نیوەیان لە سنووری هەولێر بوون
ئاژانس – سەلام هانەدنی
لە دوای شەڕی داعشەوە، لە هەرێمی كوردستان هەزار و 326 كەس دەستگیر كراون لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە، بەرپرسە پەیوەندیدارەکانیش ئەو ئامارە بە مەترسیدار دەزانن و دەڵێن فکری داعش هەر ماوە و لە چەکەرەکردندایە.
بە پێی ئەو ئامارەی ״ئاژانس״ لە بەرپرسی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم وەریگرتووە، لە دوای نەمانی شەڕی داعش له ساڵی 2017ـهوه، لە هەرێمی كوردستان هەزار و 326 كەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر كراون بە جۆرێك، 666 كەس لە هەولێر، 5كەس لە سلێمانی، 376 لە دهۆك، 20 كەس لە سنووری دادگای تێهەڵاچونەوەی كەركوك/گەرمیان، 63 كەسیش لە سەرۆكایەتیی دادگای تاوانەكانی كەركوك/گەرمیان.
باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״وەك پەرلەمان و لیژنەكەمان ئامارێكی دەقیقمان لا نییە لەو بارەیەوە، چونكە ئەوە بابەتێكە پەیوەندیی بە ئەمنی نەتەوەییەوە هەیە و هێزە ئەمنییەكان بە ئاسانی ناتوانن ئەو ئامار و داتایانە بڵاو بكەنەوە.״
وتیشی: ״نابێت ڕێگە بدرێت لە هەرێمی كوردستان ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە بە ئازادی بسوڕێنەوە و هێزە ئەمنییەكان دەستگیریان بكەن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت لە هەرێم ئەو فیکرەیە چەكەرە بكات و شانەی نووستوو درووست بكرێت.״
بە پێی ئەو ئامارەی كە لەبەر دەستە، لە دوای نەمانی شەڕی داعش لە ساڵی 2016 بەدواوە، 784 كەس لە هەرێمی كوردستان سزا دراون و تۆمەتیان بەسەردا ساغ بووەتەوە، 111 كەسیش لە ئێستادا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و ژمارەیەكیش ئازاد كراون كە تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ نەكراوەتەوە.
مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״داعش ئێستا چالاكییان نەماوە ناتوانن بە ئاسانی خۆیان ڕێك بخەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی كوردستان فكری داعش هەر ماوە چەندین كەس هەن كە هاوخەمی و هاوسۆزییان بۆ دەردەبڕن.״
״چەندین كەس لە كاتی شەڕی داعش دەستگیر كراون كە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە یان ڕۆیشتوونەتە ناو ئەو گرووپە، بۆیە ئێستاش لە ڕووی فكری ماون و گەرای داناوە لای هەندێك، كە ئەمەش مەترسیی دەبێت لەسەر ڕێكخستنەوەی شانەكان. دەبێت هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییانیش هاوكار بن بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانە، بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان چەندین گەنج لەم ماوەیەدا چوونەتە ناو داعش.״ مەریوان نەقشبەندی وای وت.