ئاژانس
به تۆمه‌تى بڵاوكردنه‌وه‌ى بیرى توندوتیژى له كۆمه‌ڵگه‌دا، وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف هه‌شت مامۆستاى ئایینى له وتاردان دوور خستووەته‌وه و مامۆستایه‌كى ئایینییش پێى وایه دوورخستنه‌وه‌ى مامۆستایانى ئایینى به سیاسى كراوه.
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، له ماوه‌ی یانزه مانگى ڕابردوودا هه‌شت مامۆستای ئایینیى دوور خستووەته‌وه و به تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى بیرى توندڕه‌وییان بڵاو كردووەته‌وه و له ڕێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف لایان داوه، هاوكات له دواى درووستبوونى داعشیشه‌وه، دوو مه‌لاى كورد چوونه‌ته ناو داعش و هه‌ردووكیشیان كوژراون.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف بۆ ״ئاژانس״ى ئاشكرا كرد، له كوردستان به هۆى لایه‌نه سیاسییه‌كان و ئه‌و پێگه‌یه‌ى مامۆستاى ئایینى له‌ناو خه‌ڵكدا هه‌یه‌تى لێپرسینه‌وه لێیان ئاسان نییه. ئه‌و وتیشى: ״سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه، وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف له ماوه‌ى یانزه مانگى ڕابردوودا توانیویه‌تى هه‌شت مامۆستاى ئایینى به تۆمه‌تى بڵاوكردنه‌وه‌ى بیرى توندوتیژى له وتاردان دوور بخاته‌وه״.
به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، له كوردستان مامۆستاى ئایینى هه‌یه ته‌واو هاوبیره له‌گه‌ڵ داعش و گه‌نج و هه‌رزه‌كارانیش هان ده‌دات كه بچنه ناو داعشه‌وه.
به پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف، تا ئێستا 500 كه‌س له ناوچه جیاوازه‌كانى كوردستانه‌وه چوونه‌ته ناو داعش و له ناویشیاندا دوو مامۆستاى ئایینى هه‌ن و هه‌ردووكیشیان كوژراون، وه‌ك نه‌قشبه‌ندییش باسى لێوه ده‌كات، زۆرینه‌ى ئه‌و گه‌نجانه له‌ژێر كاریگه‌ریى بیرى توندڕه‌ویى مه‌لا ئایینییه‌كانه‌وه چوونه‌ته ناو داعش.
هه‌روه‌ها نه‌قشبه‌ندى وتیشى: ״حكوومه‌ت به هۆى بارودۆخى خراپى خۆى ئاگاى له مامۆستایانى ئایینى نه‌ماوه و زۆریشن ئه‌وانه‌ى توندڕه‌وى بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر بارودۆخ وا نه‌بوایه و حكوومه‌ت لێی بپرسینایهوه ئێستا زیاتر له 30 مه‌لاى ئایینیى تر ده‌چوونه ناو داعش.״ به‌ڵام مامۆستایه‌كى ئایینیى دوورخراوه ئه‌و قسانه‌ى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دوورخستنه‌وه‌ى مامۆستایانى ئایینى به سیاسی كراوه. سه‌لیم شووشكهیى، مامۆستاى دوورخراوه له وتاردان، به ״ئاژانس״ى وت: ״مامۆستایان به هۆكارى سیاسى دوور ده‌خرێنه‌وه و تۆمه‌تى توندڕه‌وییان ده‌درێته پاڵ.״
وتیشى: ״حزبه سیاسییه‌كان له جهماوهریبوونى مامۆستایانى ئایینى سڵ ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یانه‌وێت له خه‌ڵكیان دوور بخه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت كه ده‌ركه‌وت مامۆستایانى ئایینى له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له پێشه‌وه‌ى هه‌موو كاندیده‌كانى تره‌وه‌ن.״