ئاژانس – ڕاوێژ کامەران
خانمە ڕاگەیاندنکار هێلین ئاوات، ١٩ ساڵ، بە هۆی پڕۆگرامە کۆمەڵایەتییەکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە، لەم دیمانەیەیدا لەگەڵ «ئاژانس» باس لە کارەکانی خۆی دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆر حەزی بە سەمایە.
ئاژانس: چۆن بوو هاتنە ناو بواری ڕاگەیاندنەوە؟ کێ لەم بوارەدا هاوکارتان بووە و پێتان وایە بنەمای ڕاگەیەندنکاری سەرکەوتوو چییە؟
هێلین ئاوات: هەر لە منداڵییەوە حەزێکی زۆرم هەبوو بۆ پیشە و کاری ڕاگەیاندن، بەردەوام خوازیاری ئەوە بووم لە ڕێگەی پیشەکەمەوە سودێکی زۆر بگەیەنم بە کۆمەڵگە و کاتێکی خۆش بە کۆمەڵگەکەم ببەخشم. لەم کارەشدا خانەوادەکەم بە تایبەتیش باوکم هاوکارێکی سەرەکیم بووە، خۆشم بە شێوازێکی ئەکادیمی ڕاگەیاندنم خوێندووە و ئێستاش لەم بوارەدا کار دەکەم. بە ڕای من هەر خانمێک کە دێتە ئەم بوارەوە پێوستی بەوەیە پڕئەزموون بێت و چالاک بێت، چونکە ئەو بوارە کەسانێکی دەوێت کە زانیارییەکی گشتیی بەرفراوانیان هەبێت و کەسێکی بووێر و چاونەترس بن.
ئاژانس: لەسەر کارەکەت و دەرکەوتنت بە جلوبەرگی مۆدێرنەوە ڕووبەڕووی هیچ ڕەخنە و ڕێگرییەک نەبوویتەتەوە؟
هێلین ئاوات: بە دڵنیاییەوە لە هەموو کارێکدا ڕووبەڕووی ڕێگری و ناخۆشی دەبیتەوە، گرنگ ئەوەیە ئامانجی خۆت دیاریکراو بێت و بزانیت ئەو خاڵەی دەتەوێت پێی بگەیت چییە؟ کە تۆ زانیت چیت دەوێت و دەتەوێت بە چی بگەیت ئەوا ئەو شتانە ئاسایی دەبێت بە لاتەوە، بە دڵنیاییشەوە لەسەر جلوبەرگەکانم ڕووبەڕووی ڕەخنە بوومەتەوە، بەڵام هەوڵم داوە پۆشاک و جلوبەرگەکانم لەگەڵ کۆمەڵگە و سەردەمی ئێستادا بگونجێت و باڵانس ڕابگرم.
ئاژانس: هیچ پیاوێک لە ژیانتدا هەیە؟ مەرجت بۆ ئەو کەسە چییە کە لە داهاتوودا شووی پێ دەکەیت؟
هێلین ئاوات: نەخێر خۆشەویستم نییە و هیچ پیاوێک لە ژیانمدا نییە، من تاکە پیاوێک کە زۆرم خۆش دەوێت باوکمە، تەنانەت بە منداڵییش کاتێک باوکم نازی دایکمی بکێشایە یان هەر منداڵێکی دیکە، هیچ کات قبووڵم نەدەکرد، بەڵام بۆ ئەو کەسەی کە لە داهاتوو شووی پێ دەکەم دەمەوێت کەسێکی سۆزدار بێت، بتوانێت پیاوبوونی خۆیم بۆ بسەلمێنێت تا منیش پێی بڵێم پاڵەوانی منیت.
ئاژانس: جگە لە بواری ڕاگەیاندن حەز و خولیات چییە و بە چی دیکەوە سەرقاڵیت؟
هێلین ئاوات: من وەرزش دەکەم و زۆر حەزم بە مەلەکردن و یاریی یۆگا هەیە، جگە لەوەش زۆر حەز بە سەما دەکەم، هەرچەندە بە نیاز نیم بچمە بواری سەماوە و کاری تێدا بکەم، جگە لەوەی زۆر تەماشای فیلم دەکەم و ئارەزووی پیاسەکردنیش زۆر دەکەم. من ژیان زۆر بە جوانی دەبینم و چێژ لە هەموو ساتەکانی وەردەگرم، پێم وایە هەموو شتێکی ئەم ژیانە جوانە، زۆر شانازیش بەوەوە دەکەم کە کەسایەتییەکی بووێرم هەیە.
ئاژانس: وەک خانمە ڕاگەیاندنکارێک چۆن پارێزگاری لە جوانیی پێست و ڕووخساری خۆت دەکەیت؟
هێلین ئاوات: من زۆر گرنگی بە پێستم دەدەم، هەردەم حەز دەکەم بۆنێکی خۆش و نەرمی لە پێستمدا هەبێت و بۆ ئەوەیش بە شامپۆی ڕووخسار جەستەم دەشۆم، من کێشم ٥٨ کیلۆیە و باڵام مەترێک و ٦١ سانتیمەترە.