهاتی هەناردەی تەنكەر هەژمار نەكراوە״
ئاژانس – شیروان محەمەد ئەمین
حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەڵام نیوەی پارەی داهاتەكەی دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی و ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێت: ״كە نەوت بە 40 دۆلار بوو، ڕێباز حەملان وتی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان مانگی 375 ملیار دینارمان دەداتێ، ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت 79 دۆلارە چۆن دەبێت هەمان ڕێژەی پێشوو بدرێت بە وەزارەتی دارایی״.
لە چاوپێكەوتنێكی ماڵپەری ڕەسمیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە لە 28ی ئایاردا بڵاو كراوەتەوە ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم ڕایگەیاند: ״هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە 300 بۆ 320 هەزار بەرمیلی نەوت هەناردە دەكات، مانگانەش 378 ملیار دینار دەچێتە وەزارتی داراییەوە״.
بە پێی زانیارییەكەی وەزیری دارایی ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەك بەرمیل نەوت بە 60 دۆلار بفرۆشێت بە پێی نرخی دۆلار لە بانكی ناوەندیی عێراق، هەر بەرمیلێك 59 هەزار دینار دەكات.
بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە 9 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات كە داهاتەكەی دەگاتە 566 ملیار و 400 ملیۆن دیناری عێراقی و بڕی ئەو داهاتەش كە لە هەناردەی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی دەكاتە نیوەی داهاتی نەوت.
ئەو بڕە پارەیەی تری داهاتی نەوت كە دەمێنێتەوە دەكاتە نزیكەی 200 ملیار دیناری عێراقی، لە پشت خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە قەرزی كۆمپانییهكانی نەوتی لێ دەردێتەوە، ئەوە جگە لە خەرجیی چەند بوارێكی تر.
عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووریی پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە دوایین سەردانی ئەنجوومەنی نەوت و غازی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەرلەمانی كوردستان، بە قسەی ئەوان 50 ملیۆن دۆلار دەدرێت بە حەقی كۆمپانیاكان، 50 ملیۆن دۆلار دەدرێت بە قەرزی توركیا، 50 ملیۆن دۆلار دەدرێت بە قەرزی كۆمپانیای ڕووسنەفت،50 ملیۆن دۆلاری دیكەش بۆ تێچووی نەوت و كرێی بۆری و كرێی تانكیی نەوتهەڵگرتن و گواستنەوە״.
وتیشی: ״تاكو كۆمپانیای دیلۆیت كەشفی حساباتی نەوت نەكات و نەینێرێت بۆ پەرلەمان متمانە بە ژمارەكان ناكرێت ״.
پەرلەمانتاران گومانیان لە ڕێژەی ئەو داهاتەی نەوت هەیە كە دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی، سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.
ڕێواس فایەق، ئەندامی لیژنەی سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״كاتێك یەك بەرمیل نەوت بە 40 دۆلار بوو، لە یەكەم سەردانی ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم پاش دەستبەكاربوونەوەی هات بۆ پەرلەمان، ئەوكات وتی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان مانگی 375 ملیار دینار دەدات بە وەزارەتی دارایی، ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت 79 دۆلارە، چۆن دەبێت هەمان ڕێژەی پێشوو بدرێت بە وەزارەتی دارایی؟! ئەمەیە كێشە و گرفتە گەورەكەی ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی״.
بە پێی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2015 یاسای ڕاكێشانی مایە لە ڕێگەی قەرزكردنهوه، لە هەرێمی كوردستان، لە ماددەی دووەم بڕگەی یەكەمدا هاتووە، ״ئەنجوومەنی وەزیران تەخویل دەكرێت بە ڕاكێشانی مایە لە سەرچاوەی یاسایی و دارایی پاك لە ڕێگەی قەرزكردن و قەرزوەرگرتنهوه، یان گرەنتیكردنی قەرز، بە بەهایەك كە لە هیچ كاتێكدا سەرجەمی لە پێنج ملیار دۆلاری ئەمەریكی زیاتر نەبێت״.
ڕێواس فایهق، دەڵێت ״بە نووسراو زیاتر لە دە پرسیاری پەرلەمانیم لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، وەزیری دارایی كردووە و تیایاندا، دەپرسم ئەنجوومەن بۆ قەرزكردن دروست كراوە؟ نرخی فائیدە كاتێك قەرز وەردەگرن بە چەند وەری دەگرن؟ لە 5 ملیار دۆلار زیاتر یان كەمترتان وەرگرتووە، بەڵام ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لەوە بێئاگان و منیش وەڵامی پرسیارەكانم وەرنەگرتووەتەوە״.
وتیشی: ״ئەوەی وەزیری دارایی باسی دەكات، تەنها فرۆشتنی نەوتە لە ڕێگەی بۆرییەوە، لە كاتێكدا ڕۆژانە لە شێخان نزیكەی 20 هەزار بەرمیل نەوت بە تەنكەر دەفرۆشرێت، ئەوە جگە لە نەوتی كەڵەك و بازیانیش كە بە تێكڕا مانگانە 650 ملیۆن دۆلار پارەی نەوت دێتە دەستیان״.