شاڵاو حه‌بیبه
یه‌ک: بۆ له‌ومه‌دوا ده‌توانیت له‌ناو کۆڕی هاوڕێیهکانتدا زۆر ئاسانتر باسی هه‌موو کتێبه‌کان بکه‌یت و ڕاوبۆچوون ده‌رببڕیت. جاران ته‌نیا بۆت هه‌بوو باسی ئه‌و کتێبانه بکه‌یت که خوێندبووتنهوه، ئێستا ڕووبه‌ری قسهههڵدانهكانت به‌رفراوانتره.
دوو: له پڕ به‌رگی کتێبه‌کان و تایتڵهکانیان و جۆری فۆنتی سه‌ر به‌رگه‌کان که‌شف ده‌که‌یت. ته‌ماشا ده‌که‌یت تۆ کارامه‌یییه‌کی باشت له لێدوان ده‌رباره‌ی به‌رگی کتێب هه‌یه. به‌و ئاکامه ده‌گه‌یت، ئه‌وه‌ی چاک- به واتای زۆرگوتن- باسی به‌رگه‌که بکات، زیره‌کتره له‌و که‌سه‌ی خودی کتێبه‌که ده‌خوێنێته‌وه.
سێ: ده‌بینیت که‌متر په‌ڕه‌ی کتێبه‌کانت هه‌ڵداوه‌ته‌وه و که‌چی زۆرتر به‌رچاوی، چونکه به‌رده‌وام قسه ده‌که‌یت و چاودێره دهروونییهکهیشت له‌سه‌ر نه‌ماوه، که جاران نه‌یده‌هێشت هه‌موو قسه‌یه‌ک بکه‌یت. چاودێره‌که کتێب بوو، ئێستا ته‌نیا باسه‌که‌ی ماوه، که بۆ تۆ چێژبه‌خشتره.
چوار: زیاتر فیلم ده‌بینیت. که‌واته هه‌وڵ ده‌ده‌یت قسه‌ی زیاتر له باره‌ی سینه‌ماوه بکه‌یت. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ختێک ئه‌وه‌ش بشاریته‌وه که کتێب ناخوێنیته‌وه، نه‌ختێک پسپۆڕییانه قسه ده‌که‌یت. مه‌سه‌له‌ن دوور نییه بڵێیت فیلمه‌که‌ی له ڕۆمانه‌که‌ی باشتره. زۆر مه‌رجیش نابێت بۆت که ڕۆمانه‌که‌ت خوێندبێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت هاوڕێیه‌کانت ئاگایان لێته، که کتێب ناخوێنیته‌وه و ته‌نیا خۆت به فیلمه‌کانه‌وه مه‌شغووڵ کردووه. که‌چی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی- به سوتفه‌ی قادر- یه‌ک کتێب بتوانیت بخوێنیته‌وه، ده‌ست ده‌که‌یته‌وه به‌وه‌ی که نا ڕۆمانه‌که‌ی له فیلمه‌که‌ی جوانتره.
پێنج: ئاسانتر ده‌توانیت ڕه‌ت بکه‌یته‌وه. بێگومان کاتی تۆ له‌وه به‌نرختره بۆ زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ی ته‌رخان بکه‌یت که هاوڕێیه‌کانت باسی ده‌که‌ن، بۆیه هه‌ر ناوه‌که‌ی بگوترێت تۆ نیوهییت ڕه‌ت کردووه‌ته‌وه. به‌م جۆره وه‌ک زیره‌که‌که ده‌رده‌که‌ویت که زۆر شت نایجووڵێنێت.
شه‌ش: هه‌رگیز سه‌باره‌ت به هیچ کتێبێک ناڵێیت ئاگام لێی نییه، به‌م جۆره که‌واته ئاگات له هه‌موو کتێبێکه. ئه‌گه‌ریش که‌وتیته دۆخێکی سه‌دده‌رسه‌د نائهدهبییهوه، ئه‌وا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌ت بکه‌یته‌وه، هێرش ده‌که‌یته سه‌ر نووسه‌ره‌که‌ی، که هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه نه‌یزانیوه شت بنووسێت، به‌م پێیه‌ش بێگومان ڕۆژێک له ڕۆژان شتێکت له ویکیپیدیا لێ ههڵکڕاندوووه، بۆ ئه‌وه‌ی بیڕازێنیته‌وه.
حه‌وت: وه‌ک ئه‌و ڕه‌خنه‌گره ده‌رده‌که‌ویت که به‌رده‌وام گله‌یی له نه‌بوونی کتێبی باش ده‌کات. بۆیه ڕووش ده‌دات کتێبت بۆ بنێرن که بۆیان هه‌ڵبسه‌نگێنیت. تۆش تا بێزهمیرانهتر قسه بکه‌یت ئه‌دیبانه‌تر ده‌رده‌که‌ویت. ئه‌گه‌ریش سوتفه گوتت “باشه”، دوای ئه‌وه یه‌کسه‌ر “به‌ڵام”ـی پێدا ده‌که‌یت. ناوت به‌وه ده‌ڕوات که فڵان که‌س هیچی به دڵ نییه، تۆیش باڵای پێ ده‌که‌یت. وا ده‌زانی که‌سیش ئاگای لێت نییه که ڕاستییه‌که‌ی دنیات نه‌دیوه تا به دڵت بێت یان نا.
هه‌شت: ڕوو ده‌دات داوا له تۆ بکه‌ن که پێشنیاری خوێندنه‌وه‌ی کتێبیان بۆ بکه‌یت. ئه‌مه‌یان به ته‌نزه‌وه ناڵێم، زۆر به‌ڕاستمه؛ هه‌ر به جددی کاتێک که‌سایه‌تییه‌کی ئه‌ده‌بیی له‌م چه‌شنه بۆ خۆت درووست ده‌که‌یت، ده‌بیت به كارمه‌ندی باڵای ئاراسته‌که‌ری کتێبخوێندنه‌وه، بۆیه داوای لیستی کتێبت لێ ده‌که‌ن، به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر ئه‌و خوێنه‌ره‌ی تۆ کتێبی بۆ پێشنیار ده‌که‌یت. کێشه‌که ئه‌وه‌یه ئه‌مانه ته‌نیا من ده‌یانزانم، گرنگ تۆ چێژی خۆت ده‌به‌یت. پیرۆزه.