قوماری ئۆنلاین سنووری نییە
ئاژانس – هێمن مامەند
بە جۆشوخرۆشەوە بە دیار یارییەکەوە دانیشتبوو، بە جوڵە و ڕووخسارییەوە هەستت بە نائارامی دەکرد، جارجار بەرز دەبووەوە و جارجاریش بە هێمنی دادەنیشت و لێوەکانی دەگەست ئەمە دیمەنی ڕێبوار محەمەدی 32 ساڵ بوو، کە بە بڕی هەزار دۆلار گرهوی لەسەر بردنەوەی یارییهکی تۆپی پێ کردبوو.
گرهو ״قومارکردن״ لەسەر یارییە ڕاستەوخۆکانی یانەکان لە پەرەسەندندایە و جگە لەوەی چەندان شوێن بۆ ئەو مەبەستە هەیە و بە ئاشکرا ئەو کارە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بە نهێنی دەکرێت، ئەمە بەبێ ئەوەی ئەو شوێنانە هیچ چاودێرییەکیان لەسەر بێت، یان مۆڵەتییان پێ درابێت.
ڕێبوار دوای 90 خولهک دانیشتن به دیار یارییهکهوه تیپهکهی به جیاوازیی گۆڵێک دۆڕا و هەزار دۆلارەکەی لە دەست دا.
ڕزگار وەلی، خاوەنی یەكێك لە گازینۆكانی شاری هەولێرە و بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: لە گازینۆكەی من ئەم یارییە دەكرا، ئەگەرچی سودێكی ماددیی بۆ من و گازینۆكە هەبوو، بەڵام بە ڕاستی زۆر جار ویژدانم ئازاری دەدام كاتێك دەمبینی بە هۆی ئەم یارییەوە دەیان گەنج تووشی قەرز و فێری شتی خراپ بوون.
وتیشی: ״هەرگیز لە قوماردا ئەو كەسەی قومار دەكات نایباتەوە، بەڵكوو براوە هەر ئەو كەسەیە كە خاوەنی پڕۆژەكەیە، بۆیە بە هۆی ئەم قومارەوە پارەیەكی زۆر دەڕواتە دەرەوەی كوردستان كە حساب ناکرێت.״
ئەم شوێنانەی قومارییان تێدا دەکرێت بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتییان نییە و ناوەناوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەو شوێنانە دادەخرێن یان سزا دەدرێن.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״هیچ قومارخانەیەك نییە لە هەرێمی كوردستان بە فەرمی مۆڵەتی لای ئێمە هەبێت״.
لە پێشدا پێویست بوو شوێنێک هەبێت بۆ ئەوەی پارە بدرێت و قومارەکە بکرێت یەکێک لەو شوێنە دیارانە ناوی ״ن. بێت״ بوو کە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی چەند لقێکیان هەبوو، بەڵام ئێستا بە هۆی ڤیزاکارت و بانکی ئەلیکترۆنی بەشێک وەک بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکانی تەلەفۆن لە ڕێگەی مۆبایلەوە دەتوانرێت گرەوەکە بکرێت، ئەمەیش هیچ پارەیەکی بۆ حکومەت نییە و تەواوی پارەکە بۆ دەرەوە دەڕوات.
بە پێی بەدواداچوونی ״ئاژانس״ لە بەشێک لەوانەی قومارەکە دەکەن و سەردانی مەیدانی بۆ چەند شوێنێک، ئەگەری هەیە ڕۆژانە بە بڕی 20 هەزار دۆلار قومار بکرێت، بەمەیش مانگانە دەکاتە 600 هەزار دۆلار و لە ساڵێکیشدا دەکاتە 7 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار.
ئەم بڕە پارەیە زۆر زیاتر دەبێت لە کاتی خولەکانی یاری ئەورووپادا، ئەگەری هەیە لە یەک ڕۆژدا بە بڕی 100 هەزار دۆلار یاری بکرێت.