ئاژانس
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەركاتێك نەمان توانی موچە دابەش بكەین بەهاوڵاتیانی خۆمان دەڵێین ناتوانین موچە دابەش بكەین.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاند، بەردەوام دەبین لە دابەشكردنی موچە تا ئەو كاتەی دەتوانین.
دەربارەی بەردەوامی لە پێدانی موچەشەوە، رایگەیاند: لەپێدانی موچە بەردەوام دەبین، ئێستا زەرەرێكی گەورە بەدۆخی دارایی هەرێم گەیشتووە، نیوەی ئەو نەوتەی هەمان بوو، لای بەغدایە و سوودیشی لێ نابینن و ئامادەش نین بدرێتە هەرێم بۆ ئەوەی موچەی پێبدرێت. وەكو حكومەتی هەرێم ئامادەین لیستی موچە بنێرین بۆ بەغدا، بەڵام لە هەڵخەڵەتاندنی خەڵك لەسەر موچە زۆر نیگەرانین.
وتیشی:”هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی زۆر سەخت تێدەپەڕێت، تێگەیشتنی هاووڵاتیانیش زۆر گرنگە، تا ئێستا ئێمە موچەمان داوە، ئەگەر پێمان نەكرا بەڕەسمی رایدەگەیەنین كە پێمان نادرێت و ئەوەی راستییە بەخەڵك دەڵێین”.
ئەمەش لە كاتێكدایە لە ئێستا موچەی مانگی 8ی خانەنیشان دابەش نەكراوە و تاوەكو ئێستایش موچەی مانگی 9ی فەرمانبەران دابەش نەكراوە.