ئاژانس
نەوشیروان مستەفا ئەمین، زیاتر لە نیوسەدە خەباتی سیاسیی کرد لە کوردستان، بە درێژایی ئەو ماوەیە شتێک کە بۆ هەمیشە لێی جودا نەبوویەوە پاکەتە جگەرەکەی بووە
ئەو جگەرەی ڕۆسمەنی دەکێشا جگەرەی بە جگەرە دادەگیرساند، هیچکاتیش ئامادە نەبووە دەستبەرداری جگەرەکێشانەکەی بێت
چیرۆکی جگەرەکەی نەوشیروان موستەفا
نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک خووی تایبەتی هەبووە کە پێی ناسراوەتەوە، ئەو كەسێكی ڕاشكاو و قسەلەڕووە بووە، هیچکات حەزی بە موجامەلە و ماستاوكردن نەبووە، دەستپاك و داوێنپاك بووە، لە مامەڵەدا تاڕادەیەك ڕەق و وشك بووە، تەنانەت لەگەڵ کەسە نزیکەکانیشیدا، باکگراوندێكی مێژوویی و ڕۆشنبیریی گەورەی هەبوو، زمانزانێكی بەتواناو نووسەرێكی لێهاتوو بوو، بە سادە و ساکارییەکەی دەناسرا، بەڵام جگەرەکێشانیش یەکێک بووە لە دیارترین خووەکانی، کە هەرگیز دەستبەرداری نەبووە.
عەلی بچکۆل هاوڕێی نەوشیروان مستەفا، لە کتێبی هـەورازەڕێ ئاماژە بەوە دەدات، کە لە شاخ نەوشیروان مستەفا ڕۆژی نیو گڵۆز جگەرەی ڕۆسمەنی دەکێشا ئەو بۆخۆی لە کتێبی (پەنجەکان یەکتری دەشکێنن)دا دەڵێت بۆ کێشەی سییەکانی چووەتە لای دکتۆر دکتۆر پێی وتووە گەر هێندە جگەرە بکێشێت دەمرێت ئەویش لە وەڵامدا وتویەتی ” ئەگەر نەیکێشم دەمرم” لەوێدا دکتۆرەکە پێی دەڵێت: “گەر جگەرە بکێشی بە ئازارەوە دەمری” بەڵام نەوشیروان مستەفا وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: “ئەگەر نەیکێشم لە ئازاری ئەم میللەتەدا دەمرم” پاش ئەم گفتوگۆیە دکتۆرەکە بە ناچاری بە نەوشیروان مستەفا دەڵێت: “باشە بیکێشە”.
نەوشیروان مستەفا بەردەوام لە خواردندا پارێزی کردووە، وەک هاوڕێکانی دەڵێن گەر نیسکێنەشت بۆ دابنایە بەبێ کێشە دەیخوارد، بەڵام جگەرە ڕۆسمەنەکەی شتێکی دیکە بووە، ئەو تەنانەت پاش ئەوەی بە هۆی جگەرەکێشانەوە تووشی شێرپەنجەی سی دەبێت، هەر ئامادە نابێت واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، پاش ئەوەی لە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە لەندەنەوە دەگەڕێتەوە، تەنها لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە گردی عەلی ناجی، دوو جگەرە دەکێشێت ئەو دواجار لە ساڵی ٢٠١٧ بەیەکجاری ماڵئاوایی دەکات و چیدیکە دوكەڵی جگەرە ڕۆسمەنەکەی بەبا ناکات.
https://www.facebook.com/azhans.krd/videos/697756144431613